ناوەندی هەواڵەکان
لە سەردانێکیدا سەرۆکی یەنەکە لەگەڵ بەرپرسانی تاران کۆبوەیەوە و بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی نوسینگەکەی، بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاندوە “هیوادارم پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە کاری لە پێشینەمان بێت”.
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەنەکە بە سەرۆکایەتی شاندێک دوێنێ شەممە، گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران و چاوی کەوت بە ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە و ئەمڕۆش لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کۆبووەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی نوسینگەی سەرۆکی یەنەکە، بافڵ تاڵەبانی بە بەرپرسانی ئێرانی ڕاگەیاندوە، لەبارەی پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و زاڵبوون بەسەر ئاستەنگییەکاندا بەردەوامە.
ئاماژەی بەوەشداوە، هیوادارم هەموومان لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکاندا هەنگاوبنێین و پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە کاری لەپێشینەمان بێت .
جەختی لەوەکردوەتەوە، یەکێتی بە ئیرادەیەکی بەهێز و سەربەخۆوە درێژە بە هەمان سیاسەتی هاوسەنگ و حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال دەدات و دەمانەوێت خزمەتی گەلی خۆمان بکەین.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، بڕوامان وایە دەتوانین لەگەڵ دۆستەکانمان هەماهەنگیی تەواومان هەبێت و پێکەوە لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاکاندا هەنگاوبنێین، پەیوەندییەکانیشمان لەگەڵ شیعە و کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لەو چوارچێوەیەدایە.
ئەمە لەکاتێکدایە تەنها نۆ ڕۆژ ماوە بۆ کۆتایی هاتنی وادەی چەککردنی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ئێران کە لە خاکی کوردستان چەندین ساڵە بارەگایان هەیە و بەمەبەستی چەککردنیان و گواستنەوەیان بۆ ناو کەمپێک، ئێران ڕێککەوتنێکی لەگەڵ عێراق واژۆکردوەو، عێراقیش پابەندی خۆی بۆ ڕێککەوتنی نێوانیان دوپاتکردوەتەوە .
هاوکات ساڵانێکی زۆرە ئەو هێزانە لە سنووری پارێزگای سلێمانی نیشتەجێن و بارەگایان هەیە و چەندین جار وڵاتی ئێران بە فڕۆکەی بێفرۆکەوان بارەگاکانیانی بۆردومانکردەوە و، لەئێستادا داوا لە یەنەکە دەکات وەک حزبێکی باڵادەست لە سنوورەکە کۆتایی بە دەسەڵاتیان بهێنرێت و چەکبکرێن یاخود بگوازرێنەوە بۆ کەمپێکی یەکگرتوو لە خوارووی عێراق نیشتەجێبکرێن و دووربن لە سنوورەکانی ئێرانەوە .
بەپێی هەواڵی ئاژانسەکانی ئێران، تەوەری سەرەکی گفتوگۆی بەرپرسانی باڵای ئێران لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، تەنها پرسی چەککردنی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێرانە لە خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان .
ر.س
Comments are closed.