یەنەكە: هەڕەشەكانی توركیا هۆكاری سەرەكی نەگەڕانەوەی ئاوارەكانی شنگالە

نەینەوا

بەرپرسێکی یەنەكە لە نەینەوا ڕایگەیاند، هەڕەشەكانی دەوڵەتی داگیركەریی تورك بۆ سەر شنگال و بۆردوومانی بەردەوامی خەڵكی مەدەنی، هۆكاری سەرەكی نەگەڕانەوەی ئاوارەكانە بۆ شنگال، هەروەها داوای لە حكومەتی ناوەندیی و هەرێم كرد، ئاسانكاریی لە گەڕانەوەی ئاوارەكاندا بكەن.

غیاس سورچی بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەنەكە لە نەینەوا، لە میانی چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا، سەبارەت بە هۆكارەكانی نەگەڕانەوەی ئاوارە ئێزدییەكان بۆ شنگال و بەربەستەكانی بەردەمیان و هەڕەشەكانی دەوڵەتی تورك لە سەر ناوچەكە، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

غیاس سورچی ڕایگەیاند، لەو كاتەدا کە ئێزدییەكان ڕووبەڕووی كۆمەڵكوژیی پاكتاوی نەتەوەیی و لەناوبردن بوون، بۆ پاراستنیان ئێمە پاڵپشتیمان كردن، تا ئێستاش بەردەوامین لەو پاڵپشتییانە، چونكە ئەو بەڵایەی بەسەر ئێزدییەكانماندا هات لە مێژوودا وێنەی نەبووە.

ئاماژەی بەوەش كرد، داوا لە حكومەتی عێراق دەكەین هەوڵی گەڕانەوەی ئاوارە ئێزدییەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان بدەن، تا ئێستا كەمتر لە ٢٠٪ ـی ئاوارەكان گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەكانیان لە شنگال، كە ئێستا بەشێك لەو ئاوارە ئێزدییانە لە كامپەكانی هەرێمی كوردستانن و بەشێكی دیكەیان هێشتا لە ئەورووپان.

ڕوونیشی كردەوە، ئەگەر پێكهاتەی ئێزدیی نەگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان، ئەوە كارەساتێكی دیكە ڕوو دەدات، چونكە خەڵكی دیكە و نەتەوەی دیكە دێنە سەر خاكەكەیان، ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕانكاری دیمۆگرافیی لە ناوچەكەدا، بۆیە داوا لە حكومەتی عێراق و هەرێم دەكەین، كە ئاستەنگ و بەربەست نەخەنە بەردەم گەڕانەوەی ئاوارە ئێزدییەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان و كارئاسانی بۆ گەڕانەوەیان بكەن.

غیاس سورچی لەكۆتایدا وتیشی، شنگال بە تەواوەتی ئارامە و دۆخی ئەمنیش سەقامگیرە، هەروەها ڕێككەوتنی بەغدا و هەولێر هیچ پەیوەندییەكی بە گەڕانەوەی ئاوارەكانەوە نییە، جەختیش دەكەینەوە، كە هۆكاری سەرەكیی نەگەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ شنگال هەڕەشەكانی توركیایە.

مانگی نیسانی ئەمساڵ ئیڤان فایەق وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، كە پەدەکە ڕێگرە، لە گەڕانەوەی ئاوارە ئیزدییەكانی كامپەكان بۆ شنگال و داواشی لە سەرانی پەدەكە كرد، كە چیتر ڕێگریی لە گەڕانەوەی ئاوارەكان نەكەن.

هـ.ئ

Comments are closed.