هاوپەیمانی ساحل لە نێوان سێ وڵاتدا پێکهێنرا

ناوەندی هەواڵەکان

هاوپەیمانی ساحل پەیماننامەیەکە، کە ڕێگە دەدات بە کارکردنی پێکەوەی هەر سێ وڵات، مالی، بورکینا فاسۆ و نەیجەر لە دژی هەر هەڕەشەیەکی سەربازیی و دەستدرێژییەکی دەرەکی بۆ سەریان.

ڕۆژی شەمە، ‘هاوپەیمانی ساحل’ لە نێوان مالی، بورکینا فاسۆ و نەیجەر واژۆ کراوە، کە ئامانج لێی یارمەتیدان و هاوکاریکردنی ئەو وڵاتانەیە لە ئەگەری هێرشکردنە سەریان.

ئاماژە بەوەش کراوە، کە “هەر هێرشێک بۆ سەر سەروەریی و یەکپارچەیی بۆ سەر هەر لایەنێکی پەیوەست بە هاوپەیمانێتییەکەوە [واتای] دەستدرێژییە بۆ سەر لایەنەکانی تر.”

هەروەها هەرسێ وڵاتیش بەوپەڕی توانایانەوە پابەندن بە کارکردنی پێکەوەیی و ڕێگرییکردن لە هەر یاخیبوونێکی ناوخۆیی و هەر دەستدرێژییەکی دەرەکی.

لەو بارەیەشەوە، عەسیمی گۆیتا، سەرۆکی سەربازی مالی لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند: “ئەمڕۆ پەیماننامەیەکم واژۆ کردووە لەگەڵ سەرۆکەکانی وڵاتانی نەیجەر و بورکینا فاسۆ بۆ پێکهێنانی ‘هاوپەیمانێتی ساحل’، بە ئامانجی دامەزراندنی بەرگرییەکی پێکەوەیی و هاوکاریکردنی یەکتری.”

لای خۆیەوە، عەبدوڵا دیۆپ، وەزیری بەرگری مالی بە ڕۆژنامەنووسانی وت، کە هاوپەیمانێتییەکە هەوڵێکە لە پێناو یەکخستنی هەوڵە سەربازیی و ئابوورییەکانی نێوان سێ وڵات و ئەرکی لە پێشینەشمان بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە.

شایەنی باسە، پاش کودەتا سەربازییەکان و لابردنی ئەو سەرۆک و کاربەدەستانەی دۆستی فەڕەنسا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بوون، هەڕەشەیەکی جددی لە سەر مالی، بورکینا فاسۆ، نەیجەر درووست بوو، بە جۆرێک کە، لە لایەن ئێکۆواس (ئەنجومەنی وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەفریقا) ئابڵوقەی ئابووریان بەسەردا سەپێنرا و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی سەربازییان دەکرد لە دژیان.

ب.گ

Comments are closed.