سۆران
چاودێرانی سیاسییی هۆشداری دەدەن لەوەی، کە بە پیلانی تورکیا و ئێران، شەڕێکی ماڵوێرانەکەر بەڕێوەیە و گۆڕەپانەکەشی خاکی کوردستانە، کە هەڕەشە لە قەوارەی هەرێم دەکات و مەترسی هەڵوەشاندنەوەی لەسەرە، بانگەوازیی لە لایەنە کوردییەکان دەکەن یەکدەنگ و یەکڕیز بن.
دوابەدوای فشار و هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ چەککردنی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە دوای هاتنی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، لە ئێستادا ئێران و تورکیا هەڕەشە لە باشووری کوردستان دەکەن و دەوڵەتی داگیرکەریی تورک و پەدەکە لە برادۆست ئامادەکاریی دەکەن بۆ هێرشکردنە سەر گەریلا بە ناوی پاسەوانی سنوورەوە.
لەمبارەیەوە بەشێک لە چاودێرانی سیاسیی لە باشووری کوردستان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

هیوا سەید سەلیم چاودێری سیاسیی لەمبارەیەوە بە ڕۆژنیوزی وت: ئەوەی دەگوزەرێت لە هەرێمی کوردستان مەترسی گەورە و جدییە، تورکیا لە ناوچەکەیە و ئێرانیش هەڕەشە دەکات، ئێران ئەو ماوەیەی دیاری کردبوو بۆ چەککردنی هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەواو بووە، ئەگەر هێزەکانی ڕۆژهەڵات چەک دانەنێن ئەوا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دەکات.
وتیشی: جارێکی تر شەڕی ماڵوێرانەکەر بەڕێوەیە و گۆڕەپانەکەش خاکی کوردستانە، ئەمەش مەترسی هەیە بۆ سەر قەوارەی هەرێم و لە ژێر هەڵوەشانەوە و هەڕەشەی جددی دایە، یەکدەنگیی کوردەکانی ڕۆژهەڵات ئەوەمان پێ دەڵێت، کورد پێویستی بە یەکدەنگیی هەیە لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە، بۆ ئەوەی ئەو مەترسییە بە جددی وەرگرین دەبێت هەموومان بە هەڵوێستی نیشتیمانیی ڕووبەڕووی ئەو پیلانە ببینەوە، کە لەلایەن تورکیا و ئێران ڕووبەڕووی گەلی کوردستان دەبێتەوە.

هەڵۆ حەسەن چاودێری سیاسی و جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی شەشی سۆرانی یەنەکە دەڵێت: خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد لەپێناو ڕزگاریی و سەربەخۆییدا گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار، هەر کاتێک لە مێژوودا یەکڕیزییمان کەوتە مەترسییەوە بێگومان مەترسی لەسەر ئەزموون و شۆڕش و نەتەوەکەمان زۆر دەبن، بۆیە دەبێت لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لە هەر چوارپارچەی کوردستان هەوڵبدەن بۆ داڕشتنی ستراتیژییەتێکی هاوبەشی دوور مەودا لە پێناو هێشتنەوەی پرسی نەتەوەی کورد بە زیندوویی.
هەروەها وتیشی: بێگومان دەسەڵاتی کوردی لە باشوری کوردستان بەرپرسیاری یەکەمە لە ئاست ئەو کێشە و کەموکورتیانەی کە ڕووبەڕووی نەتەوەی کورد دەبێتەوە ، چ لە باشوری کوردستان و چ لە پارچەکانی دیکە دەسەڵاتی سیاسی بە تایبەت ئەو هێزەی کە زۆرترین دەسەڵاتی لەدەستدایە بەرپرسی یەکەمە لە ئاست درووستبوونی ئەو دۆخە مەترسیدارە ، ئەگەر بە خێرایی کورد بە خۆیدا نەچێتەوە ئەوا جارێکی دیکە تووشی هەڵدێران دەبێتەوە.
ب.گ
Comments are closed.