ناوەندى هەواڵەکان
پەرلەمانتارێکى عێراق ڕایگەیاند، ھێشتا بڕیاری پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمى بە بازرگانە بچووکەکان نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوەش یەکێکە لە ھۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار بەرامبەر دینار، دەشڵێت، باشترین ڕێگەچارە ئەوەیە بڕیاری پێدانی دۆلار بە بازرگانە بچووکەکان بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە تا بە خێرایی بتوانن دۆلار بە نرخی فەرمى بەدەست بخەن.

نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە فراکسیۆنى یەنەکە، بە میدیاکانى حزبەکەى ڕاگەیاندووە، بڕیاری پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمى بە بازرگانە بچوکەکان بە ژمارەیەک کار ئاسانیی لە ڕێگەی سەکۆی ئەلیکترۆنییەوە، ھێشتا لە قۆناغی ئەزمونییدایە لە بەغدا و بە تەواوی نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەو پەرلەمانتارە باسى لەوەش کردووە، ئەگەر بڕیارەکە بە تەواوی جێبەجێ بکرێت لە سەرجەم پارێزگاکان، ئەوا کاریگەری دەبێت لە سەر بەھای دۆلار، کە لە ئێستادا بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە.
نەرمین مەعروف ئاماژەى بەوەش کردووە، ھۆکارێکی سەرەکی بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار خواستی زۆرە لەسەر دۆلار لەلایەن بازرگانانەوە لە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو، بۆ ھاوردەکردنی ئەو کاڵا خۆراکییانەی ڕۆژانە ھاوڵاتییان پێویستیانە.
لە کۆتاییدا وتوویەتى، داواکردنی دۆلار لە سەکۆی ئەلیکترۆنی و وەرگرتنی، ڕەزامەندی و ڕێوشوێنی خۆی ھەیە و کاتی پێویستە، بۆیە باشترین ڕێگەچارە ئەوەیە بڕیاری پێدانی دۆلار بە بازرگانە بچووکەکان بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە تا بە خێرایی بتوانن دۆلار بە نرخی فەرمى بەدەست بخەن.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەى چەند مانگێکە بەهاى دۆلارى ئەمریکى لە بازاڕەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان بەرامبەر دینارى عێراق بە شێوەیەکى بەرچاو بەرز بووەتەوە، بە جۆرێک لە ئێستادا ١٠٠ دۆلار بەرامبەر ١٥٦ هەزار و ١٥٠ دینار ئاڵوگۆڕی پێ دەکرێت و ئەوەش نیگەرانى هاوڵاتییانى بەدواى خۆیدا هێناوە.
ئـ.م
Comments are closed.