ناوەندی هەواڵەکان
دەوڵەتی داگیرکەریی تورک و پەدەکە لە برادۆست ئامادەکاریی دەکەن بۆ هێرشکردنە سەر گەریلا و بە ناوی پاسەوانی سنوورەوە هێزێکی زۆریان بە چەکی قورسەوە بردووەتە ناوچەکە و تا کاتژمێر ٠٤:٠٠ـی ئەم ئێوارەیە مۆڵەتیان بە خەڵکی ناوچەکە داوە، کە چۆڵی بکەن و پێیان وتوون شەڕ ڕوو دەدات، بەم هۆیەوە نزیکەی دوو هەزار خێزان ئاوارەبوونە.
ئەو هێزە زۆرەی پەدەکە، کە لە ١٣ـی ئەم مانگە لەگەڵ هێزەکانی پاسەوانی سنووری ژێر دەسەڵاتی خۆیان، بە زیاتر لە ٢٠٠ زرێپۆش و تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازیی و چەکی قورس و زیاتر لە هەزار چەکدارەوە بەرەو کوێستانەکانی برادۆست ڕۆشتن، لەوێ جێگیر بوون.
سەرەتا ئەم هێزە لە ژێر ئاڵای عێراقدا و بە ناوی پاراستنی سنوورەوە لە ناوچەکە جێگیربوون و نزیک بوونەوە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، کە گەریلا دەیانپارێزێت، پاشان لە شەوی رابردووەوە دەستیان بە ئامادەکاریی کردووە بۆ هێرشکردنە سەر گەریلاکانی ئازادیی لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە سنوورەکە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، دوێنێ شەو نزیک کاتژمێر ١٠:٠٠ـی شەو، چەکدارانی پەدەکە لە ڕێگەی موختار و ڕیش سپی و سەرۆک عەشیرەت و کەسایەتییە دیارەکانی ناوچەکەوە، کۆچەریی و جوتیار و گوندنشینانی کوێستانەکانی برادۆستیان ئاگادار کردووەتەوە، بە تایبەتی ئەو ناوچانەی نزیکن لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیاوە، کە بە زووترین کات چۆڵی بکەن چونکە شەڕ ڕوودەدات.
ئەو سەرچاوە تایبەتە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: پەدەکە تا کاتژمێر ٠٤:٠٠ـی ئەم ئێوارەیەی دیاری کردووە بۆ چۆڵکردنی ناوچەکە، کە هەموو کوێستانەکانی ( کێلەشین، شەکیف، خواکورک، بەربزین، بۆڵێ، هۆڕنێ، لۆلان، مێرگەمیر) دەگرێتەوە و کە نزیکەی دوو هەزار ماڵ و خێزانی تێدا دەژین، تەنها لە کێلەشین نزیکەی ٥٠٠ ماڵ دەژین، زۆرینەیان کۆچەرین و ئاژەڵدارن و ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچە گەرمەکان و جوتیارەکانیش سەدان دۆنم زەوییان داچاندووە بەڵام ناچارکراون کە چۆڵی بکەن و جێیبهێڵن.
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، چەکدارانی پەدەکە بە خەڵکەکەیان ڕاگەیاندووە، تا کاتژمێر ٠٤:٠٠ـی ئەم ئێوارەیە مۆڵەت هەیە و دەبێت چۆڵی بکەن، لەوە بەدوا هەموو ڕێگاکان دادەخرێت، چونکە شەڕ دەست پێدەکات و ناوچەکە تۆپباران و بۆردوومان دەکرێت، ئەو ناوچانەش بەشێکیان دەکەونە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا کە گەریلاکانی ئازادیی دەیانپارێزن و بەشەکەی تریشی زۆر نزیکە لە هەرێمەکانی گەریلاوە.
بە گوێرەی زانیاریی چەند سەرچاوەیەکی تایبەت، پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکەریی تورک پلانیان داناوە دوای چۆڵ کردنی ناوچەکە، بە ناوی پاسەوانی سنوور و لە ژێر ئاڵای عێراقدا، سوپای داگیرکەریی تورک بهێننە ناوچەکە و هەموو کوێستانەکانی برادۆست داگیر بکەن و هێرش بکەنە سەر گەریلاکانی ئازادیی لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا.
هەروەها، بەهۆی ئەم سیاسەتەی پەدەکە و دەوڵەتی داگیرکەریی تورکەوە، نزیکەی دوو هەزار ماڵ و خێزان لە سنوورەکەدا ئاوارە دەبن و تووشی زەرەر و زیانێکی گەورە دەبن.
ب.گ
Comments are closed.