ناوەندی هەواڵەکان
ناو و بڵێسەی ژینا و شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادیی” بەردەوامە و تا دێت زیاتر دەنگ دەداتەوە، هەموو جیهان لەو ساڵڕۆژەدا بۆ یادکردنەوە و دووبارە زیندووکردنەوەی شۆڕش لەسەر پێن و چالاکی ئەنجام دەدەن.
لە دوای بەرخۆدانی کۆبانێ، کە قارەمانێتی ژنانی شەڕڤانی کورد هەموو جیهانی سەرسام کرد، شەهیدبوونی ژینا ئەمینی و شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادیی” بە پێشەنگایەتی ژنی کورد، دووبارە جیهانی کردووەتەوە بە یەک دەنگ و هەڵوێست و هەمووان بۆ پشتیوانی کردن لەو شۆڕشە چالاکی جۆراو جۆر ئەنجام دەدەن.
ساڵێک تێدەپەڕێت بەسەر شەهیدبوونی کچە کوردی سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ژینا ئەمینی، کە وەک بروسکەیەک چەخماخەی شۆڕشێکی دژی ستەمکاریی لێدا و بووە سمبولی بەگژداچوونەوەی دەسەڵاتی سەرکوتکار.
جیهان و وڵاتانی ناوچەکە بە چالاکی و وتنەوەی درووشم، یادی ژینا دەکەنەوە و ژیلەمۆی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادیی” جۆش دەدەن.
هەر لەو یادەدا، لە شارەکانی تۆرۆنتۆ، مۆنتریال، ئۆتاوا، کالگاری، ڤانکۆڤەر، ڤیکتۆریا و ئێدمۆنتۆن-ی وڵاتی کەنەدا ڕێپێوان ئەنجام درا و درووشمی “ژن، ژیان، ئازادیی” بەرز کرایەوە.
لە هەمان ڕۆژدا، لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، بە دەستپێشخەری کۆلکتیڤی ژن ژیان ئازادیی، بە بەشداری هەر یەک لە کژار و ماڵی گەل لە بەریتانیا و کۆنگرەی جڤاکی ئازاد، تەڤگەری ئازادیی لە بەریتانیا و هەروەها پژاک لەگەڵ پارتی بەلوچ و ژنانی ئەنتەرناسیۆناڵ و کۆمەڵێک کەسایەتی ئازادییخوازی گەلانی ئێران گردبوونەوەیەک ئەنجامدرا.
ئەڵمانیاش، لە زۆربەی شارەکانی چالاکی و گردبوونەوە ئەنجامدرا، لەوانە، هامبۆرگ، فرانکفۆرت، گۆتنبێرگ ڕێپێوان یادەکە کرایەوە.
هاوکات لە وڵاتانی، ئیتاڵیا، فەرەنسا، نیوزلاند، ئوستراڵیا، سوید، نەرویج، دانیماک، سکۆتلاند، قوبرس، و بەشێکی ویلایەتەکانی ئەمریکا چالاکی ئەنجامدرا و پەیامی ئازادیخوازان بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاڕاستە کرا.
ئێوارەی ئەمڕۆش بڕیارە چالاکییەکان بەردەوامی هەبێت و لە چەند وڵات و ناوچەیەکی دیکەی جیهان گردبوونەوە دژی دەسەڵاتدارانی ئێران ساز بکرێت.
ش. ئـ
Comments are closed.