کۆیە
لیوا شەفیق چاوشین سات بە ساتی خیانەتی نیشتمانیی ٣١ـی ئاب دەگێڕێتەوە و پەدەكە بە خۆفرۆش و خیانەتكار لە مێژووی شۆڕشەكانی نوێ و ئەیلول و ئێستاش دادەنێت، دەڵێت:” مەسعود بارزانی وەفای بۆ هەشت هەزار بارزانی نەبوو، كە بەعس ئەنفالی كردن، دەبابەی بەعسی هێنایە سەر هەولێر، ئەو تەنازولەی بۆ دوژمنی دەکەن بۆ ئێمەیان کردبا هەرگیز ٣١ـی ئاب درووست نەدەبوو.

لیوا شەفیق ئیبراهیم ناسراو بە شەفیق چاوشین، فەرماندەی لیوای ١١١ لە هێزەکانی ٧٠ـی یەکێتی نیشتمانی کوردستان-یەنەکە، سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، لە میانی چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا لەگەڵ ڕۆژنیوز، باس لە خیانەتی ٣١ـی ئاب و خیانەتەکانی تری پەدەکە و هاوکارییەکانی بۆ دوژمنانی گەلی كورد دەكات.
دەقی چاوپێکەوتنەکە:
٣١ـی ئاب چۆن دەبابەی ڕژێمی بەعس هێنرایە سەر پایتەختی هەرێمی كوردستان و ناو پەرلەمان ؟
شەفیق ئیبراهیم: پێش ئەوەی باسی ئەو ڕۆژە بكەم دەبێت ئەوە بڵێم ئێمە ئاگادار بووین كە چەند ڕۆژێك پێش ٣١ـی ئاب، بارزانی لەگەڵ سوپای عێراق كۆببوونەوە، زانیاری ئەوەشمان هەبوو كە بەعس هێزێكی زۆری هێنابووە سنووری هەولێر، كاتژمێر ٤ـی بەیانی ڕۆژی ٣١ـی ئاب، هێزەكانی بەعس لە چەندین قۆڵەوە بە ئاڵای پارتییەوە هێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی پێشەوەی پێشمەرگە، شەڕ بەردەوام بوو لە بەرەی مەخموور و ڕێگای موسڵ و چەند شوێنێكی تر، بەڵام هێزێكی بەعس لەگەڵ هێزەكانی پارتی لە پشتەوە هاتبوونە ناو هەولێر و بینای پەرلەمانی كوردستان، هەر بۆیە هێزەكانی ئێمە پاشەكشەیان كرد بۆ ناو شاری هەولێر.
كێ چاوساغیی بۆ بەعس دەكرد كە هاتنە ناو شاری هەولێر؟
شەفیق ئیبراهیم: لەو كاتەدا من جێگری سوپای ئامادەی هەولێر بووم، كاك ئاسۆ مامەند فەرماندەی سوپاکە بوو، هەر بەیانی هێزێكم بردە قەراتگە كە دەكەوتە نێوان كانی قڕژاڵە و كەسنەزان بە چاوی خۆم دەبابەكانی بەعسم بینی ئاڵای پارتیان هەڵكردبوو، هەر بۆیە پارتی لەگەڵ سوپای عێراق پێكەوە هاتنە سەر هێزی پێشمەرگە و شاری هەولێر، ئەگینا نە پارتی نە حكومەتی بەعس بە تەنیا نەیاندەتوانی بێنە سەر هێزی پێشمەرگە.
وتیشی: بەداخەوە هێزێكی كوردیی بتوانێت لەگەڵ دوژمنێكی وەكو بەعس كە دەستی بە خوێنی هەزاران كورد سوورە، دوژمنێك كە كوردستانی وێران كرد گوندەكانی ڕووخاند كانیاوەكانی پڕ كردەوە، دەست تێكەڵاو بكەی! مەسعود بارزانی وەفای بۆ هەشت هەزار بارزانیش نەبوو كە بەعس ئەنفالی كردن، ئەوە خیانەتێكی گەورەیە بە نێوچاوانی پارتییەوە تا دنیا هەیە لێی نابێتەوە.
