ڕووسیا شەش فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی ئۆكراینی خستە خوارەوە

ناوەندی هەواڵەكان

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا بڵاوی كردەوە، شەوی ڕابردوو سیستەمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەكەی شەش فرۆكەی بێ فڕۆكەوانی ئۆكراینی لە ئاسمانی مۆسكۆ و دوورگەی كرم خستە خوارەوە، ئێستا ئۆكراین زیاتر مۆسكۆی پایتەخت و دوورگەی كرم دەكاتە ئامانج.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا سەبارەت بە خستنە خوارەی چەند فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی ئۆكراین لە وڵاتەكەی لە تلگرام ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە تلگرامەوە بڵاوی كردووەتەوە، شەوی ڕابردوو كاتژمێر 10:45 هەروەها كاتژمێر 1:45 بەرەبەیان دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئۆكراین لە ئاسمانی ناوچەی سترینسكی مۆسكۆ و چوار فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی دیكە لە دوورگەی كرم خراونەتە خوارەوە.

سێرگی سۆبیانین، سەرۆكی شارەوانی مۆسكۆ لە تەلەگرام بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان، ئەو دوو فڕۆكە بێ فڕۆكەوانە لە نزیك مۆسكۆ خراوەتە خوارەوە هیچ زیانێكی گیانی لە شوێنی كەوتنە خوارەوەكە نەبووە، تیمە خزمەتگوزارییە فریاگوزاریەكان لە شوێنی ڕووداوەكە كار دەكەن بۆ هەڵگرتنی پاشماوەی ئەو فڕۆكانە.

زیاتر لە ساڵێكە شەڕ و ئاڵۆزیی لە نێوان ڕووسیا و ئۆكراین بەردەوامە، هەردوو وڵات هەموو هێزی سەربازیی خۆیان دژی یەكتر بەكار دەهێنن، چەندین جار ڕووسیا ناوەندی كیێڤی پایتەختی ئۆكراینی بۆردوومان كردووە، ئۆكراینیش ناوبەناو لە ڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە هێرش دەكاتە سەر مۆسكۆ.

هـ.ئ

Comments are closed.