بەهۆی شەڕی گرووپە چەكدارەكانی لوبنانەوە ١٠ کەس برینداربوون

ناوەندی هەواڵەكان

لە شەوی ڕابردووەوە، تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەڕ و پێكدادانی توند، لە نێوان چەكدارانی فەتح و گرووپە توندڕەوەكان  لە لوبنان بەردەوام بوو، بەو هۆیەشەوە تا ‌ئێستا ١٠ كەس بریندار بوون و ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتییانیش ئاوارەبوون.

بە گوێرەی میدیا ناوخۆییەکانی لوبنان و میدیا جیهانییەکان، لە شەوی ڕابردووەوە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ، شەڕ و پێكدادانی توند لە نێوان چەكدارانی فەتح و گرووپە چەکدارە توندڕەوەكانی لوبنان لە كامپی عەین حلیوە لە لوبنان شەڕ و پێکدادان بەردەوام بووە و بەو هۆیەشەوە قوربانی هەبووە.

بە پێی زانیارییەکان، بەهۆی ئەو شەڕ و پێكدادانەوە ژمارەیەكی زۆری دانیشتووانی كامپەكە هەڵهاتوون و ئاوارە بوون، چونكە لە شەڕەكەدا بە چەندین جۆری چەكی قورس بەکار هاتووە، هەروەها دەنگی دۆشەكە بیستراوە.

میدیاكانی لوبنان بڵاویان كردەوە، تا ئێستا بەهۆی شەڕ و پێكدادانەكانەوە ١٠ هاوڵاتیی بریندار بوون، هەروەها دەوامی سەرجەم  فەرمانگە و خوێندنگەکان و زانكۆكانی ئەو ناوچەیە ڕاگیراوە.

ئەوەش خراوەتە ڕوو،  ئەو گرووپانە پێشتریش ڕووبەڕووی یەكتر بوونەوەتەوە، لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەفتەی پێشوویاندا ١٣ هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا.

كامپی عەین حلیوە لە لوبنان زیاتر لە ٥٤ هەزار پەنابەری فەڵەستینی تێدایە، دوای تێكچوونی بارودۆخی سووریا بە سەدان ئاوارەی سووریش ڕوویان لەو کامپە کردووە.

 هـ.ئ

Comments are closed.