بۆردوومانی درۆن و درۆکانی پەدەکە

هەڵمەت زاگرۆس

لەدوای کۆبونەوەی ھلسنکی ناتۆ، بۆ تاوتوێکردنی سیاسەتی ناتۆ لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و ئەندامێتی سوید و دۆزی کورد و ھەڵبژاردنەکانی تورکیا و قسە لەسەر بەردەوامی سەدەی دووەمی سیستەمی دەوڵەت نەتەوە و لۆزان، بڕیاری مانەوەی ئەردۆغان و دەست ئاواڵایی قڕکردنی کوردیان لەبەردەوامی ژیانی سیاسی ئەردۆغاندا داوە، بەڵام لە بەرامبەردا کوردان بێ بەرخۆدان و پاراستن نەماون و لە ئاستی بڕیاری شەڕی قڕکردنی ناتۆدا پاراستنی ڕەوا و ئەکتیڤیان پێشخستوە.

بەردەوامی شەڕەکانی دەوڵەتی تورک و ھێرشەکانی و تێکشکانی و زاڵی شەڕڤانان و گەریلاکانی کورد لە گۆڕەپانی شەڕدا، دەوڵەتی تورکی ھار و تارو مار کردوە، پەیامی “تا ئێمە نەڵێین کۆتایی ھات کۆتایی نایەت، ئێمە تازە دەستمان پێکردوە”ـی گەریلا، ھەڵگرو پەیامدەری ئەو تێکۆشان و بەردەوامی خۆپاراستنەیە کە گەریلا سەرکەوتوە، بۆیە دوژمن ترساوە، لەچی؟ لە گۆڕەپانی شەڕ، لە گۆڕەپانی ڕۆژئاوا، لە گۆڕەپانی شەنگاڵ، لە گەمارۆدانی لە عیراقدا. لە تێکشکانی لە ناوخۆو باکوری کوردستاندا، لە کاریگەری دەنگدانەوەی سەرکەوتنەکانی شەڕی گەریلایی، لە بەرزکردنەوەی ئاستی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی.

باشوری کوردستان، بە فراوانی لەناو شەڕێکی گەرم و نەرمی تایبەتدایە. ھێڵی خیانەت لەترسی تێکشکانی سوپا و دەوڵەتی تورک، زەندەقی چوە. بە بێ ئەخلاقانەترین شێوە لە ڕێگەی تۆڕە سیخوڕی و خۆفرۆشیەکانەوە سیخوڕی بڵاو دەکاتەوە و خزمەت بە کوشتاری بەکۆمەڵی دەوڵەتی تورک دەکات. ئەو تۆڕە سیخوڕیە بە ھێزی پەدەکە، میت خەریکی کاری ڕێکخراوە. ترس لە مردن، لەناوچون و کۆتایی بەکرێگیراوی لەباشوری کوردستانەوە، دۆخی مەرگی ئەو تۆڕە داگیرکاری سیخوڕیە دەنەخشێنێت. بێگومان کاریگەریەکانی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد و سیاسەتی خراپکاری پەدەکە و ھاوکاری بۆ دەوڵەتی تورک، کۆمەڵگەی باشوری ھەم توشی قەیران، ھەم توشی کاردانەوەی دژبەر و تۆڵەسێنانە کردوەتەوە. ناڕەزایەتیەکانی باشور بە ئاستی تاسەر ئێسقان و تەقینەوە گەیشتووە.

گۆڕەپانی باشوری کوردستان پێویستی بە لێوردبونەوە و بەخۆداچونەوەھەیە، لەسەر چەندین ئاست؛

١-لەسەر ئاستی کۆمەڵگە، پێویستە کۆمەڵگەی باشور بەخۆدا بێتەوە و ھێڵی خیانەتی پەدەکە و ھاوکارانی باش بناسێت و لەقاوی بدات، کە نەک ھاوکاری دەوڵەتی تورکە، بەڵکو ھێزی ڕاگرتنی دەوڵەتی تورک و مانەوەی زوڵمە لەسەر کوردان. ئەوە پەدەکەیە کە ھیچ سیاسەتێکی کوردێنی قبوڵ ناکات و بەناوی کوردایەتی ساختەوە دەیەوێت ھەرچی دەسکەوتی گەلی کورد ھەیە، لەناوی ببات. بۆیە نەک وەک ھێزێکی سیاسی بونی نیە! بەڵکو تۆڕێکی سیخوڕی بنەماڵەیی بەڵتەجێتی لۆمپەنە.

