پیلان
کوردستانی گەورە کەوتووەتە ژێر هەڵمەت و پیلانێکی بەرفراوانی دوژمنانەوە کە داگیرکەرانی هەر چوار پارچەکە ، تیادا هاوبەشن.
سووریاو تورکیا پیلان دەگێڕن بۆ داگیر کردنی ڕۆژئاڤاو بەرپا کردنی باری ناسەقگیری لەو ناوچانەی لەژێر سایەی و دەسەڵاتی خۆسەریدان. .
عیڕاق لە کەرکوک خوێنی کورد دەڕێژێ و گوێ بە پرانسیپەکانی مافی مرۆڤان نادات.
ئێران و عیڕاق ڕێک کەوتوون بۆ چەک کردن و خامۆش کردنی هێزەکانی ڕۆژهەڵات. پەکەکەش دەمێکە وەک هێزێکی ترۆرست ناسێنراوە. هاوپەیمانانیش زوو زوو هەڕەشەی کشانەوە لەهەرێم دەکەن جارێک بە بەبیانووی یەک نەگرتنی هێزی پێشمەرگە، جارێکیش بە بیانووی دواکەوتنی هەڵبژاردن.
سەیرە نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان کە خۆ لە بچووکترین ڕووداوی پێشێل کردنێ مافی مرۆڤان لە هەرێم، هەڵدەداتێ- کە جێی خۆیەتی-، کەچی بۆ لە خوێن ڕشتنی لاوی کورد لە کەرکوک نقەی لێوە نایە و خۆی کەڕ کردووە.
ئەمە جگە لەوەی دەسەڵاتدارانی عیڕاق لەڕێی فشاری دارایی و ئابوورییە دەکۆشن دەسەڵاتی سیاسی هەرێم و سیاسەتی سەربەخۆی ئابووری لەبێن بەرن و تەنانەت کەمتر لە قەبارەی پاریزگایەک مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن.
ئەمانە هەموو پیلانی بەیەکەوە گرێدراون و نەخشە بۆ داڕێژراون و پێویست بە لێکدانەوە و هەڵوێستەی حیزبە کوردیەکان دەکات لە هەر چوار پارچەکە.
بەداخەوە هێزە سەرەکیەکانی باشووریش تادێ پتر لێک دەترازێن و هیچ هیوایەک نییە بۆ خڕکدنەوەیان لەژێر ئاڵای کوردستاندا تا یەک دەست ڕوو بەڕووی ئەو مەترسیانە ببنەوە.
گەل بریندارە داواتان لێدەکات، واز لە شەڕەدەنوکێ و شەڕی بەرژەوەندیەکانتان بێنن. خاک و گەل پیرۆز ترە لە بیری نەوت و دەسکەوتە مادیەکان.
ئێستا کاتی بانگەشە و بەستنی کۆنگرەی نەتەوەییە کە پێم وایە لەو بارو دۆخە ناسک و ناڕوونەدا، زەرووڕەتە.
ئەم گەلەکۆمەکییە ناوەکی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتییە چیە، دژی نەتەوەی کورد، ئاخۆ چ سینایۆیەکی خەتەرناکی لەناو هەناوی خۆیدا، هەڵگرتبێت
قوبادی جەلیلزادە
Comments are closed.