ڕیهام حەسەن: ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە پیلانگێڕیی و ئاژاوەی دەوڵەتی تورکە

کوردستان

ڕیهام حەسەن، هاوسەرۆکی دەستەى خۆبەڕێوەبەریی شنگال، دەڵێت: ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی کەرکووک و سووریا و ناوچەکە ئاژاوەی دەوڵەتی تورکە، ئەو ناوچانەی بە فکری ڕیبەر ئاپۆ خۆیان بەڕێکخستن کردووە دەبنە ئامانجی دەوڵەتی تورک و هاوکارەکانی، بەڵام ئێمە ڕێگا نادەین گەلەکەمان ببێتە قوربانی هیچ پلانێکی ناوخۆیی و دەرەکیی.

سەبارەت بە دۆخی شنگال و کەرکووک و ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا بە گشتی و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییە، هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەریی شنگال ڕیهام حەسەن، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

ڕیهام حەسەن وتی: لەو ناوچانەی یەکێتی گەلان پێشکەوتووە، گەلان خۆیان هەرێمەکەیان بەڕێوە دەبەن، یان لەسەر فکری ڕیبەر ئاپۆ گەیشتوون بە نەتەوەی دیموکراتیک و خاوەنی ئیرادەن، ئێستا ئامانجی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و هاوکارەکانین، پەدەکە لە هەموو لایەکەوە هاوکاری دەوڵەتی تورک دەکات، لە شنگال هەتا مەخموور، لە ڕۆژئاوا و کەرکووک ناوچەیەکی بەرفراوانیان کردووەتە ئامانج، پێشتر داعش بە هاوکاریی دەوڵەتی تورک بە تایبەتی هێرشی دەکرە سەر ئەم ناوچانە، بەڵام نەیتوانی سەرکەوتوو بێت، ئێستا ئیتر دەوڵەتی تورک خۆی دەیەوێت سەروەریی خۆی لەسەر ئەم ناوچانە بسەپێنێت، بەڵام گەلانی هەرێمەکە بە یەکگرتوویی خۆیان، ئەو پلانانە لەناو دەبەن.

دەشڵێت: ویستیان لە شنگال، ڕۆژئاوا و بە تایبەتی لە دێرەزوور ئاژاوە و پشێوی و درووست بکەن، گرژیی و ئاڵۆزیی لە نێوان خێڵ و عەشیرەتەکاندا درووست بکەن، دەیانویست بەوە یەکێتی گەلان کە لە ڕۆژئاوا پێشکەوتووە و خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لاواز بکەن، بەڵام بەهۆی بەرخۆدانی گەلانی ڕۆژئاوا و هێزەکانی پاراستن پلانەکەیان سەرنەکەوت، ئێمە وەک کۆمەڵگای ئێزدیی و خەڵکی شنگالیش خۆمان وەک ئامانجی پیلانەکانی دەوڵەتی تورک دەبینین، بەڵام ئامادەکاریمان بۆ هەر جۆرە پیلانێکی نوێ هەیە، ئێمە بە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ خۆمان بەڕێکخستن کردووە و بەڵێنمان داوە گەلەکەمان لە دژی هەموو جۆرە هێرش و پیلانێک بپارێزین، ڕۆحی نیشتمانپەروەریی زیندووە و هیوای سەرکەوتن لە چاوی هەموواندا دەبینرێت، بۆیە مەحاڵە پلانەکانیان لەم ناوچەیەدا سەربکەوێت.

سەبارەت بە ئامادەکاری گەل بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پلانەکان، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری شنگال وتی: کۆمەڵگای ئێزدیی هەمیشە بۆ پاراستنی بیر و باوەڕیان بەرخۆدانیان کردووە، وەک خۆبەڕێوەبەریی شنگالیش ئامادەین گەلەکەمان لە هەموو جۆرە هێرشێک بپارێزین، بە شەڕی گەلی شۆڕشگێریی سەرکەوتن بە دەست بهێنین و گەلەکەمان بگەیەنینە ئاستێک ئیتر نەبێتە قوربانی هیچ پلانێکی ناوخۆیی و دەرەکیی.

ڕیهام تیشکی خستە سەر هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و وتی: دەیانەوێت لە ژێر ناوی دەرکردنی یاسای نوێوە پلانەکانیان بە ڕێگای هەڵبژاردن لەسەر گەلەکەمان بسەپێنن، دەبێت گەلەکەمان ئەمە بزانێت و هۆشیار بێت، ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئێمە گرنگە، بەڵام دەیانەوێت لە هەڵبژاردنەکاندا سوود لە ئاوارەکان وەربگرن، گەڕانەوەی خەڵک دەستی پێکردبوو، بەڵام بەهۆی هەڵبژاردنەوە جارێکی دیکە وەستان، دەبێت گەلەکەمان هەست بەو پیلانە سیاسییانە بکات و نەبێتەو قوربانیی، ئەوە بزانن پەدەکە بە هیچ شێوەیەک خزمەتی ئێمەی ئێزدیی ناکات، بەڵام ئێستا لە شنگال پارتە ئێزدییەکان هەن، ڕێککەوتن هەیە، بە یەکگرتوویی کارەکانیان ئەنجام دەدەن، گەلەکەمان دەتوانێت لەو ڕێگایەوە بگات بە مافەکانی خۆی.

ب.ق

Comments are closed.