٤٣ ساڵە ڕژێمی فاشیزمی ١٢ـی ئەیلول خۆی نوێ دەکاتەوە لە تورکیا

ناوەندی هەواڵەکان

ئەمڕۆ پاش ٤٣ ساڵ بەسەر کودەتای سەربازیی ڕژێمی ١٢ـی ئەیلول لە ١٩٨٠، کە تێیدا نزیکەی ٦٥٠ هەزار کەس دەستگیرکران و نزیکەی ٣٠٠ هەزار کەسیان کورد بوون، سزای سێدارەیان بە سەر حەوت هەزار کەسدا سەپاند، ئەمڕۆش ئەو ڕژێمە لە بەرگی فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپەدا لە تورکیا حکومڕانی دەکات.

بە ئامانجی ئاستەنگکردن و توانەوەی ڕەوتی شۆڕشگێڕیی تورکیا بە گشتی و باکوری کوردستان بە تایبەتی، لە ١٢ی ئەیلولی ساڵی ١٩٨٠ جەنەراڵە فاشیستەکانی دەوڵەتی تورک بە سەرۆکایەتی کەنان ئەفرەن، کودەتایەکی سەربازییان ئەنجامدا و دەستیانگرت بەسەر دەسەڵاتدا، لە ڕێگای ئەو کودەتایەوە ڕژێمی فاشی ١٢ی ئەیلول، ڕەشبگیرییان دەستپێکرد و زیندانەکانیان پڕ کرد لە کەسانی شۆڕشگێڕ، ئازادییخواز و دیموکراسییخواز کە زۆربەیان کورد بوون، لەو هەڵمەتە ترسنۆکانەشدا پشکی شێر بەر لایەنگر و کادیر و پێشەنگانی پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە، کەوت.

لەو کودەتایەتدا نزیکەی ٦٥٠ هەزار کەس دەستگیر کران، کە نزیکەی ٣٠٠ هەزار کەسیان کورد بوون، ناوی ملیۆنێک و ٦٨٣ کەسیان وەک مەترسیدار تۆمار کرد، سزای سێدارەیان بەسەر حەوت هەزار کەسدا سەپاند، ٥٠ کەس لەسێدارە دران، مافی هاوڵاتیبوون لە ١٤ هەزار کەس سەندرایەوە.

٣٠ هەزار کەس بەهۆی ئەو ڕووداوانەوە تورکیایان جێهێشت و لە وڵاتانی دیکە بوونه‌ پەنابەر، ٨٥٦ کەس بە هۆی شەڕ و ئەشکەنجەوە گیانیان لەدەستدا، ٩٣٧ فیلم قەدەغەکران، دەرگای ٢٣ هەزار و ٦٧٧ کۆمەڵە و ڕێکخراو و پارتی سیاسیی داخران، نزیکەی ٣٠٠ ڕۆژنامە قەدەغەکران و هەورێکی ڕەش و تاریک باڵی بەسەر تورکیادا کێشا.

پارتە چەپەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەکران، چەپبوون وەک مەترسییەکی گەورە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا لەقەڵەمدرا و تا ئێستاش ئەو دۆخە بەردەوامە.

ئەمڕۆ ٤٣ساڵ بەسەر ئەو کودەتایەدا تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا زیندانەکانی تورکیا پڕن لە چالاکوان و سیاسەتمەدارانی کورد و ئازادییخوازان، هێشتا تیرۆر و ڕفاندن و کوشتنی بکەر نادیار سیمای دەوڵەتی داگیرکەریی تورکە، دوێنێ بە سەرمەشقی کەنان ئەڤرەن و ژەنەڕاڵە فاشیستەکانی تورکیا، ئەمڕۆش فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە، کە ئەردۆغان سەرمەشقی دەکات.

ب.گ

Comments are closed.