کەرکووک
بەرپرسی مەڵبەندی ٢ی یەنەکە لە کەرکووک، داوا لە پەدەکە دەکات چیتر خەڵک نەکەنە قوربانی مەرامەکانیان دەست لەو کردەوانە هەڵبگرن کە دەبنە هۆی تێکدانى دۆخی شارەکە، دەشڵێت: ڕۆژی خۆپیشاندانەکەی ٢ـی ئەیلول، پاراستنی پارتى لە بارەگاکەیاندا دەوامیان دەکرد .
ڕۆژی ٢ـی ئەم مانگە خۆپیشاندانی ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی لە شاری کەرکووک بەڕێوە چوو، بەڵام گرژیی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان درووست بوو بەهۆیەوە چوار هاوڵاتی شەهید بوون و ١٠ کەسی دیکەش بریندار بوون، بەرپرسی یەنەکە لە شارەکە و هێزە ئەمنییەکان پەنجەى تۆمەتیان بۆ پەدەکە درێژ کرد کە لە پشتی گرژییەکانەوەیە بە هاوکاری دەوڵەتى داگیرکەریی تورک.
سەبارەت بەو دۆخەى شاری کەرکووک کە لە ڕۆژی ٢ی ئەم مانگەوە درووست بووە ڕەوەند مەلا مەحمود بەرپرسی مەڵبەندی ٢ــی یەنەکە لە کەرکووک بۆ ڕۆژنیوز ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە پەدەکە لە پشت ئاڵۆزیی و گرژییەکانى شاری کەرکووکەوە بووە و دەڵێت: ڕۆژی خۆپیشاندانەکە، پاراستنی پارتى لە بارەگاکەیاندا دەوامیان دەکرد، ئێمە ئەوە دەزانین، بەڵام هەموو خەڵکی کەرکووک ئەوە نازانێت.
سەرەتا ڕەوەند مەلا مەحمود لەبارەى درووستنەبوونى یەک لیستى بۆ هەڵبژاردنەکانى ئەنجوومەنى پارێزگاکان وتی: ئێمە هەر لە سەرەتاوە باوەڕمان بە یەک لیستی بوو، کە یەک لیستی درووست نەبوو، دەکرێت هەماهەنگ بین.
سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی کەرکووک پیلانەکانی پەدەکە لە دژی کەرکووک وتی: ئەو ڕووداوانە بۆ ئێمە زۆر ناخۆشبوون، بەشێکیان موزایەدەی سیاسین، ویستیان جوڵەیەک بکەن، لە ئەنجامدا کۆمەڵێ خەڵک بوونە قوربانی، ئومێدەکەم باشتر بیربکەینەوە نەهێڵین ئەوە دووبارە ببێتەوە.
بەرپرسەکەى یەنەکە ئەوەش ئاشکرا دەکات: ئەو ڕۆژەی عەرەب و تورکمانی سوونە، لە بەردەم ژووری ئۆپەراسیۆنەکان خێمەیان هەڵدابوو، پاراستنی پەدەکە لە ژوورەوە دەوامیان دەکرد، ئێمە ئەوە دەزانین، بەڵام هەموو خەڵکی کەرکووک ئەوە نازانێت، هیوادارام پەدەکە واز لە مامەڵانە بهێنێت، ئەگەر لەوێ بە هاوبەشی کار دەکەن با منداڵی خەڵک بە کوشت نەدەن.
بەرپرسی مەڵبەندی ٢ی یەنەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، بارەگا هی ئەوە نیە ئەو هەموو کێشەیەی لە سەر درووست بکرێت، پەدەکە ٢٠ بارەگای لە کەرکووک هەیە، با جارێ بین ١٧ بۆ ١٨یان ئاوەدان بکاتەوە، دواتر داوای ئەوەش بکاتەوە، حزبێکی کوردییە، لە ناوەندەوە مۆڵەتیان هەیە حەز دەکەین بێنەوە پێکەوە کار بۆ سەرکەوتنی کورد بکەین.
ڕەوەند مەلا مەحمود سەبارەت بە دوا هەڵوێستی پەدەکە لە سەر کەرکووک ڕوونی کردەوە: لە کۆبوونەوە پارتە سیاسییەکان لە هەولێر، کەمال کەرکووکی قسەکانی ئەوەنە ڕەق و ناخۆش بوو، هی ئەوە نەبوو بیانەوێت بە فەرمی بگەڕێنەوە، بە ئومێدم دڵیان نەرم بێت و بگەڕێنەوە بۆ شارەکەی خۆیان.
هـ.ح
Comments are closed.