نەخۆشیی پشیلە چییە و چی مەترسییەکی لەسەر ژنی دووگیان هەیە؟

مەهران ڕەمەزان

نەخۆشیی پشیلە لە ٪٧٠ نەخۆشییەکی بێ نیشانەیە و تووشی ئەندامە هەناوییەکان دەبێت، ژنانی دووگیانیش زیاتر مەترسیی تووشبوونی ئەو نەخۆشییەکەیان لە سەرە و کاریگەریی ڕاستەوخۆ لە سەر کۆرپەلە درووست دەکات.

نەخۆشی پشیلە (دەردە پشیلە) یه‌كێكه‌ له‌ نه‌خۆشییه‌ گوازراوەكان، سەرچاوەکەی مشەخۆرێکە بە ناوی (تەکسۆپلاسما گۆندییای)، کە لەساڵی ١٩٠٨ دەستنیشان کراوە، لە دەستەواژە پزیشکییە زانستییەکانیشدا نەخۆشییەکە بە (تەکسۆپلاسمۆسیس) ناو دەبرێت.

هۆکاری ناونانی بە نەخۆشیی پشیلە یاخود (دەردە پشیلە) ئەوەیە ئەو مشەخۆرە کاریگەریی لەسەر پشیلەکان درووست ناکات، بەڵکوو وەک ناوەندێکی گواستنەوەی مشەخۆرەکەیە بۆ مرۆڤ و ئاژەڵەکانی تر.

بێ جیاوازیی، هەردوو ڕەگەز مەترسیی تووشبوونیان لە سەرە، بەڵام بە ڕێژەیەكی زیاتر لە ژناندا کاریگەرییەکانی دەردەکەوێت و  لە ژنانی دووگیانیشدا دەبێتە هۆی لەدەستدانی کۆرپەلە یاخود ماکی نەرێنیی زگماکیی لە منداڵدا درووست دەکات، وەک هەوکردنی مێشک.

بۆ وەرگرتنی زانیاریی دەربارەی نەخۆشیی پشیلە و زیان و لێکەوتەکانی، بە تایبەت لە سەر ژنانی دووگیان و کۆرپەلەکانیان، ڕۆژنیوز چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون، ئەسرا ئیسماعیل ئەنجامدا و وەڵامی ئەم چەند پرسیارەی داینەوە:-

ئەسرا ئیسماعیل
ئەسرا ئیسماعیل

نەخۆشیی پشیلە چییە؟

سەرەتا دەربارەی نەخۆشییەکە و سەرچاوەکەی دکتۆر ئەسرا ئیسماعیل، وتی: ئەو نەخۆشییە کە ناوەکەی لەو مشەخۆرەوە هاتووە، کە مرۆڤ تووشی نەخۆشییەکە دەکات، مشەخۆرەکەش، کە نە ڤایرۆسە نە بەکتریا، لە پیسایی پشیلەدا بوونی هەیە.

مشەخۆرەکە لە ڕێگەی چییەوە بۆ مرۆڤ و ئاژەڵەکانی دیکە دەگوازرێتەوە؟

دەربارەی شێوازەکانی گواستنەوەی مشەخۆریی (تەکسۆپلاسما گۆندییای)، دکتۆر ئەسرا وتی:  بە دوو ڕێگە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ:

یەکەم: بە ڕێگەی ڕاستەوخۆ، کاتێک مرۆڤ بەرکەوتنی دەبێت لەگەڵ پشیلەدا، هیچ خۆپارێزییەک بەکار ناهێنێت، وەک دەستکێش یاخود لە دوای دەستلێدان ڕاستەوخۆ دەست ناشوات.

ڕێگای دووەم، ناڕاستەوخۆ، کاتێک پشیلە پیسایی دەکات، لە ژێر خاک دەیشارێتەوە، ئەو گیاندارانەی وەکو مانگا، بزن و مەڕ لە کاتی خواردنی گژ و گیا ئەو خاکەی پشیلەکە پیسایی لە ژێردا شاردووەتەوە دەیخۆن، ئەو مشەخۆرە، دەچێتە ناو ڕیخۆڵەی گیاندارەکان و دواتریش، کە لەلایەن مرۆڤەوە گۆشتەکەیان دەخورێت، دەگوزرێتەوە بۆ مرۆڤ و لەناو ڕیخۆڵەی مرۆڤدا دەمێنێتەوە، دەبێتە هۆی تووشبوونی بە نەخۆشیی پشیلە.