٢-لەسەر ئاستی ھێزە سیاسیەکان؛ پێویستە خۆیان لە ژێر ھەژمونی پەدەکە و گەمە سیخوڕیەکانی ڕزگار بکەن و ئیتر بە پەدەکە بڵێن بوەستە. بە ڕاوەستاندنی پەدەکە، باشوری کوردستان لە زوڵم، پارچەگەری و پەرەپێدانی سیخوڕی ڕزگاری دەبێت. بۆیە گرنگە ھێزە سیاسیەکان خۆیان بەھێزبکەن و لەگرێی ئۆدیبی ترس لە پەدەکە خۆیان ڕزگار بکەن و یەکیەتی ھێزە سیاسیەکان و یەکیەتی نەتەوەیی و پرەنسیپە ئەخلاقیەکانی تێکۆشانی ئازادی و دیموکراتیکی کوردان و پاراستنی تێکۆشانەکەی بکەنە سەرچاوەی ھەبون و پەیوەندیە جیاوازەکانی ناوخۆیی و دەرەکی.

٣-لەسەر ئاستی ڕێکخستن و تێکۆشانی ئازادی، پێویستە لە خۆپاراستنی پاسیڤ و گوێنەدان بەپرسەکانی کورد لە باشور و عیراقدا بێنە دەرەوە و ببنە ھێزی ئەکتیڤ لە چوارچێوەی چارەسەری دیموکراتیکانەی پرسی کورد لە عیراق و ناوچەکەدا. دەستوری عیراق، بەکەموکوڕیەکان و چاوەڕوانیە جیاوازیەکانیەوە، دەتوانرێت بۆ چارەسەری پرسی کورد چالاک بکرێت و لەپاڵ کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا پەرەی پێبدرێت. یاساکانی سزادانی عیراقی یەکێک لەو دەروازە یاساییانەیە کە دەتوانرێت بۆ ڕاگرتنی ھێرشی دەوڵەتی تورک و سزادانی ئەو ھێزە سیاسیانەی کە ھاوکاری ھێز و دەوڵەتە دەرەکیەکان دەکرێت، بۆ تێکدانی ئاسایشی گشتی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و تێکدانی باڵادەستی وڵات. ئەگەر ھاوکاری ھێزە ناوحۆییەکان لە ڕێگەی ھێزی چەکدار و سەربازیشەوەبوو ئەوا پرسەکە قورستر و لێپرسینەوە کاریگەرتر دەبێت، تائاستی سزای ڕاگرتن و قەدەغەکردن و سزای قورس بەسەر ئەو کەس، لایەن و ھێزە سیاسیەکەدا.

بێگومان کارکردن لەسەر ئاستی کۆمەڵگە ونبونیادی دەوڵەت و یاسا و نەرمکردنیان، ئەرکی ھەر تێکۆشانێکی سیاسیە و ڕێگەی گونجاوە بۆ ھاتنە دەرەوە لەم قەیران و گێژاوە. گرتنە دەستی ڕێبازاکانی تێکۆشان بۆ بێکاریگەر کردنی داگیرکاری و کۆمەڵکوژی کوردان و تێکدانی ئاسایشی عیڕاق، ئەرکی شۆڕشگێڕی و ڕانەوەستاوی ھەر تێکۆشەرێکە و پێویستە کاری لەسەر بکرێت.

٤-لەسەر ئاستی ھێزە چەکدارەکان؛ پێویستە ئەوەی چەکی بەدەستە و لەسەرناوی کوردایەتی، پاراستنی بەھا نیشتیمانی، نەتەوەیی و دیموکراتیک ئەخلاقیەکان، چەکی ھەڵگرتوە. دەستی لەسەر دڵی دابنێت و لەگەڵ ویژدانی خۆیدا، ئەو پرسیارە لەخۆی بکات، چەکەکەی بۆ پاراستنی بنەماڵە، ھێز و باندە بازرگانیە مافیایی و سیخوڕیەکان ھەڵگرتوە، یان بۆ بەرگری و پاراستنی گەل و تێکۆشانە دیموکراتیکەکەی؟ ئەگەر بۆگەلە، شەڕ لەدژی پەکەکە بۆ؟ گێچەڵ بە شەنگاڵ، لە پێناوی چی؟ زۆنی زەرد و سەوز لەبەرچی؟ جیاوازی و پارچەگەری و باکور، باشور، خۆرئاوا و خۆرھەڵات لە پێناوی چی؟ بۆیە ھەر چەکدارێک ئەگەر لەسەر ناوی پێشمەرگە و پاراستنی گەلی کورد و خاکی کوردستان چەکی لەشانە! پێویستە نەبێتە ماشەی دەستی بنەماڵە و ھێزە سیخوڕیەکان و بەسەر برا، خوشک، ھاوزمان و ھاونیشتیمانیەکانیەوە نەبێتە بەڵا.

