ناوەندی هەواڵەکان
حەوت ژنی زیندانی سیاسیی لە زیندانی ئەوین، بۆ پشتیوانیکردن لە ساڵڕۆژی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادیی”ـدا لە حەوشەی زینداندا دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە و ڕایانگەیاند، بەردەوام دەبین لە تێکۆشان تا ساتەوەختی سەرکەوتن.
بە بۆنەی ساڵیادی شەهیدبوونی ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادیی” ، حەوت ژنە زیندانی سیاسیی، لە ١٤ـی ئەیلوولەوە لە حەوشەی زیندانەکەدا دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە.
هەریەکە لە زیندانییان ئازادە عەبدینی، سپێدە قالیان، شاکیلا مونفەرەد، گۆلروخ ئیرای، نێرگس محەمەدی، مەحبوبە ڕەزایی و ڤیدا ڕەبانی، لە پەیامێکدا کە لەسەر هەژماری نێرگس محەمەدی، پارێزەری مافەکانی مرۆڤ بڵاو کراوەتەوە، هەڵوێستی خۆیان دەربڕی.
لەو پەیامەدا هاتووە:”ئێمە وەک ژنانی زیندانی سیاسیی لە زیندانی ئەوین لە ١٤ـی ئەیلوولەوە خۆپیشاندانێکمان لە حەوشەی زیندانەکەدا دەست پێکردووە، پشتیوانیی گەلەکەمان دەکەین و حکومەت شەرمەزار دەکەین.
ئەوەش هاتووە تێیدا: “ساڵێک بە سەر شەهیدبوونی ژینا ئەمینیدا تێدەپەڕێت، ڕق و کینەی ئێمە بەرامبەر بە شەهیدکردنی کوڕان و کچانی وڵاتەکەمان لە شەقامەکان و زیندانەکان و کوێرکردنی خۆپیشاندەران و دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدان و زیندانیی کردنی ئەوانەی بەرگریی دەکەن دەبێتە برینێک لەسەر ڕۆحمان، ئێمە ئەو پاڵنەر و باوەڕەمان هەیە کە بەردەوام دەبین لە تێکۆشان تا ساتی سەرکەوتنمان.
لە کۆتاییشدا ئاماژەیان بەوە داوە: “وەک ژنانی زیندانی سیاسیی لە زیندانی ئەوین پشتیوانی لە گەلی ئێران دەکەین، کە بۆ ئازادیی و یەکسانیی تێدەکۆشن، ناڕەزایەتی لە دژی سیاسەتی توندوتیژیی و سەرکوتکەر و دڕندانەی ئایینی دەسەڵاتدار دەردەبڕین، لە ١٤ـی ئەیلوولەوە، هاوکات لەگەڵ گەلی کورد و ئێران لە حەوشەی زیندانی بەشی ژنانی ئەوین چالاکی ئەنجام دەدەین، داوا لە هەموو ڕای گشتی و گەلانی دیموکرات دەکەین، کە ببنە دەنگی گەل و خۆپیشاندەرانی ئێران.
ب. ق
Comments are closed.