شۆڕش خدر: لەکۆنفرانسی لۆزاندا جەخت لەسەر ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان کرایەوە

باران گەرمیانی

شۆڕش خدر، ئەندامی کەنەکە لە باشووری کوردستان، باس لە تەوەرە گرنگەکانی کۆنفرانسی لۆزان دەکات و دەڵێت: وێرای بەربەستەکان ستراتیژییەتێکی نەتەوەیی هاوبەشمان داڕشتەوە و وەکو سیستەمێکی جێگرەوە بۆ گەلانی ناوچەکە کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی خرایەڕوو، هەروەها هەمووان کۆدەنگ بوون لەوەی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان، قۆناغێکی نوێ لە سیاسەتی ناوچەکە و خەباتی بزووتنەوەی ئازادیی گەلی کورد بەدیدێنێت.

لە ڕۆژانی ٢٢، ٢٣ و ٢٤ى مانگی ڕابردوو،  لە شاری لۆزانی وڵاتی سویسرا، بە بەشداری پارت و ڕێکخراوە کوردستانییەکان و ژمارەیەکی زۆر لە ئەکادیمیست و یاساناس و ڕووناکبیر و کەسایەتییە دیارەکانی کورد و نوێنەری پێکھاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان و ژنان جگە لە پەدەکە، کۆنفرانسی ١٠٠ ساڵەی لۆزان، بە سەرپەرشتى کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە بەسترا.

شۆڕش خدر، ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد-کەنەکە لە باشووری کوردستان و یەکێک لە بەشداربوانی کۆنفرانسەکە لە میانی چاوپێکەوتنێکیدا بۆ ڕۆژنیوز، باس لە تەوەرە گرنگەکانی دەکات.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

لە کۆنفرانسەکەدا سەرکۆنەی پەیماننامەی لۆزان کرا

شۆڕش خدر، لە سەرەتای قسەکانیدا باسی لە چۆنییەتی بەڕێوەچوون و بڕگەکانی کۆنفرانسەکە کرد و وتی: کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، بەپێویستی زانی لە تێپەڕبوونی ١٠٠مین ساڵی پەیماننامەی لۆزاندا، سەردانی هەموو لایەنەکان و کەسایەتی و ڕێکخراوەکان بکات لە هەر چوارپارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات، کە بتوانین لە بەرامبەر ئەو پەیماننامەیدا ستراتیژێکی هاوبەشی نەتەوەیی دابڕێژین، کە پێشنیار و پلانیان هەبێت، توانیمان لە ساڵڕۆژەکەیدا بە ئامادەبوونی نوێنەری زیاتر لە ٧٥ پارتی سیاسیی و کەسایەتیی دیار، کۆنفرانسێکی مەزن ئەنجامبدەین و سەرکۆنەی ئەو پەیماننامەیە بکەین، لە چەندین سمینار و پانێڵی زانستییانەدا زەرەرەکانی پەیماننامەکە بۆ کورد و نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکە و بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زەرەرانە چی بکرێت باسی لێوەکرا.

داواکرا قەرەبووی کورد و نەتەوەکانی دیکە بکرێتەوە

شۆڕش ئاماژەی بەوەدا، لە کۆنفرانسەکەدا زیاتر گرنگی بەسێ تەوەری سیاسیی، یاسایی و مرۆیی درا، لە کۆتا ڕۆژیشدا یاداشتێکی ١٠ خاڵی ئامادەکرا، کە ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانیی لەبەرچاو گرتبوو، یەکێک لەو خاڵانەش قەرەبووکردنەوەی نەتەوەیی کورد بوو لەلایەن ئەو وڵاتانەی بەشداری پەیماننامەکە بوون، داواکرا ببنە ئەندام لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، ئەم بڕیارە هەموو ئەو دەوڵەتانە پابەند دەکات بەو جینۆسایدانەی، کە لە ماوەی ئەو ١٠٠ ساڵەدا بەسەر نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکەدا هاتووە و قەرەبوو بکرێنەوە.

