وەستایەک لە سۆران ٣٠ ساڵە سەرقاڵی پیشەیەکی جیاواز و دەگمەنە

سۆران

وەستایەک لە سۆران زیاتر لە ٣٠ ساڵە، سەرقاڵی چاککردنەوە و تیژکردنی مەکینە و ئامێرەکانی سەرتاشینە و یەکەمین کەسە لە کوردستان ئەو کارە دەکات، وەک خۆی دەڵێت: کارێکی ئاسان نییە، بەڵام من ئێستا بە تەواوی شارەزام و سەرتاشەکان سوودی زۆریان لە کارەکەی من وەرگرتووە.

عەلی ڕەسول خەڵکی گووندی فەقیانی شارۆچکەی ڕواندزە، ئێستا دانیشتووی شارۆچکەی سۆرانە و زیاتر لە ٣٠ ساڵە پیشە و کاری سەرەکی چاککردنەوە و تیژکردنەوەی ئامێرەکانی سەرتاشینە، دوای ٣٠ ساڵ فێری ئەوە بووە کە مەکینەی سەرتاشین تیژ بکاتەوە، ئەمەش کارێکە کە بە هەموو کەس ناکرێت و لە تەواوی شارەکانی کوردستان تەنها ئەو دەتوانێت مەکینە تیژ بکاتەوە.

عەلی دەڵێت: لە تەواوی شارەکانی کوردستان لە بادینان و گەرمیان و سلێمانی و هەولێر، تەنانەت لە شارەکانی ئێران و تورکیاش سەرتاشەکان مەکینەکانیان دەهێنن بۆ لای من تا بۆیان تیژ بکەمەوە، چونکە ئەو کارە دەگمەنە و هەموو کەسێک ناتوانێ بیکات، ئێستا سەرقاڵی ئەوەم کوڕەکەم فێری ئەو پیشەیە بکەم، چونکە نابێت ئەو پیشەیە جارێکی تر ون ببێت و هیچ کەسێک نەیزانێت.

وەستا عەلی ئەوەشی وت: تیژکردنەوەی هەر مەکینەیەک ١٠ تا ٢٠ خولەکی پێویستە، بەڵام لە سەرەتای خۆی باشتر چاکی دەکەمەوە و هیچ سەرتاشێک گلەیی لە کارەکەم نەبووە، تەنانەت خەڵکی دیکەش لە ماڵی خۆیان مەکینە و کەلوپەلەکانی تریان دەهێنن بۆیان تیژ دەکەمەوە.

جەختی لەوەش کردەوە، کە هیچ کەسێک لە شارەکانی باشووری کوردستان ئەو کارە بە تەواوی ناکات، وەستای دیکەش هەن کە دەسکاری مەکینەی سەرتاشین دەکەن، بەڵام وەک من لێی نازانن و ناتوانن ئەو کارەی من بکەن، نرخی چاککردنەوە و تیژکردنەوەی مەکینەکانیش هەرزانە، ڕۆژانە زیاتر لە ٢٠ مەکینە و کەلوپەلی تر چاک دەکەمەوە و ڕادەستی خاوەنەکانیان دەکەمەوە.

جگە لەو پیشەیە، ئەم وەستایە نیگارکێشە و دەستێکی باڵای لە هونەری وێنەکێشاندا هەیە، بە جۆرێک لە ناخی خۆیدا خەیاڵ بۆ هەرشتێک بکات دەتوانێت درووستی بکات، لە ساڵانی ڕابردوودا بەشداری چەند فیستیڤاڵێکی تابلۆ و وێنەکێشانی کردووە و توانیویەتی پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت.

ب.گ

Comments are closed.