ئێران داوای لە دەوڵەتی تورك كردووە لە سووریا بكشێتەوە

ناوەندی هەواڵەكان

وەزیری دەرەوەی ئێران بڵاوی كردەوە، لە دواین كۆبوونەوەی هەر چوار وڵاتی ئێران، سووریا، ڕووسیا و توركیا لە مۆسكۆ، پێشنیارمان بۆ توركیا كردووە لە خاكی سووریا بكشێتەوە، چونكە سووریا خۆی توانای پاراستنی سنوورەكانی هەیە.

حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە هەوڵەكانیان بۆ ڕێككەوتنی نێوان دەوڵەتی داگیركەریی تورك و سووریا بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە.

لە بەیاننامەكەدا هاتووە، لە دواین كۆبوونەوەی هەر چوار وڵاتی ئێران، سووریا، ڕووسیا و توركیا لە مۆسكۆ، پێشنیارێكمان خستووەتە ڕوو بۆ ئەوەی توركیا و سووریا ڕێك بكەون، ئەویش كشانەوەی هێزەكانی توركیایە لە خاكی سووریا.

ئاماژەی بەوەش كرد، دەسەڵاتدارانی سووریا بە ئێرانیان ڕاگەیاندووە، كە توانا و ئامادەكاریی پێویستیان هەیە، بۆ ئەوەی ئاسایشی سنوورەكانیان لەگەڵ توركیا لە ناو خاكی سووریاوە بپارێزن.

ڕوونیشی كردەوە، پێشنیازمان كردووە سەرەتا توركیا پابەند بێت بە كشانەوەی هێزە سەربازییەكانی لە خاكی سووریا، دواتر سووریا پابەند بێت بە بڵاوەپێكردنی هێزەكانی لەسەر سنوور بۆ ئەوەی سنوورەكان پارێزراو بن، دەشڵێت: ئێران و ڕووسیا لەم ڕێككەوتنەدا ناوبژیوان و شاهیدی بەڵێنەكان دەبن.

جێگای ئاماژەیە، دەوڵەتی داگیركەریی تورك چەندین ناوچەی لە ڕۆژئاوای كوردستان و سووریا داگیر كردووە، بەردەوام ناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستان بۆردوومان دەكات و هاوڵاتییانی مەدەنی دەكاتە قوربانی.

هـ.ئ

Comments are closed.