كۆمسیۆن بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی ١٠٨ لایەنی سیاسی بۆ هەڵبژاردنەكان

ناوەندی هەواڵەكان

بەڕێوەبەری گشتیی بەشی كاروباری حزبە سیاسییەكان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، بەرێوەبەرایەتییەكەیان بڕیاریداوە بە دوورخستنەوەی ١٠٨ لایەنی سیاسیی لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا، بەهۆی نەبوونی بارەگای ڕاستەقینە و چەند هۆكاریكی تر.

هێمان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی بەشی كاروباری حزبە سیاسییەكان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەبارەت بە دوورخستنەوەی كۆمەڵێك هێزی سیاسی لە هەڵبژاردنەكان و هۆكارەكانی، بۆ میدیا ناوخۆییەكان دەدوێت.

هێمان تەحسین ڕایگەیاند، بەرێوەبەرایەتییەكەمان بڕیاریداوە بە دوورخستنەوەی ١٠٨ لایەنی سیاسیی لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا، ئەو بڕیارە بەهۆی پێشێلكارییە یاساییەكانی لایەنە سیاسییەكانەوە بووە، لەوانەش نوێ نەكردنەوەی ساڵانەی لایەنەكانیان لە كۆمسیۆن، نەبوونی بارەگای ڕاستەقینە، نەبوونی پەیڕەوی ناوخۆ و ئەنجام نەدانی كۆنفرانسی حزبیی، دوو ساڵ جارێك یان کۆنگرەی چوار ساڵ جارێك.

ئاماژەی بەوەش كرد، ئەم پێشێلكارییانە وایكرد كە كۆمسیۆن نەتوانێت بە پێی یاسا مامەڵە لەگەڵ سەرۆكی حزب یان سكرتێری گشتیی ئەو لایەنانە بكات، دەشڵێت: ئەو لایەنە سیاسییانە مافی ئەوەیان نییە كاندید بۆ هەڵَبژاردنەكانی داهاتوو پێشكەش بكەن.

حكومەتی عێراق ١٨ـی كانوونی یەكەمی ئەمساڵی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق دیاری كردووە، هەروەها پاڵپشتی بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانیش دووپات كردووەتەوە، ئەو لایەنە سیاسییانە ناتوانن بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی ئەمساڵ بكەن.

هـ.ئ

Comments are closed.