پەدەکە بۆچی ئەو خیانەتەی كرد؟ ئامانجی چی بوو ؟
شەفیق ئیبراهیم: پارتی تەنها ئەوەی دەویست كە یەكێتی لە پایتەختی هەرێمی كوردستان شاری هەولێر دوور بخاتەوە و خۆی ببێت بە حاكم، بە كەیفی خۆی مامەڵە بە دەستكەوتەكانی شۆڕشی ئەیلول و شۆڕشی نوێوە بكات، ئەو دەستكەوتانەی بە خوێنی شەهیدان و ئەنفال و زیندانیانی سیاسیی بە دەست هاتبوون، ئەو لەگەڵ دوژمنانی كورد مامەڵەی پێوە بكات، ئەگینا هیچ دەستكەوت و ئامانجێكی تری نەبوو، گەر ئەو تەنازولەی بۆ بەعسی كرد و بۆی چەمایەوە، بۆ یەكێتی نیشتمانی بكردایە ئەو خیانەتە گەورە ڕووی نەدەدا.
پێتان وانییە ئێستاش پەدەکە درێژە بە هەمان خیانەت دەدات بە تایبەتی لە كەركووك، هاوشێوەی ٣١ـی ئاب، ئەمجارە لە ڕێگەی دەوڵەتی داگیرکەریی تورکەوە، چونكە دەبوو كورد بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق بكات بەڵام پەدەکە لەگەڵ عەرەبی سوننە و بەرەی تورکمانیی هاوپەیمانێتیی درووست کرد؟
شەفیق ئیبراهیم: بێگومان، پارتی باش دەزانێت ئەو جەماوەرەی لە كەركووك هەیە هەمووی هی یەكێتیە، پارتیش یەكێتی بە دووژمنی سەرەكی خۆی دەزانێت، بەڵام دووژمنان و داگیركەرەكانی كورد بە دووژمنی خۆی نازانێت.
پەدەکە دەڵێت یەكێتی لە ١٦ـی ئۆكتۆبەر خیانەتی كردووە! بۆیە لە گەڵیان ناچینە ناو هاوپەیمانێتییەوە، ئێوە دەڵێن چی؟
شەفیق ئیبراهیم: من خۆم فەرماندەی لیوای ١١١ـی شەنگال بووم لە كاتی شەڕی داعش لە شەنگال و زوومار بووم بە بێ تەقە كردن ئەو ناوچانە تەسلیم كرا، ئەوە خیانەتە یان ئەوەی لە كەركووك دەبابە بەسەر لاشەی زیاتر لە حەفتا شەهیدی پێشمەرگەی یەكێتی نیشتمانی کوردستاندا ڕۆشت؟ ئەوە خیانەتە یان دوو جار تەسلیم كردنی شنگال و زوومار و ڕەبیعە؟ چەندین هاوڵاتی ئێزدیی لە ژن و كچ كە تا ئێستا بێ سەروشوێنن ڕادەستی داعش كران، كامەیان خیانەتە؟ باشتێكیش بۆ مێژوو بڵێم ئەو ڕیفراندۆمەی پارتی و بارزانی كردیان بەس بۆ ئەوە بوو كەركووك لەدەست یەكێتی و كورد نەمێنێت!
وتیشی: چونكە كاتێك لە كۆبوونەوەی هێزە كوردییەكان لە مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە هەولێر وڵاتانی دنیا و ئێران و توركیا و هەموان وتیان ڕیفراندۆم مەكەن ئێمە پشتی عێراق دەگرین، هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بارزانی زانیبووی دوای ڕیفراندۆم هێرش دەكرێتە سەر كەركووك، ئینجا سورتر بوو بۆ ئەوەی كەركووك لە ژێر دەسەڵاتی یەكێتی و جەماوەریی یەكێتی دەربهێنێت، كە دەبینین ئەوەشی بە پلانی وڵاتانی تر ئەنجامدا بۆ یەك لیستییەكەش هەر وایان كرد.
كەواتە سوودی ڕیفراندۆم چی بوو بارزانی و پارتی كردیان بۆ كورد؟
شەفیق ئیبراهیم: یەك سوودی مێژوویی هەبوو ئەویش تەسلیم كردنی ناوچە دابڕێنراوەكان بوو! بە حكومەتی عێراق، كە زیاتر لە ١٢ هەزار بریندار و كەمئەندام و زیاتر لە سێ هەزار شەهیدمان دابوو، نەمانتوانی یەك كاتژمێر بەرگریی لەو خاكە بكەین كە نیوەی خاكی كوردستان بوو.