دیارترین نیشانەکانی کامانەن؟

دکتۆر ئەسرا: زۆربەی کات نەخۆشی پشیلە بێ نیشانەیە، کاتێک هەستی پێ دەکرێت لە ماوەی دووگیانیدا، کە ژنەکە تووشی “تا” ببێت یاخود سەرگێژخواردن یان هەڵئاوسانی لیمفە گرێکان و هەستکردن بە ئازار لە ماسولکەکانیدا.

لە چ ماوەیەکی دووگیانیدا دەردەکەوت، کە دایکەکە توشی نەخۆشیی پشیلە بووە؟ 

دەربارەی ماوەی دەرکەتنی نەخۆشیی پشیلە لە کاتی دووگیانیدا دکتۆر ئەسرا ئەوەی خستە ڕوو، زۆربەی کاتەکان لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا دایکان مەترسیی تووشبوونیان زیاترە، هاوکات ئەو ماوەیە ئاسانکارییە بۆ ئەوەی بزانرێت ئەو ژنە تووشی نەخۆشیەکە بووە یان نا.

ئەو پشکنیانە چین کە بۆ دیارییکردنی تووشبوون بە نەخۆشییەکە ئەنجامی دەدەن؟

ئاماژەی بە جۆری دیارییکردنی نەخۆشییەکە کرد لە دایکانی دووگیاندا و وتی: لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانییدا دایک سەردانی پزیشک دەکات، کاتێک لە ڕێگەی سۆنەر دەتوانرێت دەستنیشان بکرێت، کە توشی نەخۆشیی پشیلە بووە، یاخود نا.

نەخۆشیی پشیلە چ کاریگەریەک لەسەر تەندرووستی دایکەکە یاخود کۆرپەلەکە درووست دەکات؟

دکتۆر ئەسرا ئاماژەی بە کاریگەرییەکانی ئەو مشەخۆرە کرد لە سەر دایکی دووگیان و کۆرپەلەکەی و وتی: کاریگەری ناکاتە سەر تەندرووستی دایکەکە، بەڵام کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر تەندرووستی گەشەی کۆرپەلەکە بە تایبەت گەشەی مێشک، چاو و جگەر، زۆر جار دەبێتە هۆی دەرکەوتنی ناتەواویی و کەمئەندابوونی کۆرپەلەکە.

بۆ دڵنیابوونەوە چ جۆرە پشکنینێکی پێشوەختە هەیە؟

بۆ دەستنیشانکردنی پێشوەختە و دڵنیابوونەوە، ئەسرا ئیسماعیل ئاماژەی بەوە کرد، لە ڕێگەی ئەنجامدانی پشکنینی خوێن دەکرێت دیاریی بکرێت، یاخود پشکنینی ئاوی دەووروبەری منداڵیشەوە دەستنیشان دەکرێت.

چۆن دڵنیا دەبینەوە، لە توشبوونی دایکەکە بە نەخۆشیی پشیلە؟

ئەوەشی خستە ڕوو و وتی: لە سەرەتای سێ مانگی یەکەم ئەگەر هاتوو سێجار دایکەکە منداڵەکەی لەبارچوو، یاخود لە کۆتایی دوگیانییدا، یانیش لەدایکبوونی پێشوەختە ئەمە دەریی دەخات، کە دایکەکە بە دڵنیایەوە هەڵگری مشەخۆری (تەکسۆپلاسما گۆندییای)ە.

تەنها لە ڕێگەی سۆنەرەوە دەردەکەوێت دایکەکە توشی نەخۆشی پشیلە بووە؟

دکتۆر ئەسرا لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا وتی: بەڵێ، کاتێک دایکەکە سەردانی پزیشک دەکات، پاشان باس لە نیشانەکان دەکات ڕاستەوخۆ یەکەم جار لەلایەن پزیشکەوە پشکنینی خوێنی بۆ دەکرێت پاشانیش لە خوێنەکەی سەیری بەرگریی جەستەی دەکرێت، کە جەستەی هەستاوە بە درووستکردنی دژە تەن دژی مشەخۆرەکە، کە بە دوو جۆر جەستەی دژە تەن درووست دەکات.

