سۆران
پیشەوەر و خاوەن کارگە و جوتیارانی سۆران گرنگی بە بەرهەمی خۆماڵیی و ناوخۆیی دەدەن لە دژی هاوردەکردنی بەرهە دەرەکییەکان و دەڵێن: گەر حکومەت هاوکارییمان بکات هێندە بەرهەمی خۆماڵی زیاد دەکەین پێویستمان بە هاوردەکردنی هێچ نەبێت لە دەرەوە.
لە چوارچێوەی فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەكانی سۆران بە مەبەستی زیاتر گرنگییدان بە بەرهەمی خۆماڵی، چەندین پیشەوەر و جوتیار و خاوەنكار بەرهەمە خۆماڵییەكانیان نمایش كرد و لەبارەی زیادبوون و پەرەسەندنی بەرهەمە خۆماڵییەکانەوە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

ڕابەر جەلال خاوەنی كارگەیەكی بەرهەمهێنانی سرووشتییە و دەڵێت: ئەو كاڵایانەی كە لای ئێمە هەیە هەمووی سرووشتین و خۆمان درووستی دەكەین، ئەوەش هەمووی لەو بەرهەمە خۆماڵییانەیە كە لەلایەن جوتیارانی كوردەوە دەچێنرێت، بۆیە هەر چەند بەرهەمی خۆماڵیی زیاد بێت ئەوا كاڵای نوێ و بەرهەمی نوێی سرووشتیی و خۆماڵیی ڕوو لە زیادبوون دەكەن، بۆیە گرنگە جوتیارانی ئێمە هاوكارییان بكرێـت بۆ زیاتر پەرە پێدان بە بەرهەمە خۆماڵییەكان.
ڕابەر دەشڵێت: ئەو كاڵایانەی درووستیان دەكەین سابوون و چەندین كرێم و ڕۆن و داودەرمانی دیكەی سرووشتیی و بنێشتن، كە سەرجەمیان لە بەرهەمە خۆماڵییەکان درووست دەکرێن و ئەگەر حكومەت هاوكار بێت ئەوا دەتوانین پەرە بە بەرهەمەكانمان بدەین و هەناردەی دەرەوەی وڵاتیشی بكەین و بە پێچەوانەوە هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەکی ڕابگرین.

نەزیرە ئیسماعیل یەكێك لەو ژنانەی سنووری سۆرانە، كە خاوەنی كارگەیەكی شیرینییە و دەڵێت: هەموو ئەو كاڵایانەی لای ئێمە هەیە سەرجەمی بەرهەمی خۆماڵییە و جیاوازە لەو كاڵاو بەرهەمانەی كە لە دەرەوەی وڵات هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت، بۆیە گرنگە بۆ دەستكەوتنی ئەم كاڵایانە بەرهەمی كشتوكاڵیی پەرەی پێ بدرێت و حكومەت هاوكاری جوتیاران بكات.
نەزیرە ئاماژە بەوەش دەكات، كە لە كاتی شیرینی درووستكردندا لە كارگەكەی هەر لە ئاردەوە كە كوردییە تا هەنگوین و گوێز و بادەم و فستق هەمووی بەرهەمی دەستی جوتیارانی كوردە و خۆیان لە دەستی جوتیاران دەكڕنەوە و دەیكەن بە شیرینی و كاڵای دیكە كە ڕۆژانە لە بازاڕەكان بەردەستن.
ب.گ
Comments are closed.