مەحموود عوسمان: دەبێت ھەموومان ھەوڵبدەین بۆ ئازادیی ئۆجالان

هەولێر

سیاسەتمەداری کورد لە باشووری کوردستان د. مەحموود عوسمان، داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک ئیدانە دەکات و دەشڵێت: دەستگیرکردنى ڕێبەر ئۆجالان پیلانێکی نێونەتەوەیی بوو لە دژی گەلی کورد، دەشڵێت: دەبێت بە ھەموو لایەک ھەوڵبدەین عەبدوڵا ئۆجالان  ئازاد بکرێت، چونکە ئازادکردنی ئەو زۆر زۆر گرنگە بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە تورکیا.

سیاسەتمەداری کورد لە باشووری کوردستان، د.مەحمود عوسمان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆژنیوز، سەبارەت بە چەند پرسێکى سیاسیی و هێرشە داگیرکارییەکانى دەوڵەتى تورک و گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و نەبوونی یەکڕیزیی و یەکگرتوویی لایەنەکان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

“هێرشەکانى تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان کارێکی دوژمنکارانەیە”

لە سەرەتادا د. مەحمود عوسمان لە بارەی هێرشەکانى دەوڵەتى داگیرکەریی تورکەوە، ڕایگەیاند: ئێمە بە توندی هێرشەکانى تورکیا شەرمەزار دەکەین، ئەمە کارێکی دوژمنکارانەیە، تورکیا ھیچ کاتێک بۆی نییە سنووری عێراق ببەزێنت، بەڵام ئەو بۆردوومان و هێرشانە بوونەتە کارێکی ڕۆژانە، بەداخەوە حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان ھیچ کاردانەوەیەکیان نییە، تورکیا لە هەر لایەکی جیھان بێت دژی کوردە، ئەمریکا و ڕووسیاش پەیوەندییان لەگەڵ تورکیا باشە  و ھاوکاریشی دەکەن، ئەمەش کارێکی قێزەوونە.

د.مەحمود عوسمان باس لەوەش کات، تورکیا دژی کوردە، ھیچ وڵاتێک کاردانەوەی نییە بەرامبەری بگرە پشتیوانیشی لێدەکەن، پێشیوایە ھۆکارێکی دیکەی هێرشەکانى تورکیا نەبوونى یەکگرتوویی و یەکڕیزییە لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، بۆیە بە گرنگی دەزانێت کە سەرەتا دەبێت کورد خۆی یەکگرتوو بێت.

ئەو سیاسەتمەدارەى باشووری کوردستان بۆ وەستاندنى هێرشە داگیرکارییەکانى دەوڵەتى تورک بە گرنگی دەزانێت، کە لەگەڵ حکومەتی عێراق قسە بکرێت تا ھەڵوێستیان ھەبێت لەسەر ئەو هێرشانەی تورکیا.

“دەوڵەتانی دراوسێ سوود لە پەرتەوازەیی کورد وەردەگرن”

پەیوەست بە پرسی نەبوونى یەکگرتوویی لەناو گەلی کورد، د. مەحمود عوسمان، دەڵێت: هێزی ئێمە لە یەکگرتوویی دایە، نەبوونى یەکگرتوویی بۆ کورد زۆر خراپە، چونکە ناکۆکی حزبەکان زۆر زەرەری لە ئێمە داوە بەداخەوە هەر بەردەوامیشە، لە هەمان کاتدا دەوڵەتانی تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا سوود لە نەبوونی ئەو یەکگرتووییەى کورد وەردەگرن، بۆیە ئاوا زاڵن بەسەر کورد دا.
ئەو سیاسەتمەدارەی باشووری کوردستان چەند مەترسییەکی سەر قەوارەى هەرێمی کوردستان باس دەکات و دەڵێت: مەترسیی جدی بۆ سەر قەوارەی ھەرێم نەبوونی یەکڕیزییە، وڵاتانی دراوسێ ھیچییان لەسەر قەوارەی ھەرێم ڕازیی نین و حەز دەکەن شتێک نەمێنێ بە ناوی قەوارەی ھەرێم.

“دەوڵەتانى دراوسێ هەوڵ دەدەن قەوارەى هەرێمی کوردستان هەڵوەشێننەوە”

هەروەها ئەوەش دەڵێت: ئەگەر ئێمەی کورد پێکەوە ڕێک نەکەوین، ئەوان قەوارەی ھەرێم ھەڵدەوەشێننەوە، چونکە جوگرافیای کوردستان کەوتووەتە نێوان چوار دوژمنەوە کە ھیچییان دۆستی ئێمە نین ئەوەش کێشەیەکی زۆر گەورەیە بۆ ئێمەی کورد.

“تورکیا و ئێران دوو دەوڵەتی دژ بە کوردن، ناڵێین نابێت پەیوەندییان لەگەڵ نەبەستین، بەڵام نابێت ئەو پەیوەندییانە زەرەر لە کوردانی باکوور و کوردانی ڕۆژهەڵات بدات، پەیوەندی بەستن لەگەڵ ئێران و تورکیا کە زەرەر بدات لە کورد، زۆر خراپە، ئەو پەیوەندییانەی ئێستا لەگەل ئەم  دوو دەوڵەتە ھەیە زەرەری بۆ کورد ھەبووە” مەحمود عوسمان وای وت.

لە بارەى دەستگیرکردن و گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، د. محمود عوسمان تیشکی خستە سەر ئەوەى کە دەستگیرکردنى ڕێبەر ئۆجالان پیلانێکی نێونەتەوەیی بوو دژ بە گەلی کورد و دەڵێت: هەمیشە ئێمە داوای ئازادکردنی ئۆجالانمان کردووە، چونکە ھیچ تاوانێکی نییە، کاتێک ئۆجالان لە ڕۆما بوو چووم بۆ لای سێ شەو لەلای بووم، زۆریشم ھەوڵدا کە نەڕوات لە ئیتالیا، بەڵام ئیتالیا و ئەمریکا و ئیسرائیل زەختێکی زۆریان لێکرد، خۆشی زۆر ھەوڵیدا نەڕوات، بەڵام ھەر ڕۆیی.

“دەبێت بە ھەموو لایەک ھەوڵبدەین ڕێبەر ئۆجالان  ئازاد بکرێت”

ئەو سیاسەتمەدارە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ڕێبەر ئۆجالان بە ناحەق زیندانی کراوە و پێویستە ئازاد بکرێت، بۆیە دەڵێت: ئێمە دەبێت بە ھەموو لایەک ھەوڵبدەین عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت، چونکە ئازادکردنی ئەو زۆر زۆر گرنگە بۆ ئاشتی لە تورکیا، چونکە ئۆجالان دەتوانێت ئاشتی بەدی بهێنێت، ئۆجالانیش ھەمیشە وتویەتی ئامادەیە بۆ ئاشتیی وگفتوگۆ و دیالۆگ.

لەسەر گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئۆجالانیش د. مەحمود عوسمان وتی: ئۆجالان ئێستا مافی خۆیەتی ئازاد بکرێت، بەڵام حکومەتی تورکیا نایکات، ماوەی دوو ساڵیشە نەبیندراوە و ناهێڵن کەس بچێتە لای، ناشھێڵن پارێزەرەکانیشی بیبینن، بەڕاستی ئەمانە ھەمووی ناحەقیی گەورەن بەرامبەری دەکرێت.

هـ.ح

Comments are closed.