یەکەم ئای جی جی، کە نیشانی دەدات دایکەکە دەمێکە توشی نەخۆشیی پشیلە یاخود مشەخۆرەکە بووە، لەم دووگیانیەیدا  زۆر کاریگەری نییە.

دووەم ئای جی ئێم، واتە دایکەکە تازە تووشی نەخۆشیەکە بووە و دەبێت زیاتر لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.

لە هەردوو حاڵەتەکەدا کاریگەرییەکەی جیاوازە لەسەر تەندرووستی کۆرپەلەکە، بۆیە دەبێت دڵنیا  ببینەوە لە قۆناغی توشبوونەکەی.

هەندێک جار دایکەکان توشی نەخۆشیی پشیلە بوون و  چاکیش بوونەتەوە نەیانزانیووە کە توشی نەخۆشییەکە بوون، ئەمە چۆن دەکرێت؟  

وتیشی: کاتێک دایکەکە بۆ یەکەم جار توشی نەخۆشییەکە دەبێت تێیدەپەڕێنن و ناشزانن، کە تووشی نەخۆشییەکە بوون، چوونکە بێ نیشانەیە و تێیان پەڕاندووە، ٧٠٪ نەخۆشی پشیلەش بێ نیشانەیە.

ئایا پیاوانیش تووشی نەخۆشیی پشیلە دەبن؟

ئەوەشی خستە ڕوو، بەڵی هەموو کەسێک تووشی نەخۆشیی پشیلە دەبێت لە هەمان ئەو ڕێگەیەی کە ژنێکی دووگیان توش بووە، پیاوانیش تووشی دەبن، لەگەڵ ئەوەشدا هەمان نیشانەیان تێدا دەردەکەوێت، بەڵام نیشانەکانی لەسەر کۆرپەلە لە سکی دایکدا زۆر کاریگەرە و دەبێت کاری لەسەر بکرێت.

کاریگەرییەکانی نەخۆشیی پشیلە لە سەر کۆرپەلە چییە؟

ئەو دکتۆرە سەبارەت بە کاریگەرییەکان باسی لەوە کرد، پێش هەفتەی هەژدەیەمیی دووگیانی ئەگەر دایکەکە توشی نەخۆشیی پشیلە ببێت، دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی ئاو لەناو مێشکیدا و قەبارەکەی گەورە دەبێت، یاخود هەوکردنی مێشکی کۆرپەلەکە و چاوی.

کەی ئەم کاریگەرییانە دەردەکەون؟

وتیشی: هەندێک کات لە کاتی دووگیانییدا و هەنێک کاتیش لە کاتی لەدایکبوونی کۆرپەلەکە، کە مێشکی منداڵەکە تەواو نییە و یاخود توشی ئیفلیجی مێشک دەبێت.

هیچ ئامارێک لەبەر دەستە بۆ گیانلەدەستدانی دایکەکە بۆ هۆکاری توشبوونی بەم نەخۆشیی پشیلە؟

لە وەڵامی ئەم پرسیارەیدا وتی: نەخێر هیچ ئامارێک بوونی نییە، چوونکە هەر کاتێک دایکان سەردانی پزیشک دەکەن تەواوی لێکۆڵینەوە لە نەخۆشیەکە دەکرێت لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە.

چۆن دایکان خۆیان بپارێزن لە توشبوون بە نەخۆشیی پشیلە؟

دکتۆر ئەسرا ئیسماعیل جەختی لە دیارترین خۆپارێزییەکان کرد و وتی: دوورکەوتنەوە لە دەست لێدان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە پشیلە، خواردنەوەی ئاوی پاک و نەخواردنی گۆشتی نەکوڵاو، نەخواردنی شیری ئاژەڵان ئەگەر باش نەکوڵێنرابێت و بەردەوام دەست شۆردن.

ش. ئـ

Comments are closed.