سەرباری ڕێگرییەکان لە باکوور شۆڕشی “ژن ژیان ئازادیی” بەبیر هێنرایەوە

ناوەندی هەواڵەکان

لە یەکەمین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادیی”دا، سەرباری ڕێگرییەکانی دەوڵەت، بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ژنانی ئازاد-تەجەشە، لە چەند شارێکی باکووری کوردستان چالاکایی ئەنجامدرا و ڕاگەیەندراو خوێندرانەوە.

دوێنێ، لە هەریەکە لە شارەکانی وان و مێردینی باکووری کوردستان، سەرباری ڕێگرییەکانی پۆلیسی دەوڵەت، بە بەشداری ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتییان، چالاکوانان، کەسایەتییە دیارەکان، سیاسەتمەداران و پەرلەمانتاران، چالاکییەکی جەماوەری بۆ یادکردنەوەی ساڵڕۆژی ژینا ئەمینی و شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادیی” بەڕێوەچوو.

لە شاری وان، سەرباری ئەوەی پۆلیس بە تۆما و زرێپۆش ئەو پارکەی گەمارۆدابوو کە ژنان دەیان ویست تێیدا گرد ببنەوە و یادی ژینا و شۆڕشی “ژن، ژیان ئازادیی” بکەنەوە، بەڵام بە بەشداریی بەرچاوی هاوڵاتییان لە پارکی”دابائۆغلوی بێشیۆلا” چالاکییەکە ئەنجام درا.

هەر لە درێژەی چالاکییەکەدا “گوڵجان کاچماز سایگیت” پەرلەمانتاری وان ئاماژەی بەوە کرد، درووشمی “ژن، ژیان، ئازادیی” بە پێشەنگایەتی ژنانی کورد سەری هەڵدا، بۆتە شۆڕشێکی گردوونیی، وتیشی: “وەک چۆن لە کەسێتی ژینادا، پایەکانی ڕێژیمی ئێران لەرزین، ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە و سیاسەتە زایەند پەرستییەکانی بە پێشەنگایەتی ژنانی کورد و تورک لەناو دەچن.

هەروەها لە ناوچەی قۆسەری ماردین چالاکیی ئەنجامدرا و ڕاگەیاندراوێک خوێنرایەوە.

دایکانی ئاشتی لە مێردین، پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان- دەبەپە، پارتی دیموکراتیکی گەلان-هەدەپە، پارتی چەپی سەوز، پەرلەمانتارانی پارتی چەپی سەوز، بێریتان گونەش و کاموران تانهان، بەشداری چالاکییەکە بوون لە گۆڕەپانی ئازادیی.

ئایسەل ئەیاڤ هاوسەرۆکی هەدەپە لە ناوچەی قۆسەر وتی: بینیمان ژنان لە کۆڵان و گۆڕەپانەکان دەست لە بەرخۆدان هەڵناگرن، هەروەها گونەش پەرلەمانتاری پارتی چەپییش وتی: “لە هەبوونی ژنان دەترسن”.

ب. ق

Comments are closed.