سلێمانی
گروپی کۆڕی شانۆیی با دوای چوار مانگ لە پرۆڤەکردن، ئەمڕۆ یەکەم نمایشی شانۆیی ” بێ تاوانی و سزا”ـی لەهۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانی نمایشکرد و بڕیارە بۆ ماوەی دوو هەفتە نمایشی شانۆییەکە بەردەوامبێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ دوای چوار مانگ لە پڕۆڤەی بەردەوام، شانۆیی (بێ تاوانیی و سزا) لە سلێمانی نمایش کرا و بڕیارە دوو هەفتە بخایەنێت، ئەمەش نوێترین بەرهەمی کۆڕی شانۆی “با”یە، کە لە دەقێکی نوسەری کورد ” بەختیار عەلی”یەوە وەرگیراوە .
بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە بینەرانی شانۆ لە هۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانی، یەکەم ڕۆژی نمایشی شانۆیی بێ تاوانی و سزا پێشوازییەکی گەرمی لێکرا و بڕیارە تاکو ٢٣ـی ئەیلول نمایشەکە بەردەوام بێت.
شانۆییەکە لە یەکێک لە دەقە ڕەسەنە ئەدەبییەکانی نووسەری دیاری کورد، بەختیار علی بە ناوی “بۆ دۆزەخ ئەی بێ گوناهان”ەوە وەرگیراوە و ڕێژەن جەمال کاری دەرهێنانی بۆ ئەنجامداوە .
لەوبارەیەوە ڕاهۆز کامەران، یاریدەدەری دەرهێنەر بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، پاش گفتوگۆکردن لەگەڵ نوسەر “بەختیار عەلی”، توانرا ناوی شانۆییەکە بگۆڕین و چوار مانگی بەردەوام لە پڕۆڤەدابووین، ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی نمایشی شانۆییەکە دەستیپێکردوە، ماوەی نمایش یەک کاتژمێر و ١٥ خولەکە.
باسی لەوەشکرد، هەشت کارەکتەر ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن، چیرۆکی شانۆییەکەش خۆی لەوەدا بەیان دەکات کە چۆن مرۆڤەکان لەنێو سیستمی دەسەڵاتداریدا ڕۆحیان تێکشکاوە و مرۆڤە بێ تاوانەکان، لەنێو ئەم دەوڵەت و سیستمەدا تەنها کاتێک جێی بایەخن کە خۆیان بە تاوانبار بزانن.
هاوکات شانۆییەکە بە دەوری کەسایەتی مستەفادا دەخولێتەوە، کە فەرمانبەرێکی ئاساییە، لە کاتێکدا لە دەوامی ڕۆژانەی خۆی دەردەچێت، لەلایەن دەزگایەکەوە دەگیرێت و دەبرێتە زیندان، کاتێكیش مستەفا پرسیار دەکات ئاخۆ لەسەر ئەوە گیراوە کە تاوانبارە؟، بەرپرسانی دەزگاکە بۆی ڕووندەکەنەوە ئەو لەسەر”بێتاوانی” گیراوە، هیچ هاوڵاتییەك نابێت هەست بە بێ تاوانیی بکات، بۆیە مستەفا ناچار دەکرێت تاوانێك بۆخۆی بدۆزێتەوە، هەر خۆیشی شایەت بۆ تاوانەکەی پەیدا بکات، لەکۆتایشدا هەر خۆی جۆری سزاکەی دیاریی دەکات .
ئەوەی جێی باسە ئەم کارە بەرهەمی بەشی شانۆیی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری سلێمانی و کۆڕی شانۆی بــــا یــە، بە هاوکاری پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی، بۆ ماوەی دوو هەفتە نمایش بەردەوام دەبێت .
ر.س
Comments are closed.