باران گەرمیانی
پێنج ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە، سێ گەنجی ئازادییخوازی کوردی بە ناوەکانی زانیار مورادیی، لوقمان مورادیی و ڕامین حسێن پەناهی لەسێدارە دران، هەتا ئەمڕۆش پەت و سێدارە، تاکە دیاری ئەو ڕژێمەیە بۆ گەردنی ئازادییخوازان، تەنها لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٣٥٤ کەس لەسێدارە دراون.
ئەمڕۆ، پێنج ساڵ تێدەپەڕێت، بەسەر لە سێدارەدانی شەهیدانی سێدارە هەریەک لە ( زانیاری مورادیی، لوقمان مورادیی و ڕامین حسێن پەناهی)، کە لە بەرەبەیانی ٨ـی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٨، لە زیندانیی ڕەجائی شەهری کەرەج، لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە لە سێدارە دران.
ڕامین حسێن پەناهی، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٧ـدا لە شاری سنە دەستگیر کرا و پاش شەش مانگ ئەشکەنجە و هێشتنەوەی لە زیندانی تاکەکەسیدا، “دادگای سنە” سزای سێدارەی بەسەردا سەپاند، دوای ئەوەی لەناکاو لە زیندانیی سنەوە گوازرایەوە بۆ زیندانیی ڕەجائی شەهری کەرەج و لەوێ بە دوورینەوەی لێوەکانی مانی لە خواردن گرت، چالاکییەکەی ڕژێمی ئێرانی ڕانەگرت و لە بەرەبەیانی ڕۆژی ٨ـی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٨ـدا لەسێدارە درا.
هەروەها زانیار و لوقمان مورادیی، لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠٠٩ـدا لە شاری مەریوانی سەر بە سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیر کران و پاشان بۆ ماوەی نۆ مانگ لە زیندانی ئیتلاعاتی شاری سنە ئەشکەنجە دران و لە زیندانیی تاکەکەسیدا ڕاگیران، سەرئەنجام لە ساڵی ٢٠١٠ـدا گوازرانەوە بۆ زیندانیی ئەوینی تاران و پاش ماوەیەکی کورت، بەهۆی ئەو دانپێدانانەی لە ژێر ئەشکەنجەوە لێیان وەرگیرابوو، لەلایەن “دادگای تاران”ـەوە سزای سێدارەیان بە سەردا سەپێندرا و ڕۆژی ٨ـی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٨ـدا لە زیندانی ڕەجائی شەهری کەرەج لە سێدارە دران.
ئەمە لە کاتێکدا بوو کە باوکی زانیار مورادیی، بەناوی (ئیقبال موردایی) کە چالاکوانێکی سیاسیی و مافەکانی مرۆڤ بوو، ڕۆژی ١٨ـی تەمووزی هەمان ساڵ، واتە ٣٩ ڕۆژ پێش لەسێدارەدانی کوڕەکەی لە شارۆچکەی پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی لە باشوری کوردستان تیرۆرکرا، کە بە پێی هەموو بەڵگە و زانیارییەکان، لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە تیرۆر کرابوو.
لە پاش پێنج ساڵ چی گۆڕاوە؟
ئەگەرچی هاواری ئازادیی پایەکانی ڕژێمی ئێرانی هێناوەتە لەرزین و هەموو گۆشە و سوچ و کۆڵانێکی ئەو وڵاتە بە درووشمی ” ژن ژیان ئازادیی” دەنگدەداتەوە، بەڵام هێشتا تاکە دیاری ڕژێمی ئێران بۆ گەردنی ئازادییخوازان پەت و سێدارەیە.
بە پێی ئامارێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، لانیکەم ٣٥٤ کەس لە سێدارە دراون و زۆرینەیان بە هۆی تۆمەتی سیاسیی و ڕێکخستنییەوە بووە و داوای ئازادییان کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە، نزیک دەبینەوە لە ساڵیادی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادیی” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، کە لە ١٧ـی ئەیلوولی ساڵی پار بە کوژرانی ژینا ئەمینی، لە ژێر ئەشکەنجەدانی توندی “پۆلیسی ئەخلاقیی” ڕژێمی ئێرانەوە سەریهەڵدا، لە ترسی ئازادییخوازان ڕژێمی ئێران، ڕێبازەکانی زەبروزەنگ و سەرکووت کردنی دەنگی ئازادیی توند کردووەتەوە و ڕەشبگیریی دەست پێکردووە بە تایبەتی لە دژی ژنان.
ب.گ
Comments are closed.