ژنان: خوێندنەوە ئامڕازێکە بۆ پاراستنی شووناس و ڕەسەنایەتی کورد

سلێمانی

ژنانی باشووری کوردستان بە گرنگیی و شانازییەوە لە وێژە و خوێندنەوە دەڕوانن و بە پێویستییەکی ڕۆژانەی دەزانن، هەروەها وەک ئامڕازێک بۆ پاراستنی زمان و ڕەسەنایەتی کورد پێناسەی دەکەن.

خوێندنەوە یەکێکە لە ئامڕازە گرنگەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی، زانست سەلماندوویەتی بە خوێندنەوەی باش هزر و توانای بیرکردنەوە بەهێزتر دەبێت، لەبارەی گرنگی خوێندنەوە بۆ سەرجەم قۆناغەکانی تەمەنی مرۆڤ، ژنانی ڕۆشنبیر و خوێنەری باشووری کوردستان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

لەنجە ئەحمەد
لەنجە ئەحمەد

مامۆستا لەنجە ئەحمەد، لەبارەی گرنگی خوێندنەوە وتی، خوێندنەوە پێویستیەکی گرنگی ڕۆژانەی هەموو تاکێکە لە هەر شوێنێکی جیهان بێت، گرنگیشە لە ڕۆژێکدا ئەگەر هیچ نەبێت پەڕاوێک بخوێنێتەوە.

ئەو ژنە مامۆستایە ئاماژەی بەوەشکرد، خوێندنەوە خۆراکێکی ڕۆحی و هزرییە و بە تایبەتیش بۆ گەنجان و منداڵان دەبێت گرنگییەکی زیاتری پێ بدەن، پێویستە زمانی کوردی چیتر زمانێکی فەرامۆشکراو نەبێت.

هاوکات ڕەخنەی ئاڕاستەی بەشێک لە وەرگێڕەکان کرد، کە تاکو ئێستا نەیانتوانیوە بە زمانێکی کوردیی پاراو وەرگێڕانەکانیان ئەنجام بدەن، بەڵکوو پەنایان بردووەتە بەر وەرگێڕانی وشە بە وشە و ڕستە بە ڕستە، کە وەرگێڕانێکی سەرکەوتووی لێ بەرهەم نایەت، ئەو ئەرکەشی خستە ئەستۆی لایەنی پەیوەندیدار و وەزارەتی ڕۆشنبیریی بۆ ئەوەی بە وردییەکی زیاتر کاریان لەسەر بکرێت و هەڵسەنگاندیان بۆ بکرێت پاشان ژمارەی سپاردنیان پێ ببەخشرێت.

تانیا فازڵ
تانیا فازڵ

تانیا فازڵ، نوێنەری دەزگای ڕۆشنبیری جەمال عیرفان، باسی لەوە کرد، کە پەرتووک سەرچاوەی بەدەستهێنانی زانیارییە و لە کاتی خوێندنەوەی هەر پەرتووکێکدا وەک ئەوە وایە گەشتێک ئەنجام بدەیت بە نێو کەلتوور و نەریتی گەلێکی دیاریکراودا، گرنگی خوێندنەوەی نووسەرانی کوردی بەرز نرخاند.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئاشناکردنی منداڵانی کوردی بە چیرۆک و نامیلکە کوردییەکان و فەرامۆشنەکردنی زمانی دایک هۆکارێکە بۆ پاراستنی نەتەوەی کورد لە لەناوچوون.

هاوناز ڕەفیق، ژنە خوێنەرێکی دیکەیە و ئەوەی خستە ڕوو، ڕێژەی خوێنەران زیادی کردووە و خوێنەران بەردەوامن لە ڕووکردنە پەرتووک، هەروەها خوێندنەوە یارمەتیدەرە لە ڕەوانبێژی و گفتوگۆکردندا تاوەکو بە شێوەیەکی ڕوونتر بدوێیت.

هاوناز ڕەفیق
هاوناز ڕەفیق

ئەو ژنە خوێنەرە جەختیشیکردەوە، کە فەرهەنگی کوردی کەمترە بە بەراورد بە پەرتووک و سەرچاوە بیانییەکان، لە کاتێکدا خوێندنەوە بە زمانی کوردی کاریگەریی دەبێت لەسەر ڕەسەنایەتی منداڵانی کورد، بە پێویستی زانی سەرچاوە و پەرتووکە کوردییەکان گرنگییەکی زیاتریان پێ بدرێت.

ش. ئـ

Comments are closed.