لە تورکیا و باکووری کوردستان لە نۆ ساڵدا زیاتر لە ١٧ هەزار کرێکار گیانیان لەدەستداوە

ناوەندی هەواڵەکان

بەگوێرەی ئامارەکانی ئەنجوومەنی سەلامەتی و ئاسایشی کار (ئیسیگ) لە ماوەی ٩ ساڵدا، ١٧ هەزار ٦٩١ کرێکار لە تورکیا لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە، زۆرینەی ئەو کرێکارانە کورد بوون.

لە ماوەی دەسەڵاتداری ئاکەپەدا فشارەکان لە دژی کرێکاران بەردەوامە و کرێکاران ناچارن بە کەمترین بڕە پارە کار بکەن و لە هەموو مافەکانیان بێبەش کراون، هەر بۆیە مردنی کرێکاران لەو ناوچەیە لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە، کە بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی ئەنجومەنی سەلامەتی و ئاسایشی کار (ئیسیگ) لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠٢٢ لانیکەم ١٧ هەزار و ٦٩١ کرێکار لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە.

زۆرینەی ئەو کرێکارانەی گیانیان لە دەستداوە، لە کەرتی بیناسازیدا کاریان کردووە، هەروەها کەرتی کشتوکاڵی وەرزی بە پلەی دووەم دێت کە زۆرترین کرێکار تیایدا دەبنە قوربانی.

هەر بە گوێرەی ئەو ئامارە زۆرینەی ئەو کرێکارانەی لە شارەکانی تورکیا گیانیان لە دەستداوە کوردن، ئەمە جیا لەوەی لە ماوەی ئەو نۆ ساڵەدا لە شارەکانی باکووری کوردستانیش دوو هەزار و ٥٣٨ کرێکار گیانیان لەدەستداوە، کە زۆرینەیان لە بواری کشتوکاڵی وەرزیدا کاریان کردووە.

دابیننەکردنی مەرجەکانی سەلامەتی کار لەلایەن خاوەنکار و وەبەرهێنەرەکانەوە، بە هۆکاری سەرەکی مردن لە شوێنی کار دادەنرێت.

ب. ق

Comments are closed.