ئیبراهیم ڕەئیسی: چیتر بەرگەی بوونی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لە سنوور ناگرین

ناوەندی هەواڵەكان

شەوی ڕابردوو وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ سەرۆك كۆماری ئێران كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا ئیبراهیم ڕەئیسی ڕایگەیاندووە، چیتر وڵاتەكەی تەحەمول بوونی حزبەكانی ڕۆژهەڵات لە سنوورەكانی ئێران یان لە ناوخۆی عێراق ناكات.

میدیا عەرەبییەكان سەبارەت بە سەردانەكەی فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ تاران و كۆبوونەوەی لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران، هەروەها ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە، ڕاپۆرتیان بڵاو كردووەتەوە.

ڕۆژنامەی “عەرەبی جدید” بڵاوی كردووەتەوە، شەوی ڕابردوو لە كۆبوونەوەی سەرۆك كۆماری ئێران و فوئاد حسێن، ئیبراهیم ڕەیسی پێداگری كردەوە لەسەر جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنە ئەمنییەی كە لە نێوان هەردوو وڵاتدا كراوە، سەبارەت بە چەككردنی حزبە كوردییەكانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان.

ئاماژە بەوەش كراوە، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕاپۆرتێكی سەبارەت بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ تاران پێشكەش كردووە، لەوانەش ڕێككەوتنی ئەمنی، فوئاد حسێن دەشڵێت: كۆبوونەوە بەردەوامەكانی شاندە دیپلۆماسی و بەرپرسە باڵاكانی نێوان هەردوو وڵات بەڵگەیە لەسەر بەهێزی پەیوەندییە پەرەسەندووەكانی نێوانیان.

وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لەوەش كردووە، حكوومەتی عێراق پابەندە بەڕێككەوتنەكان و ڕێگە بە هیچ گرووپێك نادات، كە خاكی عێراق بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی ئێران بەكاربهێنێت.

دوێنێ وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ هاوتا ئێرانییەكەی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە تاران ڕایگەیاند، قۆناغەكانی داهاتووی ڕێككەوتنە ئەمنییەكانی نێوان عێراق و ئێران لە ڕۆژانی داهاتوودا جێبەجێ دەكرێت، وتیشی، هاوكارییە ئەمنییەكانی نێوان عێراق و ئێران لەسەر بنەمای دەستووری عێراقە.

هـ.ئ

Comments are closed.