پێویستە ئەو چەکدارانە ھێز بدەنە بەرخۆیان و بە سەرەوەی خۆیان، بە حیزبەکانیان، بە ئاغاوات و سیخوڕەکانی سەریان بڵێن، ئێمە شەڕی کەسوکار و ھاونیشتیمانی و ھاوڵاتی خۆمان ناکەین، ئێمە سیخوڕی بەسەر ھێزە کوردیەکانی ترەوە ناکەین، لەبەرژەوەندی دەوڵەتی کوردکوژی ئەردۆغان و تورکیا.

٥-لەسەر ئاستی تاک، پێویستە ھیچ کەسێک خۆی بچوک و بێکاریگەر نەژمێرێت. بەڵکو ھەر تاکێک لەگەڵ ئەوانی تردا دەبێتە کۆمەڵێک، بۆیە کاریگەریەکان گەورە و مەزن دەبێت. دەبێت ھەموان پێکەوە دەستی یەک بگرین و لە بەرامبەر داگیرکاریدا بەیەک دەنگ بڵێین “بەسە داگیرکاری و بەسە سیخوڕی بۆ داگیرکەران” بەوە دەتوانین باشور وەرچەرخێنینە سەر ڕێگەی سەرکەوتن و ڕزگاربوون لە دۆخی پڕ ئازار و کوشتار.

ئەوەی ھاوکاری درێژەدان بە سیخوڕی و داگیرکاری دەکات، بێدەنگی کۆمەڵگەی باشورە. پێویستە بێدەنگی بشکێنین و پەیوەستی تێکۆشانی ئازادی و خۆبەڕێوەبەری ببین. پێویستە چاوەڕوانیمان بە ھێزی دەرەکی بشکێنین و خۆمان ببینە خاوەنی ئاواکردنی سیستەمی پاراستن – خۆبەڕێوەبەری. دوژمن کارایە لە پارچەکردنمان و سەپاندنی پەدەکە بەناوی ناوەندگەراییەوە بەسەرماندا. پێویستە ئەو ناوەندگەریە بنەماڵەییە خێڵەکیە بشکێنین. ھەر لە ناوەندگەرایی تا مایکرۆ دەسەڵاتخوازی بشکێنین و تاکی ئازاد و سیستەمی خۆبەڕێوەبەری و پاراستنی خۆجێی پێشبخەین.

ھێزە باڵادەستەکان، باشوری کوردستانیان پارچە کردوەنوھھەر پارچەیەکیان بە کەیفی خۆیان بە دەستەو گروپێک سپاردوە و خۆیان بەڕێوەی دەبەن، لە مەخمور داعشیان جێگیرکردوە، ھاوکاریان دەکەن و ئاشتەوایی ناوچە تێکدەدەن و مەترسین بۆسەر ناوچەکە. لەشەنگاڵ ھێزی گرێدراوی خۆیان دروستکردوە و لەدژی خۆبەڕێوەبەری شەنگاڵ ھانیان دەدەن و بەکاریان دێنن. پەدەکە لەدژی شەنگاڵ، پەیمان لەگەڵ تورکیا و حکومەتی عیراقی سەردەمی کازمی دەکات بۆ تێکدانی خۆبەڕێوەبەری شەنگاڵ، بەڵام ئامادەنیە، ھەروەک ئەستۆنپاککردنەوەی خۆ لەبەرامبەر کوشتاری بە کۆمەڵی ئێزدیەکاندا، دەستبخاتە ناو دەستیان و پەڕەیەکی نوێی ژیانی سیاسی پێکەوەیی ئاوابکات.

لە سلێمانی، لە شارەزور، لەگەرمیان دەستێوەردان لە پارتە سیاسیەکان دەکات و پارچەیان دەکاتمو گرێیان دەداتەوە بەخۆیەوە. ھەم پارچەدەکات، ھەم وێران دەکات. بەڵام کاتێک گەل دەڵێت خۆسەری، یان خۆبەڕێوەبەری، یان پاراستنی خۆجێی، دەکەوێتە بەرامبەرینو ڕەشی دەکات. کۆمەڵگە پێویستە لەو سیاسەتە دۆماگۆگی، خەڵەتێنەر و دەسەڵاتخوازە تێبگات و خۆی ڕزگار بکات و لەسەر بنچینەی سیاسەتی دیموکراتیک – خۆسەر خۆی بەڕێوەببات و یەکیەتی ھێزی سیاسی ئەخلاقی بکاتە بنەمای کارو پێکەوەیی.

