وەزیری دەرەوەی چین سەردانی ڕووسیا دەكات

ناوەندی هەواڵەكان

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین بڵاوی كردەوە، وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی لە ١٨ تا ٢١ـی ئەم مانگە سەردانی ڕووسیا دەكات، لەگەڵ هاوتا ڕووسییەكەی كۆ دەبێتەوە و گفتوگۆی دۆسییە ئەمنییەكانی نێوان هەردوو وڵات دەكەن.

ماو نینگ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین سەبارەت بە سەردانی وانگ یی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی بۆ ڕووسیا بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە.

لە بەیاننامەیەكدا هاتووە، لەسەر بانگهێشتی نیكۆلای پاتروشێڤ سكرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیا، وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین لە ١٨ تا ٢١ـی ئەم مانگە سەردانی ڕووسیا دەكات.

ئاماژە بەوەش كراوە، ئەم سەردانە بۆ ئەنجامدانی ١٨مین خولی ڕاوێژكارییە ئەمنییە ستراتیژییەكانی نێوان چین و ڕووسیایە، هەروەها بڕیارە وەزیری دەرەوەی چین بە جیا لەگەڵ هاوتا ڕووسییەكەی كۆ ببێتەوە .

پێشتر ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو، وەزیری دەرەوەی چین لە ١٨ـی ئەیلول سەردانی ڕووسیا دەكات، دانوستان لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئەنجام دەدات.

هەفتەی پێشوو كیم جونگ ئون سەرۆكی كۆریای باكوور سەردانی ڕووسیای كرد و لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆكی ڕووسیا لە شاری كۆسمۆدرۆمی ڤۆستۆچن كۆ بووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا پوتن وتی: دەتوانین یارمەتی كۆریای باكوور بدەین لە درووستكردنی مانگی دەستكرددا.

هـ.ئ

Comments are closed.