ئێستا کورد خاوەنی پڕۆژەی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتییە

شۆڕش خدر، باس لەوە دەکات، کە سیستەمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیی وەکو چارەسەر و جێگرەوە بینرا و وتی: لە هیچ یەکێک لە بەندەکانی پەیماننامەکەدا ئاماژە بەوە نەکراوە کە دوای تێپەڕبوونی ١٠٠ ساڵ، پەیماننامەکە هەڵوەشێتەوە، دەوڵەتی تورکی داگیرکەریش خۆی وەکو زەرەرمەند دەبینێت و دەیەوێت میساقی میللی نوێ بکاتەوە، پەیامی ئێمەش ئەوەبوو، کە کورد یەکگرتووە و خاوەنی مێژوو و کەلتووری تایبەت بە خۆیەتی، تورکیا ناتوانێت ئەو خەونەی بە ئەنجام بگەیەنێت، کورد وەکو پێشتر نییە، ئێستا خاوەن پڕۆژەیەکی گشتگیرە، کە هەموو پێکهاتە و ئاینەکان لەخۆ دەگرێت، ئەوەش کۆنفیدرالیزمی دیموکراتییە، کە بەڕێز ئۆجالان پێشکەشی کردووە بە نەتەوەکان لە پێناو ئاشتیی و پێکەوەژیان.

بە ئازادبوونی ئۆجالان قۆناغێکی نوێی چارەسەریی دەستپێدەکات

بابەتێکی گرنگی کۆنفرانسەکە ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان بوو، لەو بارەیەوە شۆڕش خدر وتی: هەمووان کۆدەنگ بوون لەسەر ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان، کە بە ئازادبوونی قۆناغێکی نوێ لە سیاسەتی ناوچەکە و خەباتی بزووتنەوەی ئازادیی گەلی کورد پێشدەخات، گرنگی تەواوی پێدرا، کە پێش مەرجی ئاشتیی و ئارامییە بۆ ناوچەکە.

ئەو پەیماننامەیە هیچ بەهایەکی سیاسیی، یاسایی و ئەخلاقیی نییە

وتیشی: بەدەر لە نەتەوەی کورد، چەندین نەتەوە و پێکهاتە و کەسایەتیی بیانیی دیکە، لە کۆنفرانسەکەدا بەشداربوون، یەکێک لەوانە سەرۆکی شارەوانی لۆزان بوو، کە لە وتارێکدا ئاماژەی بەوەدا، ئەو پەیمانەی سەپێندراوە بەسەر گەلی کورد دا، هیچ بەهایەکی سیاسیی، یاسایی و ئەخلاقیی تێدا نییە، پێویستە ئەم بڕیارە پێداچوونەوەی پێدا بکرێت، دەوڵەتانی زلهێز ناتوانن بەم شێوەیە جیهان بەڕێوەببەن، بارودۆخیان لە کورد باشتر نییە و لەناوخۆدا پڕن لە شەڕ و ناکۆکی.

هەندێک لایەن پڕۆژەی نەتەوەییان نییە

سەبارەت بەو ڕێگریی و ڕەخنانەی بوون بە بەربەست لەبەردەم بەستنی ئەو کۆنفرانسەدا شۆڕش خدر وتی: وەکو کەنەکە، ڤیتۆمان لەسەر هچ کەس و لایەنێک نییە، داوامان لە هەموو لایەنەکان کردووە کە بەشداربن لەکۆنفرانسی نەتەوەیی، هیچ سنوورێکمان دیاری نەکرد بۆ لایەنەکان کە بەشداربن یان نا، تەنانەت وێڕای لایەنە سیاسییە کوردییەکان، هەموو پێکهاتەکانی دیکەش بانگهێشتکراون، بەڵام هەندێک لایەن نەک بەشدارییان نەکرد بەڵکو دژایەتیی کۆنفرانسەکەشیان کرد، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە خەمخۆری گەل نەبوون، نەیانویستووە کە ببن بە پڕۆژەیەکی نەتەوەیی.

کۆنفرانسێکی سەرکەوتوو ئەنجامدرا

شۆڕش خدر، ئەندامی کەنەکە، لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، لە ١٠٠ ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا، چالاکییەکی بەوشێوەیە نەبووە، توانیمان لەناو جەرگەی ئەورووپا، سەرەڕای بەربەست و ئەو دژایەتی کردنانەی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا کرایە سەر کۆنگرەی نەتەوەیی کە ئەم کۆنفرانسە ئەنجام نەدرێت، بە هەوڵ و تێکۆشانی هەڤاڵانی ئەورووپا و بەشەکانی دیکە، توانیمان کۆنفرانسێکی سەرکەوتوو ئەنجام بدەین.

ب.گ

Comments are closed.