سیهام ڕۆژ
٢٨ ساڵ پێش ئێستا، یەکێتی ئەوروپا، پەیماننامەی یەکێتی ئابووری ئەوروپای ڕاگەیاند، ئەوەش وایکردووە، کە لە تەواوی جیهان نا دادپەروەری بەرپا بکات، ئاشکرایە ئەو سیاسەتە وڵاتە هەژارەکان هەژارتر دەکات و هەموو سامانە سرووشتییەکانیان لەلایەن وڵاتە سەرمایەدارەکانەوە دەبردرێت و خۆیانی پێ دەوڵەمەندتر دەکەن.
ئابووری بێگومان بابەتێکی ژیانییە، بەتایبەتی پەیوەستە بەبژێوییەوە، بۆ بەردەوامییدان بە ژیان پێویستی بە ئابووری هەیە، بەڵام ئەو ئابوورییەی کە هەلی کار و سامان دەهێنێتە ناو سێکتەرە سەرەکییەکانی جیهان، دەبێتە دوژمنی بژێوی مرۆڤایەتی و ژیانێکی ئارام.
ئەو راستییە لە سەرچاوەی سیستەمی ئابووری جیهانی، بە تایبەت لە سیستەمی دەوڵەتاندا ئاشکرا بووە.
لەساڵی ١٩٩٥دا، یەکێتی ئەوروپا، پەیماننامەی یەکێتی ئابووری ئەوروپای ڕاگەیاند، لەسەرەتا وا باس کرا، کە ئامانجی ئەم پەیماننامەیە تایبەتە تەنها بەو وڵاتانەی لەناو یەکێتی ئەوروپا بەشدارن، چارەسەری کێشە و قەیرانەکانی ئابووری ئەو وڵاتانە دەکات، بەڵام لە ڕاستییدا ئەم پەیماننامەیە سیاسەتێکی شاراوە بوو، بۆ ئەوەی لەسەر پشتی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکای لاتین، ئاسیا و ئەفریقا، سامانەکانیان ببات و خۆی دەوڵەمەند بکات.
لە سەختترین بارودۆخدا کاریان دەکرد
ئابووری لە ئەوروپادا وەکو سێکتەرێکی ناوەندی بە ڕێکخستن کراوە، مارکەکانی (Adidas, Jeans, Zara, Rolex, Toyota) دەیان کۆمپانیا و کارگەی دیکە لەخۆدەگرێت، بەهۆی زۆری بێکاری لەو وڵاتە هەژارانە، پێویستییان بە کارکردنی بەردەوام هەیە، بۆ بەدەستهێنانی چەند قروشێک تا بژێوی خۆیانی پێ دابین بکەن، ئابووری ئەوروپاش لەسەر پشتی ئەو وڵاتە هەژارانە بەڕێوەدەچێت.
وڵاتە هەژارەکان وەک بەنگلادش، تایلەند، ڤێتنام، کەمبۆدیا، کۆلۆمبیا، ئەفغانستان، پاکستان، هیندستان و چەندین وڵاتی دیکە.
ئەو وڵاتانەی هەژارییەکی زۆریان هەیە، ناچارن ڕێگەیەک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی بتوانن بژێوی ژیانی خۆیان پەیدابکەن، زۆرتر قوربانیی ئەو دۆخەش ژنان و منداڵانن، منداڵان لە وڵاتە هەژارەکاندا دەنێردرێن بۆ کارکردن، تەنانەت ئەگەر ڕێککەوتنی کارنەکردنی منداڵانیش واژۆ بکەن، بەڵام جێبەجێی ناکەن، بەم مانایە هەزاران منداڵ لە کارگەکاندا کاردەکەن، کە ئەوروپا دەوڵەمەند دەکەن، هەژارەکانیش خۆیان هەژارتر دەکەن و دەوڵەمەندەکانیش بەدوای زیاتردا دەگەڕێن.
