٣١ ساڵ بەسەر شەهیدکردنی دکتۆر سادق شەرەفکەندی تێدەپەڕێت

باران گەرمیانی

ئەمڕۆ، ٣١ ساڵ بەسەر شەهیدکردنی سیاسەتمەدار، ڕۆشنبیر و سکرتێری پێشووی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، دکتۆر سادق شەرەفکەندییدا تێدەپەڕێت، کە بە دەستی ڕژێمی ئێران تیرۆرکرا، ئەمەش دەبێتە دووەم سەرکردەی تیرۆرکراوی ئەو حزبە لە دوای دکتۆر قاسملۆوە، ئەمڕۆش تا دێت فشارەکانی ڕژێمی ئێران لە سەر ئەو حزبە زیاتر دەبێت و تا ١٩ـی ئەم مانگە مۆڵەت دراوە پێیان بۆ داماڵینیان لە چەک، بە پێچەوانەوە هێرشیان دەکرێتە سەر.

لە شەوی ١٧ـی ئەیلوولی١٩٩٢، کاتێک شەرەفکەندی لەگەڵ پێنج لە هاوڕێکانی لەسەر مێزێک لە ڕێستۆرانتی میکۆنۆسی شاری بەرلین دانیشتبوون، هێرش کرایە سەریان و لە ئەنجامدا شەرەفکەندی و سێ هاوڕێی شەهید بوون، ئەمڕۆ ١٧ـی ئەیلوول ٣١مین ساڵیادی تیرۆری دڕندانەی دکتۆر سادق شەرەفکەندی و هاوڕێکانییەتی، کە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە تیرۆرکران.

سادق شەرەفکەندی ناسراو بە (سەعید شەرەفکەندی) برای مامۆستا هەژاری شاعیرە، ١١ـی کانونی دووەمی ١٩٣٨ لە گوندی تەرەغەی شاری بۆکان لە دایک بووە، ساڵی ١٩٧٣ لە فەرەنسا بە دکتۆر عەبدولرەحمان قاسملۆ ئاشنا دەبێت و ساڵی ١٩٧٩ دەبێتە ڕاوێژکاری کۆمیتەی ناوەندی حزبی دیموکرات، پاش شەهیدکردنی قاسملۆ، دەبێتە سکرتێری گشتیی حزبی دیموکرات و تا کاتی شەهیدکردنی لەو پۆستەدا بوو.

دکتۆر شەرەفکەندی و هاوڕێکانیی، بۆ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەشێک لە نوێنەرانی حزبەکانی ئوپۆزیسیۆنی ڕژێمی ئێران لە ڕێستۆرانتی میکۆنوس کۆببوونەوە، لە ناکاو کەسێکی ئێرانی و دوو کەسی لوبنانی بە چەکەوە دەچنە ناو ڕێستۆرانتەکەوە و هەموویان دەدەنە بەر دەسڕێژی گولـلە، کە لە سەر مێزەکەی دکتۆر شەرەفکەندی دانیشتبوون.

فەتاح عەبدولی، هومایون ئەردەڵان و نوری دەهکوردی سێ لە هاوڕێیانی دکتۆر شەرەفکەندی و هاوکات ئەندامانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەو ڕووداوەدا شەهید بوون، دەوترێت زیاتر لە ١٠ فیشەک بەر دکتۆر شەرەفکەندی کەوتووە، تەنانەت دوو کەس لە تیرۆرکەران تەقەی ڕاستەوخۆیان لە سەری کردووە، واتا ئامانجی سەرەکی بۆ تیرۆرکردنی دەستبەجێی بووە.

بڕۆنۆ یۆست، داواکاری گشتیی دۆسیەی میکۆنۆس لەبارەی تیرۆرکردنەکەوە دەڵێت: “هەندێک بەڵگە لە بەر دەست ئێمەدا بوو، دەریان دەخست تیرۆری قاسملۆ و شەرەفەکەندی لە زۆر بواردا هاوشێوە بوون، گرنگترینیان ئەوە بوو، کە بۆ هەر دوو تیرۆرەکە یەک جۆر چەک بەکار هێنرابوو. ”

بۆ یەكەم جار لە مێژووی ئەڵمانیادا، دەوڵەت لەسەر بڕیاری دادگا وتی “دەوڵەتی ئێران دەوڵەتێكی تیرۆریستە”، بڕیاری دا ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی، سەرۆک کۆماری ئەو کاتی ئێران، عەلی فەلاحیان وەزیری ئیتلاعاتی ئەوکات، ئەکبەر ولایەتی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەوکات و سەید عەلی خامەنەیی ڕێبەری ڕژێمی ئێران وەک ئامادەکارانی تیرۆری میکۆنوس بناسێنێت.

دکتۆر شەرەفکەندی دوای دکتۆر قاسملۆ، دووەمین سکرتێری گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوو، کە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە تیرۆر کرا، حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە تیرۆربوونی دوو لە سکرتێرەکانی، دوو ڕێبەری کاریزمای مێژوویی خۆی لە دەستدا، پاش ئەو تیرۆرانە هیچ کات نەیتوانی هەستێتەوە سەر پێیەکانی، سەرئەنجام دەستیان لە خەباتی چەکداریی بەردا و لە چیاکانەوە هاتنە ناو کامپەکانی هەرێمی کوردستان و بە وتەی خۆیان ٢٠ ساڵ زیاترە یەک فیشەکیان بە ڕووی ئێراندا نەتەقاندووە.

تا ئەمڕۆش فشارەکانی ڕژێمی ئێران بۆ توانەوەی حزبی دیموکرات و حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە، لە دواین گەڕی فشارەکانیان، تا ١٩ـی ئەم مانگە مۆڵەتیان بە حزبەکانی ڕۆژهەڵات کە نیشتەجێی کامپەکانی هەرێمی کوردستانن داوە، دەبێت دابماڵرێن لە چەک و لەناو چەند کامپێکدا کۆ بکرێنەوە، لە بەرامبەردا بەشێک لە حزبانە ڕادەست بوون و ئەوانیتریش هیچ خواست و ئیرادەیەکیان بۆ بەرگریی و ڕادەست نەبوون نییە.

ب.گ

Comments are closed.