مەترسییەکانی نەخۆشی شەکرە بۆ سەر ژنی دووگیان چییە؟

ناوەندى هەواڵەکان

دکتۆر دیمەن حسێن دەڵێت: پێویستە شەكرە لە ژنانى دووگیاندا كۆنتڕۆڵ بكرێت، چونکە دەبێتە هۆى ڕێگرتن لە مەترسی لەبارچوون یان لە دایكبوونی كۆرپەلەیەكی مردوو، دەشڵێت: دەبێتە هۆى ڕێگرىی لە تووشبوونى کۆرپەلە بە هەناسەتوندی و دابەزینی ڕێژەی شەکر لە خوێنی کۆرپەلەدا.

دکتۆر دیمەن حسێن، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون و نەزۆکی، لە نووسینێکدا ئاماژە بە گرنگى کۆنتڕۆڵکردنى نەخۆشى شەکرە لە ژنانى دووگیاندا دەکات و دەقى نووسینەکەشەى بەمجۆرەیە:-

ژنانى تووشبوو بە شەكرە لە جۆری یەكەم یان دووەم لەكاتی دووگیانیدا ڕووبەڕووی كێشەیەكی دیکە دەبنەوە و مەترسی ئەوەیان بۆ زیاد دەبێت، كە ئاخۆ ئەو نەخۆشییە كاریگەریی بۆ سەر خۆیان و كۆرپەكەیان هەیە یان نا؟

بۆچی پێویستە كۆنتڕۆڵی شەكرە لە ژنانى دووگیاندا بكرێت؟

كۆنتڕۆڵكردنی ئاستی شەكرەی خوێن لە كاتی دووگیانییدا باشترین ڕێگەیە بۆ ڕێگرتن لە كێشەكانی نەخۆشی شەكرە لەسەر کۆرپەلە، کە ئەمانەن:

یەکەم– ڕێگرتن لە مەترسی لەبارچوون یان لەدایكبوونی كۆرپەلەیەكی مردوو، كە ئەوانە دوو مەترسی گەورەن لەبارەی دووگیانی و نەخۆشی شەكرەوە.

دووەم– ڕێگرتن لە مەترسییەكانی زوو لەدایكبوون، هەرچەند باشتر كۆنترۆڵی ئاستی شەكرەى خوێن بكرێت ئەگەری زوو لەدایکبوون کەمتر دەبێتەوە.

سێیەم– ڕێگرتن لە تووشبوون بە كەموكوڕی زگماكی، ئەگەر كۆنتڕۆڵی ئاستی شەكرەی خوێن بكرێت لە سەرەتای دووگیانییدا، ڕێگرییەكی زۆر لە درووستبوونی كێشەی زگماكی لە كۆرپەلە دەكرێت، بە تایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بە مێشك و بڕبڕەی پشت و دڵەوە.

چوارەم– ڕێگرتن لە زیاد گەشەكردنی كۆرپەلە، ئەگەر بە باشی كۆنترۆڵی شەكرە نەكرا، گلوكۆزی زیاد لە ڕێگەی وێڵاشەوە دزە دەكات و پەنكریاسی كۆرپەلە هان دەدات بۆ بەرهەمهێنانی ئەنسۆلینی زیاتر و ئەوەش وا دەكات، كە قەبارەی كۆرپەلە زۆر گەورە بێت و كێشەی لەدایكبوونی بۆ درووست بێت و بە لەدایكبوونی ئاسایی زیانی بەركەوێت.

پێنجەم– ڕێگرتن لە دروستبوونی كێشە بۆ دایك، كۆنتڕۆڵكردنی شەكرە مەترسییەكانی بەرزی پاڵەپەستۆی خوێن و ژەهراویبوونی دووگیانی زیاد دەكات.

شەشەم– ڕێگرتن لە كێشە بۆ كۆرپەلە، وەك هەناسە توندی و دابەزینی رێژەی شەکر لە خوێنی کۆرپەلەدا.

حەوتەم– كۆنتڕۆڵكردنی شەكرە یاریدەرە بۆ ئاستێكی ئاسایی شەكرە و كالیسیۆم و مەگنسیۆمی خوێنی كۆرپەلە و پاراستنی لە زەردوویی لە دوای لەدایكبوون.

ئـ.م

Comments are closed.