نەبوونی کۆدەنگی نیشتیمانیی وایکردووە پارتی یاری بە ئاگر بکات!

ئاراس ئیبراهیم

لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و حیساب نەکردن بۆ هیچ شتێک و نەبوونی ستراتیژ و ئەڵتەرناتیڤ، خۆ دانەدەست “ئەگەر سەری گرت سەری گرت ئەگەر سەری نەگرت بڵێن سوار سەری خۆی بووە” دواتریش سازش بۆ بەغدا و دەستپێکی زاڵبوونی هەژموونی عێراق و کارپێکردنی بلدۆزەری بەغدا بوو بۆ ڕاماڵینی هەژموون و دەسەڵاتی کورد کە بە خوێنی هەزاران شەهید و ڕۆڵەی هەر چوار پارچەی کوردستان بەرهەم هاتبوو، هاوکات لەو سەروبەندەدا دەستپێکی لێکترازان و درووسبوونی ڕق و کینەی حزبیی و درووستکردنی مەرجەع و خۆ فەرزکردن و بەردەوامییدان بە سەرکێشیی دەستی پێکرد، عێراق و تورکیا و ئێرانیش دۆستایەتییان لەسەر بنەمای دژایەتی کورد پتەوتر کرد و نەبوونی کاریزمایەک و پێشڕەوێکی حەکیم لەناو کورددا و دەرس وەرنەگرتن لە هەڵەکانی پێشتر هێندەی تر دۆخەکەی ئاڵۆزتر کرد.

لە هەرێمی کوردستانیش داهاتێکی بێشومار هەیە کە دەتوانرێت بێ چاوەڕوانی و سوڵکردن لە بەغداد تەنها بە داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەکان موچە و خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیان دابین بکرێت بەڵام بەهۆی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامان و بوونی ڕێژەیەکی زۆر کادری حیزبی بە پارە کڕدراو و بازرگانی بەرپرسان و نەوەکانیان ناچارن بڵین داهات نییە و موچە دابین ناکرێت بەڵام…

خۆیان ساڵانە ملیارەها دۆلار بۆ میدیاکانیان تەرخان دەکەن بۆ بڵاوکردنەوەی ژەهر و ڕق و کینە و گەوجاندنی خەڵکی… بۆ ئەوە پارە هەیە!

بۆ سەفەر و کەیف و سەفای خۆیان و نەوەکانیان ملیۆنان دۆلار سەرف دەکرێت ….بۆ ئەوە پارە هەیە!

بۆ درووستکردنی سیخوڕ و بەکرێگیراو بۆ خزمەتی وڵاتانی داگیرکەر دژی کوردان و وڵاتپارێزان… بۆ ئەوە پارە هەیە!

بۆ کڕینی فڕۆکەی تایبەت و کڕینی شوقە و ڤێلا و کڕینی دوکانی کرێم فرۆشتن لە کەناراوەکانی ئەمریکا… بۆ ئەوەش پارە هەیە!

بۆ هێنانی گۆرانیبێژ و یوتوبەر و مۆدێلیست و تێکدانی شیرازەی جوانی کۆمەڵگەی کوردی…. بۆئەوەش پارە هەیە!

بەڵام بۆ مووچە و خزمەتگوزاری هاوڵاتییان و دابینکردنی خزمەتگوزاریی… پارە نییە و داهات بەش ناکات.

لە کاتێکدا پێشتر هەر ئەم حکومەتە نەبوو دەیوت ئەگەر داهاتی سلێمانی کۆ بکرێتەوە دەتوانین موچە دابین بکەین؟! ئەی ئێستا داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەکان لە کوێن و دەچنە گیرفانی کێوە؟ واز لە چەواشەکاریی و هەواڵی بەپەلە بهێنن واز لە گەوجاندن بێنن حەقیقت و ڕاستی بە خەڵک بڵێن چی لێدێت و بۆ کوێ دەچێت؟ یان ئەوەتا ئێستا لەباتی پارەی نەوت داهاتی ناوخۆ دەچێتە گیرفانی بەرپرسانەوە!! یان ئەوەتا دەیانەوێت جارێکی تر بۆ بەرژەوەندی تەسکی حیزبی و بنەماڵەیی هەستی قەومی و نەتەوەیی کورد بجوڵێنن و بگەوجێنن بەرامبەر ئەو ئێراقەی کە بە دەستی خۆتان هەموو شتێکتان تەسلیم کردن!!

پێشینان دەڵێن قسە هەزارە دووانی بەکارە…. لە کاتێکدا کە تەواوی لایەنەکان گەشتوونەتە ئەو قەناعەتەی کە پارتی سەری مارەکەیە و بە خواستی خۆی و بنەماڵەکەی کار دەکات و سیاسەت دەکات کەواتە بۆ کۆدەنگییەک درووست ناکەن؟

بێدەنگی حیزبەکان و لەناویشیاندا یەکێتی نیشتیمانی جێگەی سەرسوڕمانە لە پاش ئەو هەموو تەخوین و سوکایەتییەی پارتی و میدیاکانی بە هەرکەس و لایەنێکی دەکەن کە وەک خۆیان بیرنەکاتەوە!

کەواتە بۆچی یەکێتی نیشتیمانی نایەت دەستپێشخەرییەک بکات بۆ کۆکردنەوەی تەواوی لایەنە سیاسییەکان جگە لە پارتی بۆ ئەوەی بڕیارێک بدەن و دۆخی هاوڵاتیان و تەواوی توێژەکان چاک بکەن؟

بۆ نایەن کۆدەنگییەکی نیشتیمانی لە دەرەوەی پارتی درووستبکەن بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم لەو مەترسییانەی کە بەڕێوەن؟

ئێستا ئەوەی لای هەمووان ئاشکرا و ڕوونە، نەبونی ئەقڵێکی ژیری بەڕێوبردن و بڕیاردانە لە باشووری کوردستاندا کە هەمووان لە بەرامبەریدا بەرپرسیارن و دواجاریش خەڵک کرداری دەوێت نەک قسەی زل و بەیاننامە و ئیدانەکردن.

چونکە لە کۆتایدا ئەو ئاگرەی پارتی یاری پێدەکات هەموو حیزبەکان و هەرێمیش دەسوتێنێت ئەوسا خۆی دەکاتە سوتماک چونکە فەلسەفەی پارتی ئەوەیە.

ئەوەی بۆ خۆی نەبێت نابێت بۆ هیچ کەس و لایەنێکی تر بێت!

Comments are closed.