خۆبەڕێکخستنکردنی ژنانی ئێزدی بناغەی دەستکەوتەکانی شنگالە

سیهام ڕۆژ

لەگەڵ ئەوەی ژنانی ئێزدیی بە درێژایی مێژوو قۆچی قوربانیی کۆمەڵکوژییەکان بوون، بەڵام هەرگیز بە شێوەیەکی ڕێکخستنکراو ڕۆڵی خۆیان لە کۆمەڵگەدا پێنەدرا بوو، تا ساتی جینۆسایدی ٢٠١٤، وەک وەڵامێک، ژنانی ئێزدیی لەسەر بنەمای تێز و فکرەکانی ڕێبەر ئۆجالان لە چوارچێوەی تاژێ-دا خۆیان بەڕێکخستن کرد و بناغەی سەرجەم دەستکەوتەکانی شنگالی لەسەر بنیاد نرا.

ژنانی ئێزدیی پێش جینۆسایدی ٢٠١٤

بەر لە ساڵی ٢٠١٤ ژنانی ئێزدی هیچ مافێکیان نەبوو، خاوەنی کەمترین دەرفەتی ژیان بوون، ڕۆڵ و ئەرکیان تەنها بەخێوکردنی منداڵ و گرنگی دان بوو بە خێزان.

بەهۆی ئەو ٧٤ کۆمەڵکوژییەوە و پاراستن و شاردنەوەی ژن لە هێزە دەرەکیەکان دۆخی ژنانی هێنابووە ئاستێک، کە لە چوارچێوەی ماڵ نەچنە دەرەوە، سیستەمی پیاوسالاریش ڕۆڵی ژنی کرد بە ژنی ماڵەوە و تەنها دایکایەتی کردنی بۆ هێشتەوە.

لە ئەنجامدا ژنانی ئێزدی نە پارێزران و نە لە خۆپاراستنیش دوور خرانەوە، نە دەیانتوانی کار بکەن و بژێوی خۆیان پەیدا بکەن، نە دەیانتوانی فێری بەکارهێنانی چەک ببن و دوا ڕۆژی خۆی بپارێزن، نە دەیانتوانی بەشداریی کاری کەلتوور و هوونەر، نە ڕۆژنامەنووسی بکەن، هەموو دەرفەتێکیان وەکو گوناح و ناپێویست دەبینرا و ڕێگری لێدەکرا.

لە ئەنجامی هەموو ئەو خاڵانەدا ژن بێ ئیرادە و بێ پاراستن و بێ چارەسەر بەجێ هێڵرا بوون، خرابوونە ژێر هەژموونی هەبوونی هاوسەر، باوک و براوە.

لە دوای جینۆساید
لە سەرەتادا لەسەر فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان تێکۆشانی ئازادیی ژن بە پێشکەوتنێکی زۆرەوە لە شنگال دەستی بە خەبات کرد، ژنە شەڕڤانانی یەژاستار و یەپەژە ئومێدێکی زۆریان بەخشی و ژنانی ئێزدی خۆیان بە ئەوان سپارد، بە چاوی خۆیان قارەمانێتی، هێز و ئیرادەی ژنیان بینی و گەڕانەوە بۆ خۆیان و خۆیان ناسی، ژنانی گەنج بەشدارییان لە ڕیزەکانی گەریلا و شەڕڤانانی ڕۆژئاوادا کرد و بەشداری مەشق و ڕاهێنانەکان بوون، پەروەردەی بەکارهێنانی چەکیان بینی، بە تێپەڕبوونی کات ژنانی ئێزدی زیاتر هەستیان بەم تێکۆشانە کرد هەتا بوو بە جێگای باوەڕیان.

تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی- تاژێ، یەکەمین کۆنگرەی خۆی لە ساڵی ٢٠١٩ بە ئەمادەبوونی ٣٠٠ نوێنەر بەست و ساڵی ڕابردووش بە ڕۆحی ڕزگارکردنی شنگال و فەلسەفەی ‘ژن، ژیان، ئازادیی’ بە دروشمی ‘ خۆمان لە کۆمەڵکوژیی دەپارێزین، ئازادی ژنان و کۆمەڵگە مسۆگەر دەکەین’ کۆنگرەی دووەمی خۆی بەست.

لە چوارچێوەی کار و چالاکییەکانی تاژێ دا لە زۆربەی ناوچە، شار، شارۆچکەکان لەگەڵ ئەنجوومەنی گەل، ئەنجومەنی ژنانی ئێزدیش دامەزرێندرا، کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی دەکەن.

لە گرنگترین کارەکانی تاژێ درووستکردنی “تۆڕی هاوکاریی ژنانی ئێزدییە، لە ڕێگەی پەیوەندییە دەرەکییەکانیانەوە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی ئەو ژنانەی بە دیلی کەوتوونەتە دەستی داعش و کار بۆ ڕزگارکردنیان دەکات، ڕۆڵێکی ستراتیژیی دەگێڕێت.

لە ئێستادا لە خەباتی ژنانی گەنجدا، ڕاگەیاندن، تەندرووستی، ئەکادیمی، دیپلۆماسی، ئابووریی، کەلتوور، هوونەر و زۆر شتی دیکە و لە زۆر کاردا ڕێکخراوەیی هەیە و هەمووشی بە بەژداریکردنی ژنانی ئێزدییە، کار و چالاکیی بۆ ژنانی ئێزدی و کۆمەڵگە ئەنجام دەدەن.

دیپلۆماسیەتی تاژێ لە هەموو عێراق و جیهان دەناسرێت و چالاکیی گرنگ ئەنجام دەدات، بوو بە ئامڕازێک بەردەوامی بە پێشخستنی ژنانی ئێزدیی بەرەو ئاستێکی باڵا دەدات.

هەروەها تاژێ لەم دواییانەدا ماڵپەڕێکی بە ناوی “تاژێ-شنگال” کردووەتەوە، کە کار و چالاکیی و ئامانجەکانی تێدا بڵاو دەکاتەوە.

پێشکەوتنی تاژێ بۆ شنگال یەکێکە لە چالاکییە ستراتیژیی و ژیانییەکان، کە کاریگەرییەکی زۆر بەهێزی هەیە، هێز و چالاکیی ژنانی ئێزدیی بەهۆی تاژێ ‌هەتا دێت بەهێزتر دەبێت، ژنان لە بێ ئیرادەی هاتوونەتە دەرەوە و بوونەتە خاوەن ئیرادە و بڕیار و دامەزراوەی خۆیان، ئەوەش بووەتە باڵاترین هێز بۆ پێکهاتەی ئێزدی بۆ خەباتی ئازادیی و بە فەرمی ناساندنی خۆبەڕێوەبەریی شنگال.

ب.ق

Comments are closed.