مەرزییە  فەریقی ئەو ژنەی لە دەنگیدا شۆڕش و عەشقی ئاوێزانی یەک کرد

مەهران ڕەمەزان

ئەمڕۆ ١٨ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ژنە هونەرمەندی کورد مەرزییە فەریقیدا تێدەپەڕێت، بە دەنگ و ئاوازەکانی لە هونەرەکەیدا  شۆڕش و عەشقی ئاوێزانی یەک کرد.

ناوی تەواوی مەرزییە شەھاب عەبدوڵا-یە، لە ساڵی ١٩٥٨ لە شاری مەریوانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی ھەر لە مەریوان تەواو کردووە.

مەرزییە ، لە کۆتایی ساڵانی ١٩٧٠ دا دەچێتە شاری سنە و خوێندنی ئامادەیی تەواو دەکات و  وەک مامۆستا لە گوندێکی نزیک شاری مەریوان دەستبەکار دەبێت و لە ساڵی ١٩٧٨ لە گەڵ ھونەرمەندی ناسراوی کورد “ناسری ڕەزازی” ژیانی ھاوسەری پێکدەھێنیت.

سەرەتای تێکەڵبوونی بە دونیای ئاواز و هونەر بۆ قۆناغەکانی سەرەتای خوێندنی دەگەڕێتەوە، هەر لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە بەشداری بۆنە و چالاکییە هونەرییەکانی خوێندنگەکەی کردووە و بەهرەکانی نیشان داوە.

لە ساڵی  ١٩٨٠ کاتێک دەوڵەتی ئێران فشارەکان بۆ ناوچە کوردییەکان زیاد دەکات، مەرزییە ڕوو دەکاتە چیاکانی کوردستان و لەوێ لەگەڵ ناسری هاوسەریدا درێژە بە خەباتی پێشمەرگەیاتی دەدات، هاوکات مەرزییە لە هونەر دانەبڕاوە و بە دەنگە ئەفسوناوییەکەی خزمەتی هونەر و شۆڕشیشی کردووە.

لەگەڵ تیپی مۆسیقیی ” کۆڕی بانگەوازی کۆمەڵە” یەکەمین کاریی هونەریی لە چیا تۆمار کردووە، کە سروودێکە بە ناوی “پێشمەرگە”  و بووەتە وێردی سەر زاری کۆمەڵانی پێشمەرگە و خەڵک و ڕادییۆ کوردستانییەکان.

پاش چوار ساڵ لە خەبات و لە ساڵی ١٩٨٥دا ئەم خێزانە وەک پەنابەر ڕوویان لە وڵاتی سوید کردووە.

مەرزییەی فەریقی ڕۆژی ١٨ی ئەیلوولی  ٢٠٠٥ لە وڵاتی سوید کۆچی دوایی کرد، لەسەر وەسیەتی خۆی تەرمەکەی ھێنرایەوە بۆ باشووری کوردستان و لە سلێمانی لە گردی شەھیدان بە خاک سپێردرا.

مەرزییە، یەکەمین ھونەرمەندی ژن بوو لە گۆرانیەکانیدا خەمی ژنی ھەڵگرت بوو بۆ خەم و ئازار و مەینەتیەکانی ژن گۆرانی دەوت و گوزارشتی لە ستەم و چەوسانەوەی ژن دەکرد و وەدەنگ ھاتبوو دژ بە سیستەمی دواکەوتوانەی پیاوسالاریی و داب و نەریتی کۆنە پەرستانەی کۆمەڵگەی کوردی ئەو یاخی بوو لە بیرکردنەوەی باوی کۆمەڵگە.

مەرزییە توانایەکی بێ وێنەی لە شێوازی گۆرانی وتندا ھەبوو، زۆر بە باشی دەیتوانی خۆی لە چینە بەرزەکان بدات، زۆر بە جوانی گەمە بە تۆنە میوزیکیەکان بکات و ئاوێتەی ئاواز و تێکستی گۆرانییەکانی بێت.

ئەو ھەمیشە وەک ھونەرمەندێکی بە ئەزموون و پڕ ئیستاتیکای و ژنە ھونەرمەندێکی بەرگ کوردی، بۆنە نیشتمانی و جیاوازەکانی دەڕازاندەوە.

ش. ئـ

Comments are closed.