شەڕڤانان لە منبج دەیان چەتەی تورکیان سزا دا

ناوەندی هەواڵەكان

هێزەكانی ئەنجوومەنی سەربازیی منبج درەنگانی ئەمشەو  بەرپەرچی هێرشێكی چەتەكانی سەر بە دەوڵەتی داگیركەریی توركیان دایەوە، بۆ سەر ناوچەكانی باكووری ڕۆژئاوای منبج و دەیان چەتەیان سزا دا و چەندین ئۆتۆمبێلیان تێکشکاند.

دەوڵەتی داگیركەریی تورك بۆ تێكدانی شەقامگیریی و ئارامیی ڕۆژئاوای كوردستان و سووریا، لە ڕێگەی گرووپە چەتەکانییەوە هێرش بۆ سەر ناوچەكانی منبج و دەوروبەری ئەنجام دەدات، بەڵام شەڕڤانان دەمودەست بەرپەرچیان دەدەنەوە و هێرشەکان پووچەڵ دەکەنەوە.

لە درەنگانی ئەمشەو  چەتەكانی دەوڵەتی داگیركەریی تورك هێرشێكی زەمینی فراوانیان بۆ سەر منبج دەست پێکرد هاوکات ناوچەکەیان بە تۆپ و هاوەن و مووشەک بۆمباران کرد، بە تایبەتی گوندەکانی  گوندەكانی عەرەب حەسەن، موحسنلی، تۆخار، ئوم ئەداسە و ئوم جەلوود لە باكوور و ڕۆژئاوای منبج.

هاوکات شەڕڤانانی ئەنجوومەنی سەربازیی منبج ڕووبەڕووی ئەو هێرشە بوونەتەوە، كە لەلایەن بەكرێگیراوانی دەوڵەتی داگیركەریی توركەوە ئەنجامدرابوو، تا كاتژمێرەكانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێكدادان  بەردەوام بوو.

شەڕڤانانی هێزەكانی ئەنجوومەنی سەربازیی منبج هێرشەكەیان پووچەڵ كردووەتەوە، لە ئەنجامدا دەیان چەتە كوژراون و برینداربوون، هەروەها ژمارەیەك لەو ئۆتۆمبێلانەش لەناوبراون كە هێرشەكەیان پێ ئەنجامدرا بوو.

لە ٢٧ـی ئابەوە دەوڵەتی داگیركەریی تورك هێرشەكانی بۆ سەر باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا چڕتر كردووە، كە ناوچەكانی شەهبا، منبج، عەین عیسا و تل تەمری كردووەتە ئامانج، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ ئەو ئۆپەراسیۆنەی كە هێزەكانی سووریای دیموكرات بۆ “پتەوکردنی ئاسایش” كە لە ڕۆژهەڵاتی كەناری ڕووباری فورات لە ناوچەی دێرەزوور، دژی شانەکانی چەتەكانی  داعش و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر دەستی پێكردووە.

هـ.ئ

Comments are closed.