وەک فەرماندەیەکی سەربازیی چۆن سەیری ئەو هاوكارییانەی پەدەكە دەكەن کە بۆ سوپای توركیای دەكات دژ بە گەریلا؟
شەفیق ئیبراهیم: جارێ با بزانین لەوەتەی پارتی هاوپەیمانیی لەگەڵ توركیا كردووە پەكەكە چی لێ هاتووە؟ بێگومان بەهێزتر بووە و بەرگریی زیاتر بووە و بەرخۆدانی زیاتر بووە، سەرەڕای ئەوەی نزیكەی حەفتا بنكە و بارەگای سەربازیی توركیا لە سنووری پارتی هەیە، بۆیە پارتی ئێستاش خەریكی خیانەت كردنە، گەر پارتی حاكم بێت هەموو ڕۆژێك هێزی بێگانە دەهێنێتە سەر خاکی كوردستان هەموو ئەو دەوڵەتانە بە قسەی پارتی دێن، چونكە هەموو شتێكی كوردی لەبار بردووە، ئێمە پێش ڕیفراندۆم وەكو دەوڵەت مامەڵەمان دەكرد و مامەڵەشمان لەگەڵ دەكرا، بەڵام هەموومان لە دەستدا كە هەموو هۆكارەكەشی پارتییە.
پەدەکە و بارزانی زۆر باسی ئەوە دەكەن كە ئەوان بۆ دوژمنانی كورد ناچەمێنەوە، تۆ دەڵێی چی؟
شەفیق ئیبراهیم: هێنانی دەبابەی دوژمن بۆ سەر كوردستان و هاوكاری توركیا بۆ لەناوبردنی كورد چەمانەوە نییە؟ ئەی چەمانەوە چۆنە؟
بۆچی پەدەکە تۆمەتی جۆراوجۆر دەخاتە پاڵ پەکەکە؟
شەفیق ئیبراهیم: پەكەكە تەنها لە شنگال زیاتر لە پەنجا شەهیدیاندا، بۆ ئەوە شەهید بوون تاوەكو بەرگریی لە خاكی كوردستان بكەن، پەكەكە هەر چوار بەشی كوردستان بە خاكی كوردستان دەزانن و خەباتی بۆ دەكەن بۆیە پەكەكە هێزێكی نیشتمانیی و كوردستانییە، بەڵام پارتی خاك دەفرۆشن ناوچە دەفرۆشن هێز دەفرۆشن، ئەوە پەكەكەیە تا ئێستا خیانەتی نەكردووە و خۆفرۆش نییە، بەڵام بەڕاستی پارتی تا سەر ئێسقان خائینە و خیانەتی كردووە، عێراقی هێناوەتە سەر كوردستان ئێرانی هێناوەتە سەر كوردستان توركیای هێناوەتە سەر كوردستان.
گەر پەدەکە لەسەر ئەم سیاسەتە بەردەوام بێت، كوردستان چی لێ بەسەر دێت؟
شەفیق ئیبراهیم: پارتی دەڵێت دەبێت هەموو هێزە كوردییەكان بۆی بچەمێننەوە بۆ ئەوەی خۆی حكوم بكات لە كاتێكدا خۆی بۆ دوژمنانی كورد دەچەمێنێتەوە، بەڵام گەر بەو شێوەیە بەردەوام بێ وەكو ئەوەی ئێستا هەرچی خراپە بەسەرمان هاتووە هیچ شتێكی وامان نەماوە، لەوەش خراپتر دەبێت چونكە ڕۆژێك دێت ناتوانین بەڕێوەبەری پۆلیس و قایمقامێك دابنێین لە كوردستان.
ئەو دۆخەی ئێستا هەیە چۆن باش دەبێت، بە تایبەتی ململانێی نێوان هێزە كوردییەكان بەچی دەڕەوێتەوە؟
شەفیق ئیبراهیم: مسعود بارزانی دەتوانێت چاكی بكات گەر بە یەك چاو سەیری هەمووان بكات، بەڵام ئەوە ناكات چوونكە بەدەست خۆی نییە، بەڵكو وڵاتانی تر ئەمری پێ دەكەن ئەویش جێبەجێی دەكات.
ب.گ
Comments are closed.