غالب محەمەد: پەدەکە دەیەوێت نەوت لە ڕێی تورکیاوە بفرۆشێت و نەیدا بە عێراق

باران گەرمیانی

ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی عێراق، پەدەکە بە هۆکاری تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و ناوەند دەزانێت و دەڵێت: پەدەکە دەیەوێت نەوت لە ڕێی تورکیاوە بفرۆشێت و نەیدا بە عێراق، دەشڵێت: حکومەتی هەرێم لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە زیاتر لە ملیارێک و ٧٠٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا، کەچی گوزەرانی هاوڵاتییان سەختتر بووە.

د.غالب محەمەد، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە لیژنەی نەوت و غاز، لەبارەی تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق، پرسی ڕادەست نەکردنی نەوت و بڕیارەکەی دادگای نێودەوڵەتیی پاریس، لە میانی چاوپێکەوتنێکدا بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

د.غالب محەمەد
د.غالب محەمەد

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

ڕۆژنیوز: هۆکاری تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و ناوەند بۆچی دەگەڕێتەوە؟

غالب محەمەد، هۆکاری تێکچوونی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم و عێراقی گەڕاندەوە بۆ پرسی نەوت و وتی: حکومەتی هەرێم لە ٢٠١٤ـەوە نەوت بە سەربەخۆیی دەفرۆشێت، لە ٢٠٠٥ ـەوە تا ئێستا زیاتر لە ملیارێک و ٧٠٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە کردووە بەبێ گەڕانەوە بۆ عێراق، لە بەرامبەریشدا عێراق بودجەی نەناردووە، لە گەشتنیش بە bهەر رێککەوتنێک هەرێم پابەندی جێبەجێکردنی نەبووە.

وتیشی: حکومەتی هەرێم گرێبەستی ٥٠ ساڵی لەگەڵ کۆمپانیای بۆتاشی تورکییدا واژۆ کردووە، بە جۆرێک ئەم کۆمپانیایە خاوەندارێتی نەوتی هەرێمی کوردستانی دەکرد تا بڕیاری دادگای باڵای پاریس دەرچوو، کە تێیدا تەواوی ئەو کارانەی کۆمپانیا تورکییەکەی بە نایاسای لە قەڵەم دا، زەرەرمەندی یەکەمیش هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بوون.

ڕۆژنیوز: حکومەتی عێراق لە بەرامبەر ناردنی بەشە بودجەی هەرێم داوای نەوتی کردووە، کێشەی پەدەکە وەکو دەسەڵاتی یەکەم لە هەڕێمی کوردستان، لە ناردنی نەوت چییە؟

غالب محەمەد وتی: پەدەکە لە بوودجەی ساڵی ٢٠٢٣ـدا کێشەی لەگەڵ خاڵێکدا هەبوو، کە جێبەجێکرا، دەیویست ئەو نەوتەی کە ڕادەست دەکرێ هەر لە ڕێگەی تورکیاوە بفرۆشرێت بە هەماهەنگی لە نێوان هەرێم و بەغدا، گەر واش نەبێت پێویستە ئەو گرێبەستە هەڵوەشێتەوە، بەڵام پەرلەمانتارانی عێراق بڕیاریان دا، گەر نەوتەکە هەناردە نەکرێت، ئەوا وەزارەتی نەوتی عێراق سەرپشک دەبێت لە مامەڵەکردن پێیەوە، ئەمەش لێدانێکی گەورە بوو لە تورکیا و پەدەکە.

ئەوەشی خستەڕوو، تورکیا لە دانیشتنەکانیدا لەگەڵ عێراق داوای ئەوەی کردووە، کە لە پرسی نەوتدا لایەنی سێیەم بێت، بەو مانایەی کۆمپانیای بۆتاشی تورکی دەست کراوە بێت لە هەناردە و فرۆشتنی نەوتی هەرێم، کۆگاکردنی و گواستنەوەی پارەی نەوتەکەش، ئەمەش لە کاتێکدایە کۆمپانیای سۆمۆ ناتوانێت وەک کۆمپانیایەکی یاسایی پارەی نەوتەکەش بگوازێتەوە، بەڵام بۆتاشی تورکی چەندین ساڵە بەهۆی سیاسەتی پەدەکەوە ئەوەی بۆ دەستەبەر کراوە، بۆ هەر بەرمیلێک بڕی ١٩ دۆلاریان وەرگرتووە، بەڵام عێراق تەنها یەک دۆلار و ٣٠ سەنتیان بۆ دابین دەکات، تورکیاش بەوە ڕازی نییە.

ڕۆژنیوز: ئەو بڕە نەوتەی ناوەند داوای لە هەرێم کردووە، بەشێکی کەمی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمە، ئەوەی کە دەمێنێتەوە و بەسەر هاوڵاتییانیشدا دابەش ناکرێت، چی لێدێت؟

غالب محەمەد ڕایگەیاند: کۆمپانیایی سۆمۆ داوای ١٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی لە هەرێم کردووە، بەڵام تەنها ٥٠ هەزاری ڕادەست دەکرێت، بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستانیش ٤٠٠ هەزار بەرمیلە، واتا ٣٥٠ هەزاری دیار نییە، دەبینین کە ڕۆژانە چۆن بە قاچاغ بە تانکەر هەناردە دەکرێت و داهاتەکەشی دیار نییە، دەسەڵاتیش بە بۆنەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەیاسایی، ئەمەیان بۆ دەچێتە سەر.

بەپێی ئەو ئامارانەی لەلای ئێوە بێت، تا ئێستا بە نزیکەیی چەند بەرمیل نەوت فڕۆشراوە< ئایە هاوڵاتییان تا ئێستا سوودمەند بوون؟

غالب محەمەد، پەدەکەی بە هۆکاری ڕادەست نەکردنی نەوت و تاڵانییەکان دەستنیشان کرد و وتی: نێچیرڤان بارزانی بڕیاری بە سەربەخۆ فڕۆشتنی نەوتی دا، ١٢٣ ملیۆن بەرمیل لە ٢٠٠٥ بۆ ٢٠١٤ هەناردە کراوە، بەڵام لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٤، تا ئێستا یەک ملیار ٧٠٠ ملیۆن بەرمیل هەناردە کراوە، کەچی لە بەرامبەردا غاز، نەوتی سپی گران کراوە، نرخی کارەبا هەر یەکەیەکی لە ١٠ دینار بۆ ١٥٧ گران بووە، باج لە ١% بۆ ٦% زیاد کراوە، هەرچی زەوی گرنگ و ستراتیژیی سلێمانی، هەولێر و دهۆک، بەناوی فرۆشتنەوە هەرزانفڕۆش کرا، ئەمەش بارگرانی تەواوی بۆ هاوڵاتییان هێناوە.

ڕۆژنیوز: دەرئەنجامەکانی بڕیارەکەی دادگای پاریس بەکوێ دەگات؟ هیچ گۆڕانکارییەک ڕوودەدات؟

لە کۆتایی قسەکانییدا، غالب محەمەد جەختی لەوە کردەوە، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و دادگای پاریس، دەسەڵاتی چەتەکانی هەرێم کەم دەکات، هاوڵاتییان سوودمەند دەبن و چەتەکان لاواز، بەپێی دەستووری عێراق لە وەزارەتی دارایی کە نەوت سەرچاوەی دارایی عێراق و کوردستانە، بۆیە بۆ هاوڵاتییانی هەرێم باشترە پارە بڕواتە عێراق دواتر بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت.

ب.گ

Comments are closed.