ئەڵماسی خوێن لە ئەفریقا
ئەفریقا یەکێکە لەو کیشوەرانەی، کە تا ئەمڕۆش بێ دەسەڵاتکراوە، لە ئەفریقا ژێرزەمین پڕە لەمادەی گرانبەها وەک ئەڵماس، زێڕ، زیو، نەوت، بەڵام هەژارترین کیشوەرن و خەڵکەکەی لە برسێتیدا دەمرن، شەڕێک لە نێوان وڵاتان لە جیهاندا دەگوزەرێت، نوێترین نموونەش لەنێوان فەڕەنسا و نەیجیریایە، هۆکار و ئامانجی فەرەنسا، کە وڵاتێکی ئەوروپییە، لە بنەڕەتدا ئابوورییە، ئەوان تەواوی سامانی ناوچەکەیان دەوێت.
جارێکی دیکە، زۆرینەی ئەڵماسی جیهان، کە سەرچاوەکەی ئەفریقایە، لێیان دەدزرێت و دەنێردرێتە ئەوروپا، شوێنی هەڵگرتنی ئەو ئەڵماسانەش لە هۆڵەندایە.
سیاسەتی نەوت، ئاو، زێڕ و زیو لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
بێ گومان ئەمڕۆ شوێنێک ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئێمە هەبێت و دەکرێت ژیانمان بە ئاراستەی دیکەدا ببرێت یان پێچەوانە بکرێتەوە ئەوە ناوچەکانمانە، بەڵام ناوچەکەی ئێمەش لەژێر هەڕەشەی سیاسەتی ئابووری ئەوروپادایە، هەمووان دەزانن ئەو ناوچەیەی زۆرترین نەوت و ئاوی شیرین و زێڕ و زیو و زەوی بەپیتی تێدایە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لەسەر ئەو بنەمایە سیاسەتێکی ئابووری قورسی ئەوروپا لەناوچەکە بەڕێوەدەچێت، کە هێندە شەڕ و کوشتن و تاڵانکردنی هێناوە.
هیچ وڵاتێک نەماوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە ئەوروپا دەستێوەردانی تێدا ئەنجام نەدابێت، بۆ ئەوەی سامانی ناوچەکە بۆ خۆی کۆبکاتەوە و میللەت ڕاستی بارودۆخەکەی بۆ ئاشکرا نەبێت، چەک و کردنە دوژمنی یەکدی وڵاتان بەکاردەهێنێت، کاتێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شەڕ و ئاڵۆزیی و قەیران درووستدەبێت، سامانی ناوچەکە دەبەن، ئەوەی بۆ ناوچەکە دەمێنێتەوە هەژاربوونی زیاترە.
ڕێبەر ئاپۆ بە ئابووری هەرەوەزی چارەسەری ئەو کێشەیە دەکات
عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد، زۆرجار سەرنجی لەسەر ئەو بابەتانە هەبووە و ڕایگەیاندووە، بۆ ئەوەی بە کوشتن و تاڵانی زیاترەوە نەژیت، گرنگە کۆمەڵگە بگەڕێتەوە بۆ خۆی، هەڵسێتەوە سەر پێی خۆی، خۆی بەڕێوەببات و ئابوورییەکی هەرەوەز دروست بکات، هەر بەو هۆیەشەوە پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتی پێشکەش بە جیهان کرد، لە کتێبەکانیدا ڕێگە و ڕێبازی دەربازبوون لەو ئاڵۆزییانە ئاشکرا کرد.
ئابووری بۆ کۆمەڵگە ئەوەندە پێویستی پێیەتی، کە خزمەتی بکات، ئابووری لەلایەن کۆمەڵگەوە بەڕێوەدەبرێت، بەرهەم و دەستکەوتەکانی دەچێتە ماڵی هەموو هاوڵاتییەکەوە، لەو کاتەشدا بە هەژاری و بێکاری و برسی نامێنێتەوە.
ئ.م
Comments are closed.