ناوەندی هەواڵەکان
ڕووها حسێن سەرپەرشتیاری بەرهەم، لە فیلمی سینەمایی “نامەکان لە شنگال” ئاشکرای دەکات، کە لە ٣ـی ئاب نمایش دەکرێت، هەروەها دەڵێت: لەهەمان شوێنی ڕووداوەکان تۆمارمان کرد، شەڕڤانانی ناو فیلمەکەش هەمان پاڵەوانانی ڕاستی بوون، هەروەها لە چیرۆکی فیلمەکەدا ڕۆڵی ژن و دایکانی شنگال، ڕۆڵێکی سەرەکی بوو، کە چۆن بەرخۆدانیان کردووە و توانیان شنگال و کۆمەڵگەی خۆیان سەرلەنوێ دابمەزرێننەوە.
فیلمی سینەمایی “نامەکان لە شنگال”، لە هەمان شوێنی ڕووداوەکانی فەرمانی ٧٤مینی سەر ئێزدییەکان تۆمارکراوە، لەلایەن کۆمەڵەی فیلمی ڕۆژئاوا، کۆمپانیای سینەمایی کورد (نوژیان فیلم) کاری بەرهەمهێنانی بۆکراوە، لە دەرهێنانی هونەرمەندی کورد، دەرسیم زێرەڤانە و لەلایەن بەرهەمهێنەری سینەمایی کورد ڕووها حسێن، سەرپەرشتی کاری بەرهەمهێنانی فیلمەکەی کردووە، ئەو لە بارەی تۆمارکردن و ناوەڕۆک و چیرۆکی فیلمەکە و وادەی نمایشکردنی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.
٣ـی ئاب نمایش دەکرێت
ڕوها حسێن وتی: فیلمەکە لە ٣ـی ئابی ئەمساڵ لە فێستیڤاڵێکدا لە وڵاتی ئەڵمانیا نمایش دەکرێت، دواتر بۆ تەواوی گەل لە هەموو ناوچەیەک نمایش دەکرێت، لەساڵی ٢٠١٨وە، دەستمان بە بەرهەمهێنانی فیلمەکە کردووە و ماوەیەکی زۆری پێچوو تا کاری وێنەگرتن و مۆنتاژی تەواوبوو، چونکە دەمانویست وەکو ئەو بارودۆخە بێت کەڕووی داوە، فیلمەکە لەسەر ڕەنجی شەهیدانی شنگال و ئەو شەهیدانەی لە کاتی بەرهەمهێناندا لەگەڵمان بوون و دواتر لەشەڕی ڕۆژئاوای کوردستاندا شەهیدبوون بەرهەم هێنراوە، بۆیە پێش هەموو شتێک سەری ڕێز و نەوازش لەبەردەمیان دادەنەوێنین.
لەهەمان شوێنی ڕووداوەکان تۆمارمان کرد
لەبارەی ناوەڕۆکی فیلمەکەوە وتی: تایبەتمەندێتی ئەم فیلمە زۆر جیاوازە، بەختی ئەوەمان هەبوو ئەو سیناریۆیەی کە ئامادەکرابوو، هەر لە هەمان شوێنی ڕووداوەکان تۆماری بکەین، ڕەنگە چەندین فلیمی دیکە لەسەر شنگال بەرهەمهێنرابێت، بەڵام ئەو شانسەیان نەبوو، کە لەناو شنگالدا بەرهەمی بهێنن، ستافێکی پرۆفێشناڵ لە گەل و کەسانی ئینتەرناسیۆنال لەچەندین وڵاتی جیاواز و هەر چوار پارچەی کوردستانەوە بەشدارییان لەتیمی دەرهێنادان کرد.
کەس ماندوو نەبوو
ئاماژەی بەوەشدا، لەکاتی تۆمارکردنی فیلمەکەدا کەس ماندوو نەبوو، چونکە هەمووان هاوکار بوون، گەل و ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەریی شنگال و گەلی ڕۆژئاوای کوردستان، هەموو شتێکی ماددیی و مەعنەوییان دابین دەکرد، هەموو کەس دەیوت چیمان لە دەستبێت دەیکەین، دەبێت ڕاستینەی کۆمەڵکوژیی و ئازار و بەرخۆدان و سەرکەوتنی شنگال لەم فیلمەدا پیشانبدەین.
پێ بە پێی ژیانی ئێزدییەکان کارمان دەکرد
باس لەوەش دەکات، پێ بە پێی ژیانی ئێزدییەکان کارمان دەکرد، هیچ هەوڵمان نەدا کە خەڵک بهێنین، لە بۆنە و جەژنەکانیاندا بەپێی دەرهێنانی ئێمە ڕۆڵ بگێڕن، بەڵکو هەر لەو ڕۆژانەی کە بەڕاستی جەژن و بۆنەیان هەبوو، ئێمە کارمان دەکرد، لەهەر شوێنێک کە دیاریمان دەکرد بۆ گرتەکان ڕاستینەی ئەو بارودۆخەی شنگال دەربخات، هەموو کەس هاوکاری دەکردین و دەرگای ماڵەکانیان بۆ واڵا دەکردین، دەیانویست هەموو مێژووی ئەو ڕووداوانەی بەسەریاندا هاتووە زیندوو ببنەوە، ئەو سەرکەوتنانەی بەدەستهاتوون، بۆ نەوەکانی دوای خۆیان بمێنێتەوە و لەبەرچاویان بێت.
