دوای سی ساڵ، بۆ وای لێھات؟

د. شێرکۆ کرمانج

تاکە یەک بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانیی لە دنیایە کە بۆ زیاتر لە سی ساڵە یەک سەربازی بێگانە لەسەر خاکەکەی نەبێت، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانیی کوردستانە، لە ھەرێم.

تاکە یەک بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانیی لەم دنیایە کە بۆ زیاتر لە حەوت ساڵ ڕۆژانە، بێگەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی داگیرکەر، نزیکەی ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ھەناردەی دەرەوەی وڵات کردبێت، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانیی کوردستان بوو، لە ھەرێم.

تاکە یەک بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانیی لەم دنیایە کە ژمارەی دانیشتووانەکەی لە شەش ملیۆن تێپەڕنەکات و زیاتر لە ٣٠٠ ھەزار چەکداری ھەبێت، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانیی کوردستان بوو، لە ھەرێم.

تاکە یەک بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانیی لەم دنیایە کە پێش ڕزگاربوونی نیشتیمانەکەی بۆ ماوەی زیاتر لە سی ساڵ خاوەنی حکومەت و پەرلەمان و دادگا و دامەزراوە ئەمنییەکانی خۆی بێت، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانیی کوردستان بوو، لە ھەرێم.

تاکە یەک بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانیی لەم دنیایە کە بۆ ماوەی سی ساڵ بێگەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی دەوڵەتە داگیرکەرەکەی مومارەسەی سیاسەتی بەرگریی و دەرەوەی خۆی کردبێت، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانیی کوردستان بوو، لە ھەرێم.

تاکە یەک بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانیی کە بۆ ماوەی زیاتر لە سی ساڵ بێ سانسۆر میدیایەکی زەبەلاحی لەبەردەستدا بوو بێت و نەیتوانی بێت گوتارێکی نیشتیمانی درووست بکات، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانیی کوردستان بوو، لە ھەرێم.

تاکە یەک بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانیی لەم دنیایە کە بۆ ماوەی زیاتر سی ساڵ بەرنامەکانی خوێندن و پەروەردەی لەبەردەستدا بووبێت و خۆی داڕێژەر و بەڕێوەبەری خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی و زانکۆ بووبێت و نەیتوانی بێت مرۆڤێکی باوەڕبەخۆ و خۆڕاگر و کورد دۆست و نیشتیمانپەروەر و خاوەن شوناس و دڵسۆزیی بۆ خاک و نەتەوەکەی درووست بکات، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانیی کوردستان بوو، لە ھەرێم.

تاکە یەک بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانیی لەم دنیایە کە ئەو ھەموو دەسەڵات و توانا و سەرچاوانەی لەبەردەستدا بووبێت و دەوڵەتێکی سەربەخۆ، یان لانیکەم، کیانێکی سیاسی خۆبەڕێوەبەری، بنیات نەنابێت، ئەوە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانیی کوردستان بوو، لە ھەرێم.

ھۆکاری ئەم شکستە زۆرە، ھەندێکیان ناوەکیی و ھەندێکیان دەرەکیی، بەڵام ئەگەر لە من بپرسن کە گرنگترین ھۆکار لە پشت ئەو شکستە چییە. ئەوە بە دڵنیاییەوە دەڵێم نەبوونی سەرکردایەتییەکی حەکیم و ڕەشیدە. سەرکردایەتییەک کە خەمی گشتیی، خەمی نەتەوە و نیشتیمان، لە پێش حیزب و بنەماڵە و گیرفان دابنێت. سەرکردایەتییەک کە لە ڕێگەی دامەزراوەکان و بە کەڵک وەرگرتن لە ڕاوێژ و ھەڵسەنگاندن بڕیار بدات نەک عەقڵی خێڵ و ڕق و توڕەیی و تۆڵە ئاراستەی بکات.

بەخۆداچوونەوە و دەست لە کار کێشانەوەی دەستەجەمعی نەک ھەر شەرم نییە، بەڵکو بڕیارێکی حەکیمانەیە.

‌‌هـ.ح

Comments are closed.