سلێمانی
ئەمڕۆ لە درێژەی کاروچالاکیەکانیدا ڕێکخراوی میدیا، کۆڕێکی لە ژێر ناونیشانی “هونەری گفتوگۆ” ڕێکخست، کە تێیدا پێشکەشکارانى کۆڕەکە قسان لەسەر سێ تەوەری گرنگ کرد ئەوانیش، هونەری قسەکردن و چارەسەرکردن و گوێگرتن.
سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ لە هۆڵی خاکی شاری سلێمانی، ڕێکخراوی میدیا بە ئامادەبوونی کەسایەتی و چالاکوانان و ئەدەب دۆستان، کۆڕێکی لە ژێر ناونیشانی “هونەری گفتوگۆ” بۆ مامۆستا نیاز ئەبوبەکر ڕێکخست.
نیاز ئەبوبەکر لە کۆڕەکەدا تیشکی خستەسەر سێ تەوەر، کە هەریەکە لە تەوەرەکان بریتی بوون لە هونەری قسەکردن و چارەسەرکردن و گوێگرتن و وتی: بۆ ئەوەی کارەکانت بەسەرکەوتوویی بەڕێ بکەیت، پێویستە لەکاتی قسەکردندا شێوازێک نەرم و سەرەنج ڕاکێشی قسەکردن بەکاربهێنیت دوور لە زمانی زبرو ڕەخنەگرتن.
سەبارەت بە هونەری گفتوگۆکردن لە کاتی چارەسەی کێشەکاندا ئەوەی خستەڕوو، کاتێک تاکێک بەرپرسیارێتی وەردەگرێت وەک بوون بە سەرۆکی خێزان یاخود بەڕێوەبەری کار، پێویستە بەردەوام شێوازی قسەکردنی ڕازی کەر لەگەڵ تاکی بەرامبەر بەکاربهێنێت و لە کەمترین ماوەدا بتوانێت چارەسەری کێشەکان بکات، ئەمەش بە بەکارهێنانی زمانێکی گفتوگۆی پاراو و دوور لە ناڕاستی ڕووداوەکان دەبێت، کە بوونەتە سەرچاوەی کێشەکە.
هەروەها ئەو مامۆستایە لەبارەى هونەری گوێگرتنیشەوە ئەوەشی ڕوونکردەوە، بۆ ئەوەی ئەوەی قسەکەری باش بین لە ناو کۆڕو کۆبوونەوەکان دەبێت گوێگرێکی باشی پرسەکان بن و ڕەخنەگری دروستکەر بن بۆ تاکی بەرامبەر، چونکە ئەمە وا دەکات لەلای کەسی بەرامبەر متمانەی خۆت دروست بکەیت و لە کاروبارەکانیدا ڕاوێژت پێبکات.
لە کۆتایی کۆڕەکەیشیدا نیاز ئەبوبەکر، بە ڕۆژ نیوزی وت: ئامانجمان لە ئەنجامدانی ئەم کۆڕە هۆشیارکردنەوە و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگەیە بە تایبەتیش توێژیی خوێندکارانی قوتابخانەکان لە ڕووی وشێوازی بەکارهێنانی وشەی گونجاو بۆ گفتوگۆکردن.
وتیشی: پێویستە هونەری گفتوگۆکردن لە پەروەردەی خێزانییەوە دەست پێبکات و قوتابخانە و زانکۆکانیش درێژە پێدەری بن.
ه.ح
Comments are closed.