ناوەندی هەواڵەكان
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم شاندێكی یاوەری، وەك دوایین هەوڵ بۆ ڕزگاركردنی حكومەتە بەسەرچووەکەی لە قەیران و كێشەكان سەردانی بەغدای كرد، لەگەڵ هەرسێ سەرۆكاییەتیەكەی عێراق و زۆربەی حزب و لایەنە سیاسییەكان كۆبوویەوە، بەڵام تا ئێستا چارەنووسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نادیارە.
ماوەی نزیكەی سێ مانگە حكومەتە كاربەڕێكەرەكەی مەسرور بارزانی نەیتوانیوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەش بكات، بۆیە ئێستا بەشێكی زۆر لە فەرمانبەران و مامۆستایان بایكۆتی دەوامیان كردووە، دوێنێ شاندی هەرێم بۆ چارەسەركردنی شكستەكانی سەردانی بەغدای كرد.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری و شاندێكی یاوەری، وەك دواین هەوڵ بۆ ڕزگاركردنی حكومەتە كاربەڕێكەرەكەیان لە قەیران و كێشەكان سەردانی بەغدای كرد، لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق و زۆربەی حزب و لایەنە سیاسییەكان كۆبوویەوە.
شاندی هەرێم یەكەم كۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی حكومەتی عێراق بوو، كە لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا جەختیان لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كردەوە، بە پێی یاسا و دەستوور.
دواتر شاندی هەرێم بۆ هەمان مەبەست لەگەڵ لەتیف ڕەشید سەرۆك كۆماری عێراق كۆبوویەوە، دوای ئەوە لەگەڵ محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كۆبوویەوە، هەردوو سەرۆكایەتییەكەی عێراق پشتیوانی خۆیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان ناوەند و هەرێم دەربڕی، بەڵام تا ئێستا چارەنووسی مووچەخۆرانی هەرێم نادیارە.
دوای ئەو كۆبوونەوانە شاندی هەرێم لەگەڵ هەریەك لە نوری مالكی سەرۆكی حزبی دەوڵەتی یاسا، حەیدەر عەبادی سەرۆكی حزبی نەسر، حەمار حەكیم سەرۆكی حزبی ڕەتی حیمەی نیشتمانی، قەیس خەزعەلی سەرۆكی گروپی عەسایب ئەهل حەق، ئەیاد عەلاوی و چەند سەرۆك حزبێكی دیكە كۆبوونەوە، لە كۆبوونەوەكان تاوتوێی كێشەكانی هەرێم و ناوەند كراوە.
بەپێی میدیا ناوخۆییەكان، تا ئێستا چارەنووسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دیار نییە، چونكە لە كۆبوونەوەكاندا هیچ نووسراوێكی فەرمی یان هیچ ڕێككەوتنێكی نوێ نەكراوە، بۆ ناردنی پارەی مووچەخۆرانی هەرێم.
هە بەپێی ئەو زانیاریانەی لە میدیاكانەوە بڵاو كراوەتەوە، بڕیارە ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو حكومەتی عێراق كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجام بدات، هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیار دەدرێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێردرێت یاخود نەنێردرێت.
درەنگانی شەوی ڕابردوو شاندی حكومەتە كاربەڕێكەرەكەی هەرێم كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی سەبارەت بە سەردانەكەی بۆ بەغدا ئەنجامدا، مەسرور بارزانی وتی، كۆمەڵێك پێشنیارمان خستووەتە بەردەم سوودانی بۆ ئەوەی پشكی هەرێم و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت، هەفتەی داهاتوو بڕیار لە سەر پێشنیارەكانمان دەدات.
هەردوولا لەسەر دوو خاڵ ڕێککەوتوون ئەویش ڕێککەوتنێکی کورتخایەنە کە بەغدا بۆ ماوەى ٦ مانگی کۆتایی ئەمساڵ بڕی ٨٠٠ ملیار دینار لە پشکی هەرێم بنێرێت بۆ مووچەى فەرمانبەران، دووەمیشیان ڕێککەوتنێکی درێژخایەنە کە لە ماوەى ئەو چەند مانگەى کە ماوە گفتوگۆی بەردەوام بکەن تا دەگەنە ڕێککەوتنێکی درێژخایەن.
بڕیارە ڕۆژی یەک شەممەى داهاتوو ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق کۆبوونەوەکەى لە سێ شەممەوە پێش بخات بۆ یەک شەممە و تێیدا بڕیاری کۆتایی لە سەر ئەو دوو خاڵە بدات کە شاندی هەرێم لەگەڵ سەرۆک وەزیران و لایەنە سیاسییەکان خراوەتە ڕوو، بۆیە تا ئیستا دیار نییە چارەنووسی مووچەی هەرێم چی بەسەر دێت.
هـ.ئ
Comments are closed.