مەهران ڕەمەزان
ڕێکخراوێکی نوێ لە ڕێگەی پڕۆژە و خولە پەروەردەییەکانیییەوە هەوڵدەدات مێژووی کەلتووریی و کەلەپووریی گەلی کورد، لە ڕێگەی تێکەڵکردنی هونەر و تەکنەلۆژیا بپارێزێت و ئاشنای بکات بە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە.
مێژوو، کەلتوور و کەلەپوور سەلمێنەری دێرینی گەل و شووناسی نەتەوەن، بۆیە پاراستن و کۆکردنەوە و ناساندنی بە نەوە نوێکان و توێژەکانی کۆمەڵگە، کارێکی گرنگ و بەرپرسیارانەیە.
لەم سەردەمەی ئەمڕۆشدا کە تەکنەلۆژیا بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی زۆرینەی تاکەکان، ئامڕازێکی کاریگەرە بۆ پاراستن و گێڕانەوەی ڕووداوەکانی مێژوو، هەر بۆیە “ڕێکخراوی کەلەپووری کەلتووریی”، درکی بەو گرنگییە کردووە و هەنگاوی کردەیی لە بواری بە دیجیتاڵکردنی کەلەپوور دەستی پێکردووە.
ڕێکخراوی کەلەپووری کەلتووریی، “ڕێکخراوێکی ناحوکمیی فرە پسپۆڕیی و ناپسپۆڕیی کەلەپووری کەلتوورییە”، بنکەی سەرەکی لە شاری سلێمانییە و هاوبەشی تۆڕی نەهرەیینە، پڕۆژەیەکی هەماهەنگیی نێوان زانکۆکانی یو سی ئێڵ و ئۆکسفۆردی بەریتانیە لە هەرێمی کوردستان، لە بواری تەکنەلۆژیادا خاوەنی چەندین دەستپێشخەرییە.
لە ئێستادا ڕێکخراوەکە لە ١٠ ئەندام و دەستەی بەڕێوەبەریی پێکدێت،کار دەکات لەسەر تۆمارکردن و گێڕانەوەی ڕووداوە کەلتووریی و مێژووییەکانی کوردستان، لە ڕێگەی سوود وەرگرتن و پشتبەستنی تەواو بە تەکنەلۆژیا.
لە گرنگترین ئەو پڕۆژانەی ڕێکخراوەکە ئەنجامیداوە، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیایە بۆ گێڕانەوەی مێژووی کورد بە گشتی و ئەو ژنانی ئیزدیی بە تایبەتی.
“وەک من هەست بکە” یەکێکە لەو پڕۆژانە، کە بە تێكەڵکردنی تەکنەلۆژیا و هونەر، چیرۆک و بەسەرهاتەکانی ژنانی ئێزدی، کە بەدەستی چەتەکانی داعش بەسەریان هاتووە دەگێڕێتەوە، بە شێوەیەکە ئاوێتەت دەکات لەگەڵ ڕووداوەکان و دەتباتە ناخی قوربانییەکانەوە.
ئامانج لە درووستکردنی “وەک من هەست بکە”، گێڕانەوەی بەسەرهات و نەهامەتییەکانی ژنانی ئێزدییە، کە بەهۆی هێرشی چەتەکانی داعش بەسەریان هات، هەروەها بەرەنگاربوونەوەی بڵاوکرنەوەی گوتار و ڕەفتاری ڕق ئامێزانەیە بەرامبەر کۆمەڵگەی ئێزدی.
دکتۆر ڕۆژین کەمال لەگەڵ ئەوەی مامۆستای زانکۆیە، سەرپەرشتیاری گشتی ڕێکخراوی کەلەپووری کەلتوورییە، ڕۆژانە لە کارگەی کەلتووری شاری سلیمانی خولی ڕاهێنان و پەروەردەیی بۆ گەنجان دەکاتەوە و وانەیان پێ دەڵێتەوە.
بێستون عوسمان، لێپرسراوە بەشی ڕاگەیاندن لە ڕێکخراوی کەلەپووری کەلتووریی دەڵێت: ڕێکخراوی کەلەپووری کەلتووریی لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان، تەکنەلۆژیای دجیتاڵی بەکار دەهێنێت بۆ توێژینەوە، پەرەپێدان و ڕاهێنان لە بواری کەلەپووریی و کەلتوورییدا.
وتیشی: ڕێکخراوی کەلەپووری کەلتووریی بە هەماهەنگی نێوان زانکۆکانی یو سی ئێڵ و ئۆکسفۆردی بەریتانی، پڕۆژەیەکی دەست پێکردووە لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای داهێنەرانەوە ڕاستی ڕووداوەکان بە شێوەی “وێنەی خەیاڵی” دەخاتە بەرچاوی خەڵک.
بێستوون عوسمان و تابین لەتیف، لێپرسراوی بەشی پلاندانانە چەند پڕۆژەیەکی ڕێکخراوەکەیان بۆ باس کردین و ڕوونکردنەوەیان لەبارەوە دا.
سەرەتا تابین باسی لە ئەپلیکەیشنی “وەک من هەست بکە” کرد و وتی: مافی خاوەندارێتی بیرۆکە و دیزاینەر و پەرەپێدەری ئەپلیکەیشنەکەی هەیە، بیرۆکەکەش بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی قسەی ڕەق بەکار دەهێنرێت، کاتێک بەرامبەر کۆمەڵگەی ئێزدی بەکاردەهێنران لە ساڵی ٢٠٢٢دا.
هەروەها یەکێک لە بەرنامەکانی تریان، کە لە ڕێگەی مۆبایلەوە دەکرێت، چەند تابلۆیەکی بەردەرکی سەرای شاری سلێمانیە بە ناوی “سەرا بدوێنە”، کاتێک لە ڕێگەی شاشەی موبایلەوە سکانی تابلۆکە دەکەیت کەسایەتیەکی مێژووی کورد دێتە سەر شاشەکە و باسێکی ناساندن، چیرۆکێکی بەردەرکی سەرای شاری سلێمانی دەکات.
هاوکات بێستون عوسمان، پڕۆژەیەکی دیکەی ڕێکخراوەکەی باس کرد و وتی: یەکێکی تر لە پڕۆژەکان “چاویلکەیەکی تەکنەلۆژیە” کاتێک دەیکەیتە چاوت شاشەیەکت نیشان دەدات، کە تێدا مێزێک دانراوە و چەند کاغەزێک خراوەتە سەر مێزێکە، یەکێک لەو پەڕانە هەڵدەگریت و کەسایەتیەکی کورد باسێکی چیرۆک و مێژووی بەردەرکی سەرای شاری سلێمانی دەکات.
ش. ئـ
Comments are closed.