کۆیە
چوار خێزانی كوردی خەڵکى ڕۆژئاواى کوردستان، كە ژمارەیان ٢٠ كەسە لە نێوان بازگەی تۆبزاوا و دێگەڵە گیریان خواردووە و ڕێگەیان پێ نادرێت بچنە ناو هەولێر، وەک خۆیان دەڵێن، داواکارین لایەنە پەیوەندیدارەکان بە هانامانەوە بێن چونکە لە دۆخێکى زۆر خراپداین و منداڵى بچووکمان لەگەڵە.
چوار خێزانی كوردی خەڵکى ڕۆژئاواى کوردستان، كە ژمارەیان ٢٠ كەسە لە نێوان بازگەی تۆبزاوا و دێگەڵە گیریان خواردووە و ماوەى شەو و ڕۆژێکە ڕێگەیان پێ نادرێت بچنە ناو هەولێر.
لەو بارەوە، نوری ڕەشید، یەكێكە لەو كەسانەی، كە رێگەیان لێ گیراوە و بۆ ڕۆژنیوز وتى، لە پاش ئەوەى عەفرین لەلایەن تورکیاوە داگیر کرا، ئێمە ڕوومان لە تورکیا کرد و لەوێش بەهۆى ڕوودانى بومەلەرزەکەوە بێ ماڵ بووین و توركیا ئێمەى ڕەوانەی ئێران كرد دواتر ئێرانیش ئێمەی ناردە کامپى عەربەت لە سنوورى سلێمانی.
ئاماژەى بەوەش کرد، بەڵام لە كامپەکەى عەربەت پێیان وتین جێگامان نیە و ئەوانیش ئێمەیان نارد بۆ هەولێر لێرەش لە بازگەی دێگەڵە رێگەیان پێ نەداین بچینە هەولێر، چونكە ئێمە مافى پەنابەرى هەرێمی كوردستانمان نییە و لە ئێستاشدا بارودۆخى ژیانمان زۆر خراپە شەو و رۆژێكە لەسەر شەقام دەمێنینەوە.
نوری ڕەشید باسى لەوەشکرد، داواکارم بمانگوازنەوە بۆ كامپێك یان شوێنێكی نیشتەجێبوون، لەبەر ئەوەی لەم چۆڵەوانیە هیچ شتێك بۆ خواردن و خواردنەوە دەست ناكەوێت.
هەروەها، عادل مەحمود یەکێکى دیکەیە لەو خێزانانە و دەڵێت، منداڵی ساوامان پێیە و هیچ شتێك نییە بیخۆن و منداڵەكانمان خەریكە دەمرن بەهۆی برسیەتی و گەرما و لە ئێستاشدا رێگامان لێ گیراوە و كەس بەهانامانەوە نایەت.
مەولیدە سلێمان، کە دایكی منداڵێكی ساوایە و ئاماژە بەوە دەکات، منداڵەكەم زۆر نەخۆشە و داوا دەكەین بە هانامانەوە بێن، لەو شوێنە چۆڵە بەبێ ئاو و خواردن خەریكە دەمرین.
جێگەى ئاماژەیە، ئەو خێزانانە لە نێوان كۆیە و دێگەڵە لە نزیك گوندی باوەقوب گیریان خواردووە و وەک خۆیان دەڵێن، لە بارودۆخێكی خراپدان داوا دەكەن حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدەم كێشەكەیانەوە بچن.
ئـ.م
Comments are closed.