باران گەرمیانی
یەکێک لە شایەتحاڵەکانی خیانەتی ٣١ـی ئاب، چیرۆکی ئەو خیانەتە و ئاوارەبوونی لە هەولێرەوە بۆ ڕۆژنیوز دەگێڕێتەوە و دەڵێت: “بە شەهید کردنی حسێن ئاغای سورچی لەلایەن مەسعود بارزانییەوە خیانەتی ٣١ـی ئاب دەستیپێکرد”، هەروەها پشتپەردەی ئەو ڕووداوانە ئاشکرا دەکات کە خۆی شایەتحاڵ بووە.
٢٧ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر خیانەتی نیشتمانیی ٣١ـی ئابی ساڵی ١٩٩٦ـدا، لەم ڕۆژەدا پەدەکە بوو بە پێش قەراوڵی ڕژێمی بەعس و دەبابەی بەعسی هێنایە سەر پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە هەولێری پایتەخت، لە دژی هێزێکی تری کوردیی، ئەنجامی ئەو خیانەتەش شەهیدبوونی سەدان پێشمەرگە و برینداربوون و ئاوارەبوونی دەیان هەزار کەسی تر بوو.
بەهۆی ئەو خیانەتەی پەدەکەوە دەیان هەزاران کەس لە شاری هەولێرەوە ئاوارەی ناوچە و شارەکانی دیکە بوون، یەکێک لەوانە ( ل. س) بوو، کە لەبەر پاراستنی گیانی خۆی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، پێ بە پێ پشتپەردەی دەستپێکردنی ئەو خیانەتە و تاوانە شاراوەکانی پەدەکە بۆ ڕۆژنیوز ئاشکرا دەکات، کە ئەو کات پێشمەرگەی یەنەکە بووە.
٣١ـی ئاب چۆن دەستیپێکرد؟
(ل.س): خیانەتی ٣١ـی ئاب، بە شەهید کردنی حسێن ئاغای سورچی دەستپێدەکات لە ١٦ـی ئایاری ئەو ساڵەدا، کاتێک مام جەلال و مەسعود بارزانی لە دەرەوەی وڵات دەگەڕێنەوە، حسێن ئاغا دەچێتە هەولێر بۆ سەردانی مام جەلال، لەگەڵ گەڕانەوەیدا لە بازگەی سپیلک، هێزێکی پەدەکە چواردەوری کاروانەکەی ئاغا دەدەن، بەڵام بۆ ئەوەی خوێنێکی زۆر نەڕێژڕێت بارزانی پەیام بۆ ئاغا دەنێرێت، کە خۆی بۆ ئێوارە خوانێک سەردانی دەکات، بەڵام ناچێت، بەڵکو پلانی دیکەی دادەڕێژێت.
دەشڵێت: “دوای ئەوەی حسێن ئاغای سورچی چاوەڕوانی دەبێت، بۆ ڕۆژی دواتر بارزانی دوو نوێنەری خۆی دەنێرێت و داوای ڕادەستبوونی ئاغا دەکات، ئەویش ڕازی نابێت، بۆیە بارزانی هەموو هێزەکانی خۆی کۆ دەکاتەوە و گەمارۆی حسێن ئاغا دەدات، لەوێدا شەڕ و کوشتارێکی زۆر دەبێت و حسێن ئاغا و زۆرێک لە پێشمەرگەکان و ژنێکی دووگیان دەکوژرێت، خیانەتی ٣١ـی ئاب لەم ڕووداوەوە دەستپێدەکات، چونکە ڕژێم بۆ هاوکاریی کردنی پەدەکە لە داگیرکرنی هەولێر داوای کوشتنی حسێن ئاغا دەکات.”
(ل.س) وتیشی: لە دوای ئەو ڕووداوەوە، برازایەکی حسێن ئاغا دەبێتە سەرۆکی عەشیرەتی سورچی بە ناوی زەید عومەر ئاغا، مام جەلال هێزێکی بۆ دادەمەزرێنێت، دەوامی فەرمییان لەناو هەولێر دەبێت، کە (ل.س) یەکێک دەبێت لە ئەندامانی ئەو هێزە و بەم شێوەیە چیرۆکی دەستپێکردنی ٣١ـی ئابی گێڕایەوە: “دوای سێ مانگ و سێ ڕۆژ پێش ٣١ـی ئاب، ئێمە چوینەوە هەولێر، لەو کاتەدا هیچ هێزێکی پەدەکە لەناو هەولێردا نەبوو، ڕۆژێک پێش ٣١ـی ئاب، ئاگاداریمان بۆ هات کە جموجۆڵێک هەیە، ئێوارەکەی فڕۆکەی شەڕکەر بە ئاسمانی هەولێردا دەسوڕایەوە، ئێمەش پێمان وابوو کە فڕۆکەی ئەمریکایە و پەدەکە تورکیا دەهێنێت، چونکە خۆی بە پارتێکی تورکیا دەزانیی و جاشی ئەوان بوو.”
