هاوسەرۆکانی شارەوانی بناری قەندیل دژی بۆردوومانەکانی تورکیا داوای هەڵوێست دەکەن

بناری قەندیل

هێرشە داگیرکارییەکانى دەوڵەتى داگیرکەریی تورک لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و بە تایبەت لە بناری قەندیل دەوڵەتى فاشیست هاوڵاتیان و شوێنى دانیشتووان دەکاتە ئامانج، هاوسەرۆکانی شارەوانی بناری قەندیلیش سەڕەرای ئیدانەکردنی ئەو هێرشە داگیرکارییانە، داوای هەڵوێست لە هەموو لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی کوردستان و هەردوو حکومەتى عێراق و هەرێم دەکەن.

سەرەڕای هێرشە بەردەوامەکانى دەوڵەتى تورک بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانى باشووری کوردستان، ڕۆژی ٥ی ئەیلول، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک ئۆتۆمبێلێکی بارھەڵگر کە لە نزیک بینای شارەوانی بناری قەندیل وەستابوو بۆردوومان کرد، بەو هۆیەوە تانکی گازی ئۆتۆمبێلەکانی شارەوانی گڕی گرت و زیانێکی زۆری مادی بە چەند ئۆتۆمبێلکی شارەوانی گەیشت.

سەبارەت بەو بۆردوومانە و زیانەکانی، هاوسەرۆکانی شارەوانی بناری قەندیل بۆ ڕۆژنیوز قسەیان کرد و ئاماژە بەوە دەکەن، وەکو شارەوانی و وەکو خەڵکی بناری قەندیل هەرچەندە دەوڵەتی تورک هێرشەکانی بەردەوام بکات ئەوان هەرگیز کۆڵنادەن و بەردەوام دەبن لە تێکۆشان بۆ گەلی کورد.

دڵشێر ئیبراهیم
دڵشێر ئیبراهیم

دڵشێر ئیبراهیم هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل ئاماژە بە زیانەکانی ئەو بۆردوومانە دەدات و باس لەوە دەکات، ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگری هاوڵاتییان لە نزیک شارەوانی بناری قەندیل کرا بە ئامانج، بەهۆی نزیک ڕاگرتنی ئەو ئۆتۆمبێلەوە لە بینای شارەوانی، زیان بە بینای شارەوانیش گەیشتووە هەروەها گاز، دەرگا و پەنجەرە، تایە و شوشەی ئۆتۆمبێلەکانیان لەگەڵ کۆمەڵێک کەرەستەی دیکەیان زیانی بەرکەوتووە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.

وتیشی: ئەمانە هەمووی نموونەی ئەوەن کە دەوڵەتی تورک ڕۆژانە بە بیانووی جیاجیا کورد دەکات بە ئامانج لە بناری قەندیل و هەموو ناوچەکانی دیکەش، خەڵک و حکومەتی هەڕێم و عێراق و سەرجەم لایەنەکان دەبێت یەکگرتووبن، بۆ ئەوەی بتوانن سنوورێک بۆ ئەو سیاسەتەی تورکیا دابنێن، مەبەستی ئەوان ئاشکرایە کە تەنها لایەنێکی دیاری کراو نییە، بەڵکو هەموو گەلی کوردە.

سەروین جەلال
سەروین جەلال

سەروین جەلال هاوسەرۆکی شارەوانی سەبارەت بەو بابەتە ڕایگەیاند: لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانەدا خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام زەرەر و زیانێکی زۆر بەر بینای شارەوانی و چەند کەرەستەیەک گەیشتووە و چەندین کەرەستەمان لەکار کەوتوون، ئەمەش وایکردووە نەتوانین چەند ڕۆژێکە وەکو شارەوانی بناری قەندیل خزمەت بە هاوڵاتییانی بنارەکە بکەین.

هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل وتیشی: ئیدانەی هەموو هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دەکەین، لێرەوە دەڵێین وەکو شارەوانی و خەڵکی بناری قەندیل هەرگیز کۆڵنادەین و بەردەوام دەبین، دەوڵەتی تورک هەرچەندە هێرشەکانی بەردەوام بێت ئێمەش زیاتر بەردەوام دەبین لە تێکۆشان، پێویستە ئێمە وەکو گەلی کورد هەڵوێستمان و کاردانەوەمان هەبێت، بتوانین لە ناو خۆماندا یەکگرتوو و بەهێز بین.

سەروین جەلال داوا لە هەر تاکێکی کورد دەکات لە هەر کوێیەکی دنیا بن، خاوەن هەڵوێست بن بەرامبەر بەو هەوڵانەی دەوڵەتی تورک، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە هەموو یاساکان دەرچووە، لە هیچ یاسایەکی جیهانیدا نیە کە لە جێگایەکدا کە خەڵکی مەدەنی تێدا بژی و ئاوەدان بێت هێرشی ئاسمانی تێدا ئەنجام بدرێت.

بناری قەندیل یەکێکە لەو ناوچانەى هەرێمی کوردستان کە زیاتر لە هەر ناوچەیەکى دیکەى هەرێم، بەبەردەوامی و ڕۆژانە لەلایەن دەوڵەتى داگیرکەریی تورکەوە بۆردوومان دەکرێت و هاوڵاتیانى مەدەنى شەهید دەکات و زیان بە ماڵ و موڵکی دانیشتووانەکەی دەگەیەنێت، بۆیە جیاواز لە ناوچەکانى دیکەش تا ئێستا دانیشتووانى گوندەکانى ئەو سنوورە لەسەر ماڵ و موڵکی خۆیان ماونەتەوە و ڕووبەڕووی دەوڵەتى داگیرکەریی تورک وەستاونەتەوە.

هـ.ح

Comments are closed.