ئەو سوارچاکانەی پێ بە پێ شەڕیانکرد بۆ ئازادکردنی شنگال
لەبارەی جیاوازیی چیرۆکی کۆمەڵکوژیی ئەمجارەوە وتی: زۆر کۆمەڵکوژیی بەسەر ئێزدییەکاندا هاتووە و مێژوویەکی پڕ لە ئازاریان هەیە، لەهەموو کۆمەڵکوژییەکان گەل لەناودەبرا و ئاوارە دەبوو، بەڵام جیاوازی ئەم کۆمەڵکوژییە ئەوەیە، کە گەل پێشەنگایەتی کرا و پارێزرا، بوونە ڕێگر لەبەردەم قڕکردنی ئێزدییان و لە ئەنجامدا سەرکەوتن بەدەستهاتووە، گەر گەل پێشەنگێکی هەبێت و بیپارێزێت ئەوا بەدڵنیاییەوە سەرکەوتن مسۆگەر دەبێت، گەلیش دەیوت ئەمجارە هێزی پاراستنمان هەیە، سوارچاکمان هەیە کە لەسەر چیا بەرزەکانەوە هاتوون، لەبنەڕەتیشدا سیناریۆی فیلمەکە لەسەر ئەو سوارچاکانە نووسراوە، کە پێ بە پێ شەڕیان بۆ ئازادیی شنگال و پاراستنی گەل کرد، توانییان ئەنجامی ئێش و ئازار بگۆڕن بە سەرکەوتن.
بەڵگەی ڕاستینەی کۆمەڵکوژیی شنگالە
لەبارەی گرنگی فیلمەکەوە وتیشی: لەم چەند ساڵەی دوایی کۆمەڵکوژییەکەدا، گەل بۆ پاراستنی خۆی و خۆبەڕێوەبەری خۆی و مافە ڕەواکانیان، هێزی پاراستن و سەربازیی دامەزراند، چونکە بینیان گەر هێزی خۆتت هەبێت ئەوا دەتوانیت خۆت بپارێزیت، گەل دەیویست ڕاستینەی ڕووداوەکان و هێزی خۆپاراستنی خۆی پیشانبدات، ئەم فیلمە لەهەمانکاتدا وەکو بەڵگەکردنی ڕاستینە ئەو کۆمەڵکوژییەیە کە لەشنگال ڕوویدا، کێ شنگالی ڕزگارکرد و گەلی پاراست؟
تۆمارکردنی فیلمەکە زۆر سەخت بوو
باس لە سەختییەکانی تۆمارکردنی فیلمەکە دەکات و دەڵێت: لەکاتی بەرهەمهێنانی فیلمەکەدا زۆر ئازار دروستبوو، چونکە کۆمەڵکوژییەکە ساڵی ٢٠١٤ بوو، بەرهەمهێنانی فیلمەکەش ساڵی ٢٠١٨ بوو، هێشتا ئازاری ئەو ڕۆژانە لە بیرنەچووبوونەوە، زۆرجار کە خەریکی ڕیکۆرد بووین داوامان لە خەڵکی دەکرد وەرن بەشداربن، کامێراکانمان دەوەستاند، چونکە هەموو کەس بێتاقەت و خەمبار دەبوو، کاتێک ئەو ئازارەیان دەهاتە پێش چاو نەیاندەتوانی خۆیان بگرن و زۆر سەختبوو بۆیان.
شەڕڤانانی ناو فیلمەکە پاڵەوانانی ڕاستی بوون
خاڵێکی سەرنجڕاکێشی باسکرد و وتی: ئەو شەڕڤانانەی کە ڕۆڵی یەپەگە، یەپەژە، هەپەگە و یەژاستار دەگێڕن لە ناو فیلمەکەدا ساتی کۆتایی پرۆسەی ڕزگارکردنی شنگال، لە ڕاستیشدا هەر شەڕڤانانی ئازادیی بوون و هەمان ئەو کەسانە بوون کە لە ناو ڕووداوەکاندا بوون، بۆیە لە فیلمەکەدا هەر کەسێک بەپێی کاری ڕۆژانەی خۆی کە چۆن شەڕ دەکەن ڕۆڵی دەگێرا، بۆ ئەوەی وەکو ڕاستی بارودۆخەکە بێت.
بەرخۆدانی ژن
لەکۆتاییشدا وتی: لە چیرۆکی فیلمەکەدا ڕۆڵی ژن و دایکانی شنگال، ڕۆڵێکی سەرەکی بوو، کە چۆن بەرخۆدانیان کردووە و توانیان شنگال و کۆمەڵگەی خۆیان سەرلەنوێ دابمەزرێننەوە، ئەمڕۆش دەبینین هێزێکی بەرخۆدانن، لەکاتی بەرهەمهێنانی فیلمەکەشدا بەهاوکاریی و خزمەتەکانیان ڕۆڵی خۆیان گێڕا.
ب.گ
Comments are closed.