دەشڵێت: کەچی لەگەڵ ڕژێمی بەعس دەستی تێکەڵ کردبوو، بە دەبابە و چەکی قورسەوە هێرشیان کردینە سەر، لەو کاتەشدا بارزانی بە پێشمەرگەکانی وتبوو سەر بۆ من و ماڵ بۆ ئێوە، لەگەڵ هێرشەکانی ئەواندا زۆر شەهیدمان دا، چونکە ئێمە تەنها کڵاشینکۆف و نارنجۆکمان پێبوو، بەڵام ڕژێم دەبابە و هاوەن و چەندین چەکی قورسی پێبوو، بۆیە پاشەکشەمان کرد بۆ لای کاک کۆسرەت لە گەڕەکی باداوە و گەمارۆ دراین، نزیکی دوو هەزار و ٥٠٠ پێشمەرگە ماینەوە، بەردەوام تۆپبارانی ناو هەولێر دەکرا و خەڵکیش نەیدەزانی چی بکات و چی دەگوزەرێت، کۆمەڵێک شەهیدی مەدەنییش هەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا هاوکارییان دەکردین و خواردن و ئاویان پێدەداین.
باس لەوەش دەکات، ئەوکاتە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و فوئاد مەعسوم و چەند سەرکردەیەکی دیکەی یەنەکە لەناو هەولێردان و هەوڵدەدەن خۆیان بگەیەننە هێزەکانیان، بەڵام لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە بەدیل دەگیرێن، پەدەکە بڕیار دەدات کە هەموویان بکوژێت، بۆیە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بەپەلە پەیامێک بۆ مەسعود بارزانی دەنێرێت، کە کوشتنی ئەو سەرکردانە دەبێتە مایەی شەڕێکی خوێناوی، دواتر پەدەکە ئازادیان دەکات.
دوای مانەوەی ڕۆژێک لەناو هەولێر و بەرگریی کردن، لە نیوە شەودا، پێشمەرگەکانی یەنەکە ڕێگایەکی دەرچوون دەدۆزنەوە، تا بەرەو کۆیە بگەڕێنەوە، نیازی پەدەکەش وابوو کە یەنەکە نەمێنێت، بۆیە لە دێگەڵە و چەمەرگێ شەڕێکی زۆر گەورە ڕوودەدات و لەم بارەیەوە دەڵێت: چەندین پێشمەرگەمان شەهید بوو، خۆم و دەیانی دیکە بریندار بووین، لەوێدا بەرمان بە هێرشەکانی پەدەکە گرت و یەنەکە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ مایەوە.”
(ل.س) لەبارەی خیانەتەکانی پەدەکەوە وتیشی: دوای ٢٧ ساڵ لە خیانەتی ٣١ـی ئاب، ئێستا پەدەکە لە جاران خراپتریش بەدوای خیانەتەوەیە، گەر ئەوکاتە ڕژێمی بەعسی نەهێنایە، ئێستاش نەدەبوو بە سیخوڕی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، ئامادەیە گەل هەمووی بفرۆشێت بەس بۆ مانەوەی خۆیان لە دەسەڵات، دەست بۆ هەموو خیانەتێک دەبات.
لە کۆتایی قسەکانیشدا ئاماژەی بەوەکرد، کە لە ٣١ـی ئابدا زۆر غەریب بووین، لەوەدا غەریب بووین کە ئێمە کوردین، ئەویش دەستی دوژمن بگرێت و لێمان بدات و هەولێر داگیر بکات، نەیدەتوانی بە تەنها هەولێر داگیربکات بۆیە خیانەتی لە خوێنی کورد کرد، ئەوەمان هەرگیز بیرناچێت کە نەمانتوانی تەرمی پێشمەرگەکانی خۆشمان بهێنینەوە.
ب.گ
Comments are closed.