ڕژاک: ڕۆحی سەرهەڵدانی ” ژن ژیان ئازادیی” بەرز دەکەینەوە

ناوەندی هەواڵەکان

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان ڕژاک ڕایگەیاند، بۆ کۆتایی هێنان بە زیهنییەتی پیاوسالاریی و ڕێگریکردن لە توندوتیژیی دژ بە ژنان، ئێمە، بەڵێنی بەردەوامییدان و بەرزکردنەوەی ڕۆحی سەرهەڵدانی “ژنان  ژیان  ئازادیی” و تێکشکاندنی ستەمی دەوڵەت دەدەین.

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- ڕژاک، لە یەکەم ساڵڕۆژی شەهیدبوونی ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادیی”، ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی ڕژاکدا هاتووە، سەرهەڵدانی “ژن ژیان ئازادی” کە ساڵێکی پڕ لە ئێش بوو، قوربانی و سەرکەوتنی زۆری لە دوای خۆی بەجێهێشت، لە سەرەتادا ئەم سەرهەڵدانە لە ڕێبەر ئاپۆ پیرۆز دەکەین و لە کەسایەتی ژینا ئەمینی، لە تەواوی ئەو ژنانەی کە لە ڕێگای ئازادییدا گیانیان بەخت کردووە و لە هەموو مرۆڤێکی ئازادییخواز پیرۆز دەکەین.

ئەوەش هاتووە تێیدا، زۆر ژنی پێشەنگ لە مێژوودا بۆ پاراستنی بەها، ئیرادە و ئازادیی خۆیان دەرکەوتن، وەک بەردەوامبوونی ئەم هێڵەی ژنانی بەناوبانگ و فەرماندە پێشەنگەکانی ئازادیی، کە سەریان بۆ ستەم، پیاوسالاریی و دەسەڵاتداریی نەوی نەکرد و بوون بە ترووسکەیەک بۆ ئەو ژن و کۆمەڵگایانەی کە لە تاریکیدا دەژیان، ژینا ئەمینیش بۆ ئازادیی خۆی وەکو ژنێک سەری بۆ ڕقی مێژوو و فاشیستان نەوی نەکرد، ئەوەشی دەزانی کە بۆ ئازادیی ئەوە نرخێکی گرانە، بەڵام هەڵوێستێکی جوامێرانەی پیشاندا، ئەو هەستە فیداکارییانەی کە ئیلهامی لە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ وەردەگرت پیشاندا.

ئاماژەیان بەوەشداوە، شەهیدکردنی ژینا ئەمینی نرخێکی زۆر گران بوو، هەرچەندە بە ئازار بوو، بەڵام ئەو ڕۆحی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادیی” بەرز کردەوە و لە هەموو جیهاندا بڵاوی کردەوە و ڕۆحێکی یەکگرتووی لە دژی فاشیزم و دەسەڵاتداریی بنیات نا، سەرهەڵدانی “ژن ژیان  ئازادیی”بوو بە مانیفێستۆیەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا.

لە کۆتاییشدا تێیدا هاتووە، بۆ کۆتایی هێنان بە زیهنیەتی پیاوسالاریی و ڕێگرییکردن لە توندوتیژیی دژ بە ژنان، ئێمە وەک ڕێکخراوی ژنانی ئازادیی کوردستان- ڕژاک، بەڵێنی بەردەوامیدان و بەرزکردنەوەی ڕۆحی سەرهەڵدانی “ژنان  ژیان  ئازادی” و تێکشکاندن لە دژی ستەمی دەوڵەت دەدەین.

ب. ق

Comments are closed.