پێویستە سیخوڕان بە بوێریەوە دەرخەین و لە قاویان بدەین و تەشھیریان بکەین و پێویستیشی کرد لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی ڕسواو سوک بکرێن، بۆئەوەی کەس نەوێرێت سیخوڕی بکات. لەو پەیوەندەدا، ناسینی پەدەکە وەک ھێزی سیخوڕی و بەکرێگیراو زۆر واتادارە. بۆیە گرنگە پەدەکەی بارزانی بوون شەرم بێت. پێویستە ئەگەر مرۆڤ ئەخلاقی تیابێت، سیخوڕی و کەوتنە خزمەتی سیاسەتی داگیرکاری باش بناسێت و نەکەوێتە داوە جاڵجاڵۆکەییە داگیرکاری سیخوڕیەکانەوە.

زھنیەتی پارچەگەری، من و تۆ و ئەو و ئەوان، کێشەی تاک و کۆمەڵگەی باشورە. ئەو ئاڵۆزیە بەیەکەوە و پێکەوە و وەک یەک بینین و وەک خۆ بینین چارەسەر دەکرێت. زھنیەتی ھاوکاری داگیرکەری تورک، کە کوشندەترین دوژمنی کورد و مرۆڤایەتیە شورەییترین کارێکە کە تاکی کورد بیکات، لەژێر ھەر ناوێکدا بێت.

دەوڵەتی تورک و پەدەکە بۆیە گوشارەکانیان لەسەر باشور بە گشتی و دەڤەری سەوز زیاد کردوە، دەترسێت لە ڕاپەڕینی گەلی باشور، چونکە ئەو ھێڵە داگیرکاریە تەنیا لەگەڵ پەکەکە و تێکۆشانی ئازادی کورددا لەشەڕدا نیە! بەڵکو خەریکی بە ئاودادانی دەسکەوتەکانی گەلی کورد و حکومەتی ھەرێمی کوردستانیشە. تەنگاوی سیاسەتی تورکیا لە عیراقدا، دۆخی ھەرێمی کوردستان بەرەو خراپی دەبات و ئاڵوگۆڕەکان، شیمانەی لەدەستدانی ستاتیۆی ھەرێم دەکات. بەوەش تورکان دەرفەتی پێشێل کردنی سەروەری یاسایی و دەستوری دەوڵەتی عیڕاقی نابێت و دەیەوێت، پێش ئەو ئاستەنگیە ئەنجامێک بەدەستبخات. بۆیە ھێرشەکانی توندتر کردوەتەوە. پەدەکە بۆ ھەڵوەشانەوەی ستاتیۆی ھەرێمی کوردستان لە کاردایە. ئەو ستاتیۆیەش ھەڵوەشێتەوە، نە شەرعیەتی پەدەکە دەمێنێت، نە شەرعیەتی ڕەوایەتی دانی پەدەکە بۆ ھێرشەکانی تورکیا دەمێنێت، وەنە دەتوانێت ئەو چەترە بێت کە ئەرێنی ھێرشی داگیرکاری بکات و ھاوکاری جێگیرکردنی سوپای تورکان بێت بەناوی شەرعیەتی زۆرینە و لەژێر ناوی بارەگای پێشمەرگە و ئاڵای کوردستاندا!

بێگومان بۆ گەلی کورد لەباشور گرنگە پارێزگاری لە ستاتیۆی ھەرێمی کوردستان بکات و نەھێڵێت لە پیلانگێڕی پەدەکە – تورکیادا بە ئاودا بدرێت. چونکە ڕەنجی گەلێک لە قۆناغێکدا بە فیڕۆدەدرێت. گەل دەتوانێت پاراستنی ڕەنج وتێکۆشانی خۆی بکات و دیموکراتیزەی بکات، بەو مەرجەی خۆی یەکگرتوو کردبێت و لەدەستی خوڕافەی کوردایەتی درۆزن و خێڵەکی خۆی ڕزگار کردبێت. بەوە باشور دەتوانێت و دەبێتە ھێزی وەرچەرخانی لەناوبردنی داگیرکاری و سیخوڕی و لە گۆڕنانی بەکرێگیراوی و ھەڵھێنەری خۆری ئازادی.

دەبا پێکەوە ئەو خۆرەبین کە داگیرکەر و بەکرێگیراوو سیخوڕ دەسوتێنێت.

ر.س

Comments are closed.