لە مەخموور ساڵیادی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادیی” بەرز ڕاگیرا

ناوەندی هەواڵەکان

لە کامپی پەنابەرانی مەخموور ژنان بە خۆپیشاندانێک، یەکەمین ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی “ژن ژیان ئازادیی” و شەهیدبوونی ژینا ئەمینیان بەرز ڕاگرت و ڕایانگەیاند، ئێمە لە یەکەمین ساڵیادی شۆڕشدا ئامانجمان باشترکردنی ڕێکخستن و یەکێتی ژنانە.

دوێنێ لە پارکی ٤ـی نیسان لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی-مەخموور، ژنان بە پێشەنگایەتی ئەنجوومەنی عەشتار، لە یەکەمین ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادیی”ـدا گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.

لە سەرەتادا ڕوکەن تونج بە نوێنەرایەتی ژنانی کامپەکە ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو، ساڵانێکە سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە بە ئەقڵییەتی پیاوسالاریی هەوڵی لەناوبردنی واتای ‘ژن، ژیان، ئازادیی’ دەدات، بەڵام لەم شۆڕشەدا پەیوەندی نێوان ژن و ژیان جارێکی تر واتادار بووەوە، ‘ژن، ژیان، ئازادیی’ ئێستا لە درووشمێک زیاترە، وەک فەلسەفەی شۆڕش، فەلسەفەی ژیان و تەنانەت ڕێنسانسێکی نوێ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاو بووەتەوە.

ئەوەش هاتبوو تێیدا: ئەگەر ئەم شۆڕشە بە سەرکردایەتی ژنان دەستی پێنەکردایە، بەو ڕادەیە بڵاو نەدەبووەوە، چونکە ژن پێشەنگی کۆمەڵگا و ڕەنگی ژیانە، کاتێک سەرهەڵدان بە پێشەنگایەتی ژنان ڕوویدا، هەمووان جێگەی خۆیان لە شۆڕشدا گرت، پیاوانیش ڕوویان لە گۆڕەپانەکان کرد، هەمووان لە خوێندنگە و زانکۆکان چوونە ڕیزی شۆڕشەوە.

نوێنەری ژنانی مەخموور ئاماژەی بەوەش کرد، ڕاستی درووشمی ‘ژن، ژیان، ئازادیی’، کە چەندین ساڵ پێش ئێستا لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە بڵاو کرایەوە، ساڵێک لەمەوبەر و لە ڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆدا بووە هاواری ئازادیی و سەرچاوەی گەشترکردنی تێکۆشانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئێران و ژنانی جیهانیش.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا وتی: ئێمەی ژنانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕوستەم جودی، ئامانجی سەرەکیمان لە یەکەمین ساڵیادی شۆڕشدا بەهێزکردنی بەڕێکخستنبوون و یەکڕیزیی ژنانە، ئێمە ساڵانێکە لەو پێناوەدا تێکۆشان دەکەین و قوربانی قورس دەدەین، پێویستە ئەو کەسایەتییەیی شۆڕشی هێنایە ئاراوە بیپارێزین و شۆڕش گەشتر بکەین، لەسەر ئەو بنەمایە هەموو شەهیدانی شۆڕشی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ بە ڕێز و پێزانینەوە یاد دەکەینەوە و بەڵێن دەدەین تێکۆشانیان گەشتر بکەین.

هەروەها چالاکییەکە بە درووشمەکانی “بێ سەرۆک ژیان نابێت، بمرێ داگیرکاریی، ژن ژیان ئازادی” کۆتاییهات.

ب. ق

Comments are closed.