سلێمانی
لە شاری سلێمانی مەراسیمێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی چارەسەری سرووشتیی ئەنجامدرا و هۆبەی چارەسەری سرووشتیی سلێمانی ڕایگەیاند، لە كۆی ٣١ ناوەندی چارەسەری سرووشتیی لە سنووری سلێمانی، ئەمساڵ نزیكەی ٤٨ هەزار کەس چارەسەریی سرووشتییان بۆ کراوە.
ئەمڕۆ لە ھۆتێل تایتانیك لە شاری سلێمانی، هۆبەی چارەسەری سرووشتیی لە ناوەندی تەندرووستیی پارێزگای سلێمانی، مەراسیمێکیان بۆ بەرز ڕاگرتنی ڕۆژی جیھانیی چارەسەریی سرووشتیی ئەنجامدا.

لە ناو مەراسیمەکەدا فاروق عومەر، لێپرسراوی هۆبەی تەندرووستیی چارەسەری سرووشتیی وتی: چارەسەری سرووشتیی ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە کەمکردنەوەی ئازار و دووبارە گەڕانەوەی نەخۆش بۆ ناو کۆمەڵگە، هەروەها کەمکردنەوەی بەکارهێنانی دەرمان و کەمکردنەوەی تێچوو لەسەر ناوەندە تەندرووستییەکان.
لێپرسراوی هۆبەی تەندرووستی چارەسەری سرووشتیی وتیشی: ناوەندەکانمان بەردەوام کار دەکەن بۆ هاوڵاتییان و ئەمساڵ، لە كۆی ٣١ ناوەندی چارەسەری سرووشتیی، نزیکەی ٤٨ هەزار کەس چارەسەری سرووشتییان بۆ کراوە.
باسی لەوەشكرد، كە دوو ئامێری تایبەت بە چارەسەری سرووشتیی دەهێننە سلێمانی، ئەم جۆرە ئامێرانە تەنانەت لە هەموو عێراقیشدا بوونی نییە و وتیشی: لە هەوڵەكانمان بەردەوامین تا بتوانین ساڵی داهاتوو، بۆ كردنەوەی بەشێكی تایبەت بە چارەسەری سرووشتیی لە زانكۆی پۆلەتەكنیكی سلێمانیی.
پاشان، هاوژین عوسمان، سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای كارمەندانی تەندرووستیی وتەیەكی پێشكەشكرد و وتی: بەداخەوە گرنگییەكی ئەوتۆ بە چارەسەری سرووشتیی نادرێت لەلایەن لایەنە پەیوەندییدارەكانەوە، پێویستە ئەم كەرتە باشتر بكرێت.
دواتر، بەڵگە فیلمێک دەربارەی چارەسەری سرووشتیی لە هەرێمی کوردستان و کار و چالاکییەکانی هۆبەی چارەسەری سرووشتیی لە ناوەندی تەندرووستی پارێزگای سلێمانی لە ڕێگای داتاشۆوە نیشاندرا.
لە كۆتایی مەراسیمەكەشدا، ڕێزلێنان بەسەر ٣٥ لێپرسراو و كارمەندی تەندرووستیی ناوەندە چارەسەرییە سرووشتییەكاندا دابەشكرا.
ب.گ
Comments are closed.