یەڵماز گونای… ڕابەری سینەمای کوردیی

باران گەرمیانی

ئەمڕۆ ٣٩ ساڵ تێدەپەڕێت بە سەر ژیانئاوایی ڕابەری سینەمای کوردیی یەڵماز گونای، دەرھێنەر، سیناریست، ڕۆمان نووس و ئەکتەرێکی ناودار و بێوێنە، هاوکات شۆڕشگێڕێک لە گۆڕەپانی کەلتوور و هونەر، بە هونەرەکەی شەڕی دوژمن و داکۆکی لە مافی گەلەکەی و چینی کرێکاران دەکرد، لە سەر هەڵوێستە مرۆیی و نەتەوەییەکانی وڵاتبەدەر کرا و ئاوارە بوو.

یەڵماز گونای، لە ١ـی نیسانی ساڵی ١٩٣٧، لە گوندی یەنیجەی شاری ئەدەنەی تورکیا لە دایک بووە، کوردێکی زازای باکووری کوردستان بوو، لەو تەمەنە کەم و پڕ بەرهەمەی کە ژیاوە، دەرهێنەر، سیناریست، نووسەر، ڕۆمان نووسێکی ناودار و سەرکەوتوو بوو لە ئاستی سینەمای جیهانیی و ڕابەری سینەمای کوردیی بوو، خەمی گەلەکەی و کرێکارانی لە کۆڵ نابوو لەو پێناوەشدا قوربانی گەورەی دا.

دایک و باوکی یەڵماز کوردن و دایکی زازاکییە، پێکەوە لە کارگەیەکی لۆکەدا کار دەکەن، گونای هەر لە منداڵییەوە دەست دەکات بە کرێکاریی، چەندین کاری جیاوازی تاقی کردووەتەوە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە خێزانەکەی دەستکورت و نەدار بوون.

لە مانگی ئابی ساڵی ١٩٥٥، کاتێک کە خوێندکاری ئامادەییە یەکەمین وتاری خۆی دەنووسێت و بڵاوی دەکاتەوە، پاش هەفتەیەکیش دەست دەکات بە نووسینی شیعر و پەخشان و یەکەم شیعری خۆی دەنووسێت.

گونای لە ساڵی ١٩٥٧، بۆ ماوەی دوو مانگ لە بەشی یاسا لە زانکۆی ئەستەنبوول دەخوێنێت، پاش ئەوەی کە لە ڕێگەی یەشار کەماڵەوە ئاشنایەتیی لەگەڵ کۆمەڵێك سینەماکار بۆ درووست دەبێت، هاوشانی خوێندنەکەی گرنگی بە هونەر دەدات و تێکەڵ بە کاری سینەمایی دەبێت .

ئەو هونەرمەندە مەزنە، لە ١١١ فیلمدا وەک ئەکتەر ڕۆڵی گێڕاوە، ٥٨ سیناریۆی نووسراوی هەیە، هاوکات کاری دەرهێنانی بۆ ٢٠ فیلم کردووە و بەرهەمهێنەری ١٦ فیلمی دیکەیە و  یاریدەدەری دەرهێنەری پێنج فیلمیش بووە، لە ساڵی ١٩٨٢دەبێتە خاوەنی خەڵاتی نێودەوڵەتیی (کان) بۆ فیلمی (ڕێگا-YOL) کە یەکێکە لە گەورەترین خەڵاتە جیهانییەکان لە بواری سینەمادا.

لە بەشێکی زۆری فیلمەکانیدا، هەوڵدەدات ببێتە پارێزەری هونەر و کەلتووری کوردیی، هاوکات ببێتە بەرگرییکارێک لە چینی کرێکار لە ناو تورکیادا، هەر بۆیە لە ساڵی ١٩٧٤، تۆمەتی کوشتنی دادوەر سەفا موتلووی دەدرێتە پاڵ، بەڵام خۆی ڕەتی دەکاتەوە و ناچار دەبێت وڵات بەجێ بهێڵێت و ڕوو لە غەریبی بکات و لە وڵاتی فەڕەنسا دەگیرسێتەوە.

یەڵماز گونای، ساڵێک پێش ژیانئاوایی کردنی لە ساڵی ١٩٨٣ لەگەڵ جگەر خوێن، ھەژار و کۆمەڵێک ئەدیبی دیکەی مەزنی کورد، ئینستیوتی کوردیی پاریسیان دامەزراند، پاش چەند ساڵێک ژیان لە دوورە وڵات، سەرئەنجام لە ٩ـی ئەیلوولی ساڵی ١٩٨٤، لە تەمەنی ٤٧ ساڵیدا،  لە شاری پاریسی پایتەختی فەڕەنسا، بەھۆی شێرپەنجەوە لە غەریبیدا دڵە مەزنەکەی لە لێدان کەوت و بۆ هەمیشە ژیانئاوایی کرد، بەڵام هێشتا ئەو ڕۆحی سینەمای کوردیی و ڕابەر و ئایدیاڵە بۆ چەندین سینەماکاری ناوخۆ و جیهانیی و بەرهەمەکانی ڕکابەریان نییە.

ب.گ

Comments are closed.